لەحاڵەتێکی دەگمەندا منداڵێکی بەریتانی هەست بە ئازار ناکات

هەمەڕەنگ

04/05/2022‌ 695 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی هەواڵێکی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بەریتانیا، منداڵێکی تەمەن 9 ساڵان کە بەهۆی حاڵەتێکی بۆماوەیی دەگمەنەوە هەست بەهیچ جۆرە ئازارێک ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حاڵەتەکە ڕووبەرووی مەترسییەکی گەورەی دەکاتەوە.


رۆژنامەی "میرەر"ی بەریتانی باسی لەوەکردووە کە ئەو منداڵە کە ناوی زاک سکیتمۆرە و لە شاری نۆرچی ڕۆژهەڵاتی بەریتانیا دەژیت، نەخۆشییەکی بۆماوەیی دەگمەنی تووشبووە کە بەهۆیەوە بەهیچ شێوەیەک هەست بە ئازار ناکات.

ڕەنگە واهەست بکرێت کە ئەم نەخۆشییە وا لە زاک دەکات کە زۆر بەهێز بێت، بەڵام لەراستیدا بابەتەکە بەپێچەوانەوەیە و حاڵەتەکە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی درووست دەکات. دایک و باوکی منداڵەکە لەوبارەیەوە وتویانە: لەکاتێکدا پارێزبەندی تەواو دژ بە ئازار رەنگە وەک خەونێک وابێت، بەڵام زاک و ئەوانەی تریش کە تووشی حاڵەتەکە دەبن، بەوشێوەیە خۆشبەخت نین.

 دایک و باوکی زاک کاتێک حاڵەتەکەیان بۆ دەرکەوتووە کاتێک بۆ کوتان دژ بە نەخۆشییە درمەکان کوتاویانە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بووە کە زانک وەک منداڵانی تر نەگریاوە و هەستی بە ئازار نەکردووە.

لەتەمەنی چوار ساڵیدا کاتێک لەکاتی یاریکردندا تووشی پێکدانی سمتی بووە، بەڵام هیچ جۆرە ئازارێکی پیشان نەداوە، تەنانەت کاتێک پزیشکان چارەسەریان کردووە و تۆپی سمتیان بردۆتەوە جێگای خۆی هیچ جوڵەیەکی نەکردووە. لەتەمەنی شەش ساڵیشدا لەگەڵ ئەوەی قاچی شکاوە، کەچی سێ رۆژان بەپێ رۆیشووە، تا ئەوکاتەی دەوروبەرەکەی هەستیان بەبوونی گرفتێک لە قاچیدا کردووە.

هەست نەکردنی زاک بە ئازار گرفتێکی گەورەیە بۆ خۆی و دایک و باوکیشی، لەبەرئەوەی ئەو هەستنەکردنە بە ئازارە وادەکات رەنگە بەهۆی نەخۆشییەوکەوە ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە بێئەوەی ئەو خۆی هەست بەو گرفتە بکات.

دایک و باوکەکە دەڵێن ئازار ئاماژەیەکی گرنگە، کاتێک هەستی پێدەکەین دەتوانین ڕێکاری پێوست بۆ راگرتنی بگرینەبەر کە نەبێتە هۆی ئەوەی زیانی زیاتر بە جەستەمان بگەیەنێت.

بەهۆی ئەو هەموو نەخۆشیی و پێکرانانەی پێشووتر، ئێستا زانک بەدەست نەخۆشییەکەوە دەناڵێنێت کە ژمارەیەکی کەم پزیشکی نەشتەرگەر نەبێت ناتوانن چارەسەری بکەن، بۆئەوەش دایک و باوکەکە خەریکی کۆکردنەوەی پارەن بۆئەوەی بیگوازنەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەوپێەی پزیشکێکی پسپۆر لەوێ دەتوانێت نەشتەرگەریی بۆ زاک ئەنجام بدات.
ئامادەکردن: ئاکۆ