حکومەتى هەرێم پێدانى موچە بە وەرگرتنى ڤاکسین دەبەستێتەوە

ڕاپۆرت

18/01/2022‌ 1982 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڤاکسین وەرنەگریت مووچە نیە " ئەمە ئەو فەرمانەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر مووچەخۆرانی خۆی سەپاندوویەتی، مەرجی دابەشکردنی مووچەی بەستووەتەوە بە وەرگرتنی ڤاکسینەوە.

 لە دوای بڕیارەکەی حکومەت، وەزارەتی پێشمەرگە وەک یەکەم وەزارەت فەرمانەکەی خستە بواری جێبەجێکردنەوەو داوای کرد لە سەرجەم پێشمەرگەو ئەفسەر و پلەدارانی وەزارەتەکەی کە لە ماوەی سێ رۆژداو تا ٢٠ی مانگ لە نزیکترین بنکە ڤاکسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی یاساییان لەگەڵ دەکرێت و موچەکانیان ڕادەگیرێت.

ئەم بڕیارەی حکومەت کە تایبەتە بە ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی حکومەتەوە کاردانەوەی شارەزایان و چالاکانی لێکەوتۆتەوەو پێیان واتە حکومەت ستەمێکی نوێ لە فەرمانبەران دەکات بە ناوی وەرگرتنی ڤاکسینەوە.

ئەو کەسانەی باس لەو بابەتە دەکەن و ڕەخنەیان لێگرتوە باس لەوە دەکەن کە موچەو شایستەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی حکومەت بابەتێک نییە حکومەت بتوانێت بە ڕێنمایی و بڕیار دەستکاریی بکات چونکە بە یاسا رێکخراوەو پەیوەستە بە خزمەتی فەرمانبەرانی دەوڵەتەوەو هیچ کەس و لە هیچ سەردەمێکدا نابێت دەستکاریی بکات، بەڵام گرتنە بەری رێکارەکان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی حکومەت گوێ لەو ڕەخنانە نەگرێت و بریارەکانی خۆی لە سەرو یاساوە ببینێت.

بڕیاری ناچارکردن بە وەرگرتنی ڤاکسین تەنها لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا، حکومەت دەیەوێت بەزۆر خەڵک ناچاربکات بە وەرگرتنی ڤاکسین، بەڵام، بەو شێوازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان توند نیە، هەڕەشە لە راگرتنی قوتی رۆژانەی هاوڵاتیەکانی بکات، لەو وڵاتانە بڕیاری ناچارکردنی ڤاکسین لە چوارچێوەیەکدا ماوەتەوە کە دەوڵەت بڕیاری داوە هیچ کارێکی فەرمانگەو کەرتە جیاوازەکان نەکات بۆ هاولاتیان تا خاوەنی کارتێک نەبن کە بیسەلمێنێت ئەو هاولاتیە ژەمەکانی ڤاکسینی وەرگرتوە، بە نمونە ئێستا لە هەندێک وڵات بە جۆرێک مامەڵە دەکریێت کە تکتی سوار بونی پاسێک لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر پێویستی بە هەبونی کارتی ڤاکسینە، بەڵام لە هیچ شونێکی دونیا نەگەشتۆتە ئەو ئاستە هەڕەشە لە قوتی هاولاتیان و فەرمانبەران بکرێت لە بەرامبەر وەرگرتن یان وەرنەگرتنی ڤاکسیندا.

ئەم بڕیارە لەرووی یاساییەوە، دوو بۆچوونی جیاوازی لەسەرە، یەکەم، بەرژەوەندی گشتیە، کە تاک ناچار دەکات بۆ ئەوەی ملکەچی بەرژەوەندیە گشتیەکان بێت.

ئەگەرێک دروست دەبێت، ئەویش ئەوەیە،  ئەو تاکەی کە ناچار دەکرێت، لەبەرژەوەندی گشتی کردارێک ئەنجام بدات زیانی پێگەیشت، دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە؟ لێرەشدا دوو رووانگەی تر دێنە پیشەوە، یەکێکیان دەڵێت بەڵێ دەبێت، قەرەبوو بکرێتەوە، چوونکە تاکیش بەشێکە لەبەرژەوەندی گشتی، رووانگەیەکی تر دەڵێن، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی گشتی رەهەندێکی نیشتیمانی هەیە، پیویست بە قەرەبوو کردنەوە ناکات هەموو مرۆڤێک پێویستە قوربانی بۆ نیشتیمان بدات.

