ئەگەری ڕوودانی شۆڕش هەیە... سێ سیناریۆ بۆ تێپەڕاندنى دۆخی عێراق

عیراق

15/05/2022‌ 1723 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی سیاسیی عێراق چاوەڕێی سێ سیناریۆ دەکرێت کە یەکێکیان بریتییە لە دروستبوونی شۆڕشێکی جەماوەریی گەورە دژ بە چینی سیاسیی دەسەڵاتداری وڵات، ئەویش دوای ئەو هەموو شکست و داڕمانە ئابووریی و لێکەوتانەی تری چەقبەستوویی سیایسی لەسەر ژیانی خەڵک.

رۆژنامەی " لۆ ئۆرێنت"ی فەرەنسیی راپۆرتێکی لەژێر ناونیشانی " دانوستانە سیاسییەکان هێشتا لەعێراق پەکیان کەوتووە" بڵاوکردۆتەوە و تێیدا باسی لەوەکردووە کە دوای زیاتر لە حەوت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان هێشتا هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتایی هاتنی ململانێی سیاسیی لایەنە رکابەرەکان و هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، دیار نییە، هەربۆیە رۆژنامەکە پێشبینی کردووە کە یەکێک لە سیناریۆکانی کۆتایی هاتنی دۆخی ئێستای عێراق بریتیی بێت لە روودانی شۆڕشی جەماوەریی دژ بە بەسەڵاتداران.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەرکردووە کە بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی سیاسیی وڵات چاوەڕێی سێ سیناریۆ دەکرێت کە ئەوانیش بریتین لە: یەکەمیان سەرکەوتنی سەدرییەکان لەپێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بەهاوکاریی پەڕلەمانتارە سەربەخۆکان و زیادبوونی چانسی هاوپەیمانی سێقۆڵیی، کە ئەوەش تاڕاددەیەک تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو نەبووە.

دووەم: هەنگاونانی موقتەدا سەدر بەرەو ڕێککەوتن و سازان لەگەڵ لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی، بەڵام رۆژنامەکە ئەوە بەنیمچە ئەستەم دەزانێت بەتایبەت دوای ئەو هەموو دەستپێشخەریی و گفتوگۆ و سەردانانەی لەماوەی رابردوودا نەیانتوانی کەشی ئەو جۆرە نزیکبوونەوەیە برەخسێنن.

رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە کە سێیەم سیناریۆی چاوەڕوانکراوی دۆخی عێراق کە لەهەموویان نزیکترە، بریتییە لە دروستبوونی شۆڕشێکی جەماوەریی گەورە دژ بە چینی سیاسیی دەسەڵاتداری وڵات، ئەویش دوای ئەو هەموو شکست و داڕمانە ئابووریی و لێکەوتانەی تری چەقبەستوویی سیایسی لەسەر ژیانی خەڵک، هەربