گازی هەرێمی کوردستان لەنێوان سەرکێشی‌و مامەڵەی دروستدا

ڕاپۆرت

21/04/2022‌ 1525 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماوەی چەند مانگێکە لەتەواوی جیهان گازی سروشتی بوەتە بابەتی گەرمی ململانێکان‌و ناکۆکی سەرتاسەری لەنێوان جەمسەرە سەرەکیەکانی ململانێ جیهانیەکان هێناوەتە ئاراوە.

لەهەرێمی کوردستان‌و عێراقیش بەهەمانشێوە گازی سروشتی بوەتە بابەتی گەرم‌و جێ ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان‌و حکومەتی هەرێم‌و عێراقی فیدراڵ.

ئەم باسە تەنها لەچوارچێوەی عێراقدا نەماوەوتەوەو هەردوو جەمسەرە هەرێمییە خاوەن بەرژەوەندیەکانی هێناوەتە قسەو جوڵەی کردەیی کە کۆماری ئیسلامی ئێران‌و دەوڵەتی تورکیای دراوسێی عێراقن.

هەردوو وڵات بەئاراستەی جەمسەربەندیە جیهانیەکان لەململانێیەکی توندان بۆ کۆنترۆڵکردنی گازی هەرێمی کوردستان‌و عێراق.

تورکیا هەموو هەوڵێکی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی گازی هەرێمی کوردستان وەک نەوتەکەیی‌و لەڕێگەی ڕێککەوتنێکی درێژخایەنەوە کۆنترۆڵبکات‌و بیکاتە ماڵی خۆیی‌و لەبەرژەوەندی یەکێتی ئەوروپاو بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ئەوروپا بەکاری بهێنێت‌و بیکاتە کارتێکی فشار بۆ جیبەجێکردنی داواکاریەکانی.

لەلایەکی ترەوە ئێران بەهەموو هێزی سیاسیی‌و سەربازیی خۆیەوە دژی ئەو خواستەی تورکیاو هەنگاوەکانی ڕادەستکردنی گازەکە بەتورکیا دەوەستێتەوە بەجۆرێک کە سڵ لەموشەکباران‌و هێرشی ڕاستەوخۆ ناکاتەوە بۆسەر هەرێمی کوردستان.

لەم نێوەندەدا هەرێم کەوتۆتە نێوان دوو بەرداشی بەهێزی ناوچەیی‌و ئەگەر بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا نەکات دورنییە ببێتە مایەی سەرئێشەیەکی توند بۆی کە ڕەنگە تا لێواری هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم یان داگیرکاری بەشێک لەخاکی هەرێم کۆتایی بێت لەلایەن هەریەک لەو دوو جەمسەرەی ململانێکەوە.

لەهەفتەی ڕابردودا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەردانێکی کتوپڕو کورت سەردانی تورکیای کردو لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبۆوە، ئەگەرچی تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە باسکردن لەئامادەکاریی‌و دەستپێکردنی لەشکرکێشیەکانی تورکیا بوو بۆ نێو خاکی هەرێم، بەڵام باسکردن لەگازی سروشتی‌و چۆنێتی هەناردەکردنی بۆ تورکیا بابەتێکی گەرم‌و باسکراوی کۆبونەوەکە بوەو لێدوانەکانی دوای کۆبونەوەکە سەلمێنەری ئەوەن کە نزیکبونەوەی تەواو لەنێوان پارتی‌و تورکیا هەیە بۆ ڕادەستکردنی گازی هەرێم بەتورکیا هەروەک چۆن ڕاستەوخۆ لەدوای کۆبونەوەکە لەشکرکێشەیەکانی تورکیا لەخاکی هەرێم دەستیانپێکرد.

یەکێتی‌و پارتی تاسەر ئێسقان دژی یەکن لەدۆسیەی گازی هەرێمداو هەریەکەیان دەیەوێت بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیە بکرێت، بەپێی ئەو زانیاریانەی لای شارپرێسن یەکێتی لەدوو هەفتەی ڕابردودا پەیامی توندی داوەتە پارتی‌و ئاگاداری کرده‌وە لەوەی کە بەهیچ جۆرێک وەک هاوبەشێکی حکومەتی هەرێم‌و فەرمانڕەوای زۆنی سەوز ئامادەنییە لەگەڵ پارتی بچێتە مامەڵەیەکەوە کە گازی سروشتی هەرێم ڕادەستی تورکیا بکات‌و گرێبەستی درێژخایەنی لەگەڵ واژۆبکەن.

یەکێتی‌و پارتی هێندە ناکۆکن لەدۆسیەی گازدا کە هەریەکەیان لەنزیک ناوچەکانی دەوڵەمەند بەگازی سروشتی هێزێکی سەربازی‌و ئەمنی زۆریان کۆکردۆتەوەو هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکەن لەیەکتر لەئەگەری هەر جوڵەیەکی نوێدا لەکەرتی گازداو لەڕۆژانی ڕابردودا بەشێک لەبەرپرسانی باڵای یەکێتی لەدیدارو کۆبونەوەکانیاندا ئاماژەیان بەوەکردوە کە بەهیچ جۆرێک دۆسیەی گازی هەرێم نادەنە دەست پارتی‌و ئەویش بیداتە تورکیا هاوشێوەی نەوتەکە.

لەدوو ڕۆژی ڕابردودا شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت سەرۆکایەتی دەکات‌و ژمارەیەک وەزیری یەکێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان هاوڕێیەتیی دەکەن لەوڵاتی بەریتانیایەو لەدیداری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیادا گفتوگۆی چڕیان لەبارەی گازی هەرێمەوە کردوە بەجۆرێک کە میدیای فەرمی بەریتانیا ئاماژەی بەوەکردوە، باسکردن لەگازی سروشتی تەوەرێکی گرنگی کۆبوەنەوەی هەردوو شاند بوەو مەسرور بارزانی ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی یەکێتی ئەوروپاو بەریتانیا بەتایبەت.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی بەریتانیا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەکردوە، دەتوانن ببنە جێگرەوەی دەوڵەتی ڕوسیا لەهەناردەی گازی سروشتی بۆ یەکێتی ئەوروپاو هەنگاو بۆ ئەو ئامانجە هەڵدەگرن.

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ بێوار خه‌نسى ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەتى هه‌رێم بۆ كاروباری وزە  وتوویه‌تى:"به‌هاوكاری عێراق، ئه‌و گازەی زیادە، ده‌توانیین بینێرینه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا له‌ڕێگه‌ی توركیاوە، چونكه‌ توركیا باشترین‌و كورترین ڕێگایه‌ بۆ هه‌نارده‌ى غازه‌كه‌مان".

ئەم لێدوانەی سەرۆکی حکومەت‌و دڵنیاییدان بەبەریتانیاو یەکێتی ئەوروپا بۆ هەناردەی گازی هەرێم کاردانەوەی توندی چاودێران‌و شارەزایانی سیاسەتی نێودەوڵەتی لێکەوتەوەو بەجۆرێک لەسەرکیشیەکی ناڕەواو نەشارەزایانە لێکیاندایەوەو بەهۆکاری ئەوەی کە لەئێستادا ڕوسیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەململانێ‌و ناکۆکی توندایەو هەر نزیکبونەوەیەک لەیەکێتی ئەوروپا بەواتای دژایەتی ڕوسیا دەبینرێت کە ڕوسیاو دۆستەکانی لەعێراق‌و هەرێم خاوەنی هەژمون‌و بەرژەوەندی بەهێزن.

لەسەرەتای سەرهەڵدانی هێرشەکانی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیاو هەڕەشەکانی بۆ سەر یەکێتی ئەوروپاو ڕاگرتنی هەناردەی گازی وڵاتەکە بۆ یەکێتی ئەوروپا تەواوی وڵاتانی جیهان خۆیان بەدوردەگرن لەهەر مامەڵەو بەریەککەوتنێک لەگەڵ هەردوو جەمسەری کێشەکەداو هیچ جۆرە لێدوانێک نادەن کە دژ بەسیاسەتی یەکێک لەو دوو جەمسەرە بێت بەتایبەت ڕوسیا کە خاوەنی هەژمونێکی بەهێزی سیاسی‌و سەربازیی‌و خاوەنی بەهێزترین جەمسەربەندییە لەبەشێکی زۆری وڵاتانی ناوچەکە.

لەمکاتەدا هەنگاونان بەئاراستەی نزیکبونەوە لەیەکێتی ئەوروپاو بەڵێنی هەناردەی گازی هەرێم بۆ ئەوروپا ڕەنگە ببێتە خاڵێکی مەترسیدار بۆ سەر هەرێمی کوردستان‌و لەهەرکاتێکدا ڕوسیاو هاوپەیمانەکانی ببننە هەڕەشە بۆسەر هەرێمی کوردستان.

شارەزایانی کاروباری سیاسەتی نێودەوڵەتی لەبارەی ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێمەوە باس لەوەدەکەن، ئەوە دەبێتە سەرکێشیەکی مەترسیدارو دیراسەنەکراو بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان‌و هەر هەنگاوێکی لەوجۆرە بۆ ئێستا کارێکی ناپه‌سەندو هەڵەشەییەو دەبێت حکومەتی هەرێم مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ دۆخی سیاسی‌و ئابوریی جیهان بکات‌و لەکاتی بونی وەها ململانێ‌و ناکۆکیەکدا لەبری ئەوەی ببنە بەشێک لەکێشەکان دەبێت خۆیان بەدووربگرن لەکێشەو ململانێکان، چونکە ئەو وڵاتانەی کە بەشێکن لەبەرژەوەندیی‌و ناکۆکیەکان لەهەوڵی دورکەوتنەوەن لەجەمسەرگیریەکان، ئێستا کە حکومەتی هەرێم لەبنەڕەتدا هەرێمیکی دەوڵەتی فیدراڵییە بەبێ بونی هیچ بەرژەوەندیەکی لەپێشینە بۆچی‌و بەچ پاساوێک دەیەوێت ببێتە بەشێک لەکێشەو ململانێکان کە ڕەنگە داهاتوی قەوارەی هەرێم‌و سەروەری خاکەکەی بخەنە ژێر هەڕەشەی جدییەوە.