بۆچوونی دووەم، دەڵێن، نەخێر بۆ دیکتاتۆریەتی تەندروستی...، ئەوانەی ئەو بۆچونەیان هەیە دژی بڕیارەکانی حکومەت وەستاونەتەوە، دەڵێن، جەستە، موڵکی تاک خۆیەتی و دەبێت مرۆڤ ئازادی خۆی هەبێت بۆ ئەوەی ڤاکسین وەبگرێت یان رەتی بکاتەوە.
حکومەت مافی ئەوەی نیە هیچ تاکێک ناچار بکات، ببێتە بریکاری جەستەی مرۆڤ و بڕیاری لەبارەوە بدات.

لە وڵاتانی دونیا بە گشتی، هەردوو بۆچوونەکە، هەیە، بۆچوونی یەکەم کەسانێکن لە ریزی وەرگرتنی ڤاکسینەکاندا وەستاون و چاوەڕوانن نۆرەیان بێت و ژەمە ڤاکسینێکیان پێبدرێت، ئەمەیان لەگەڵ بۆچوونی حکومەت هاو ئاراستەن و حکومەتیش شوێنی کردۆتەوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریان پێشکەش بکات.

لەلایەکی ترەوە، لە شەقامەکانی شارە گەورەکانی وڵاتانی ئەوروپی وەک بەریتانیا و فەرنسا، پێکدادانی پۆلیس و خۆپیشاندەرانە، حاڵی شەقامی شارەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا باشتر نیە و دەڵێن رەزامەندنین حکومەت دیکتاتۆریەتی تەندروستیمان بەسەردا بسەپێنیت، دەبێت بڕیاری لەو جۆرە کاری پێنەکرێت چونکە ئێمە خۆمان بڕیار لە چارەنوس و تەندروستی خۆمان دەدەین .

لە وڵاتی کوەیت، حکومەت پێنجشەممەی رابردوو، بڕیاریدا هەر هاوڵاتیەک دوو ژەم ڤاکسینی وەرنەگرتبێت، رێگەی پێ نادەن گەشت بکات.

ئەم بڕیارە خەڵکی کوەیتی نیگەران کرد، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، بەناونیشانی " نەخێر بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ئازادیەکانمان، نەخێر بۆ پێدانی ڤاکسین بەزۆر، خۆم بڕیار لە لاشەی خۆم دەدەم" ، بەشێک لە هاوڵاتیان رەتیان کردەوە بڕۆنە ژێرباری بڕیارەکەی حکومەتی کوەیت.

ئەی لە کوردستان دۆخەکە چۆنە و هەڵوێستی حکومەت و هاولاتیان چییە؟ لە کوردستان ئەوانەی بڕوایان وایە کە ڤاکسین وەربگرن کارێکی باشە، روویان لە بنکەکان کردووە، بەڵام بە پێی هەموو ئامارەکان ئەوانەی تا ئێستا ڤاکسینەکەیان وەرگرتوە نەگەشتۆتە ڕێژەی لەسەدا ٢٠ی هاوڵاتیان.

بەشی دووەمی خەڵکی کوردستان، کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، بریتین لە خەڵکێکی زۆری بێدەنگ، نە بەئاشکرا رەتی دەکەنەوە ڤاکسین وەربگرن و وەک وڵاتانی پێشکەوتوو، نە دەڕۆنە بنکەکانی پێدانی ڤاکسین، ڤاکسینەکەیان وەربگرن.

حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەم بێدەنگیە و بێهەڵوێستیەی خەڵکی بەهەند وەرگرتووە و رۆژ بە رۆژ ئازادیەکانیان بەرتەسک دەکاتەوە، فشاریان لەسەر قورستر دەکات بۆ ئەوەی بڕۆن ڤاکسین وەربگرن، کار گەشتۆتە ئەوەی بە هەڕەشەی بڕینی موچەکانیان هەوڵی ناچارکردنی هاولاتیان و فەرمانبەران بە وەرگرتنی ڤاکسین بدات لە کاتێکدا کە ڕێگەی تر زۆر هەیە بۆ بە نیشتمانی کردنی هەڵمەتی وەرگرتنی ڤاکسین و بە شیێوەیەکی خۆکرد وا لە تەواوی کۆمەلگە بکرێت هەموو ڤاکسین وەربگرن نەک بە هەڕەشەی بڕینی موچەو قوتی ماڵ ومنداڵیان.