ڕاگەیه‌نراوێک لەوەزارەتی پێشمەرگەوە

کوردستان

22/01/2022‌ 3035 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئیدانه‌ى په‌لاماره‌كه‌ى داعش بۆسه‌ر هێزه‌كانى سوپاى عێراق ده‌كات‌و داواى كارى پێكه‌وه‌یی سوپاو پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان ده‌كات، ده‌شڵێت:"دۆخی ئێستای ناوچەکەو دەرکەوتنەوەی چالاکییە تیرۆریستیەکان‌و زیندبونەوەی شانە نوستوەکان مەترسیەکی هەستپێکراوە".


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ڕایگه‌یاندوه‌، "بەتوندی ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆرستییەی چەکدارانی داعش بۆ سەر سوپای عێراق دەکەین کە بەهۆیەوە کۆمەڵێک لەجەنگاوەرانی فیرقەی یەکی سوپای عێراق لەناحیەی (عوزێم) لەپارێزگای دیالە، شەهیدبون، بەردەوامیی ئەم کردەوانە، ئەرکمان لەپێکەوەیی‌و بەردەوامی هەمەهانگی‌و هاوکارییەکان لەڕاوەدونانی تیرۆریستان زیاتر دەکات". 

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌باره‌ى دۆخى ئێستاوه‌ هۆشداریداوه‌و ده‌ڵێت:"دۆخی ئێستای ناوچەکەو دەرکەوتنەوەی چالاکییە تیرۆریستیەکان‌و زیندبونەوەی شانە نوستوەکان مەترسیەکی هەستپێکراوەو هەماهەنگی‌و ڕۆڵبینینی سوپای عێراق‌و هێزەکانی پێشمەرگە بەدیاریکراوی لەناوچانەی بۆشایی ئەمنیان هەیە، پێویستیەکی هەنوکەییە". 

جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کارە تیرۆریستییە، داوادەکەین پێداچونەوەو ڕێوشوێنی جدی بگرێتەبەر بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان‌و کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر لەپێناو ڕاوەدونان‌و تێکشکاندنی تەواوەتی شانە نوستوەکانی تیرۆریستان". 

ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌كاتێكدایه‌، بەرەبەیانی دوێنێ هەینی چەکدارانى داعش لەگوندی تەڵعەی سەر بەشارەدێی عوزێم لەپارێزگای دیالە، هێرشییانكرده‌سه‌ر سەنگەرێکی سریەی یەکی فەوجی یەکی لیوای دوی سوپای عێراق‌و به‌هۆیه‌وه‌ 11 سەربازو ئەفسەری سوپای عێراقیان کوشت، دواتریش بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتن.

ش.هـ