مافی لەباربردنی منداڵ چى بەسەرهات؟

هەمەڕەنگ

05/05/2022‌ 427 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "پۆلۆتیکیۆ"ی ئەمریکی، دادگای باڵای ئەمریکی دەیەوێت ئەو بڕیارە مێژووییە هەڵبوەشێنێتەوە کە لەساڵی 1973 دەرچووەو تێیدا باس لەوەکراوە، مافی لەباربردنی منداڵ لەلایەن ئافرەتانەوە بەپێی دەستووری ئەمریکی دەستەبەرکراوە.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، بەپێی ڕەشنووسی بڕیارێک لە 10ی شوبات لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی دادگای باڵای ئەمریکییەوە پەسەندکراوەو لەلایەن دادوەر ساموێل ئالیتۆوە دارێژراوە، بەڵام هێشتا ئەم دەقە هێشتا لەلایەن ئەندامانی دادگاکەوە جێگای مشتومڕەو چاوەڕێی دەرچوونی دەقی کۆتایی ڕەشنووسەکە لەکۆتایی مانگی حوزەیران دەکەن.

لەساڵی 1973 دادگای باڵای ئەمریکا بڕیارێکی دەرکرد کە وەک پێشینەیەکی یاسایی وابوو، کەبەپێی ئەوە ئافرەت مافی ئەوەیە هەیە بەئارەزوومەندانە سکەکەی لەباربەرێت مادام کۆرپەلەکە توانای ئەوەی نییە لەدەرەوەی منداڵدانیدا لەژیاندا بمێنێتەوە، واتە تاوەکو 22 هەفتە لەدوای سکپڕبوونییەوە.

لەدەقە دزەپێکراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دادگا وایدەبینێت کە پێویستە بڕیارەکەی ساڵی 1973 هەڵوەشێتەوە، باسی لەوەشکردووە، مافی لەباربردنی منداڵ بەپێی هیچ ماددەیەکی دەستووری ئەمریکی گەرەنتیی نەکراوە.

ئەگەر دادگا بڕیاری مافی لەباربردن هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوە ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی 1973 کەبەپێی ئەوە هەر ویلایەتێک مافی ئەوەی هەیە ڕێگە بەلەباربردنی منداڵ بدات یان قەدەغەی بکات.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دابەشبوونە سیاسیی‌و جوگرافییە گەورەیەی لەویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەیە، پێشبینیدەکرێت نیوەی ویلایەتەکانی باشوورو ناوەڕاستی ئەمریکا، لەباربردنى منداڵ قەدەغەبکەن.

و: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە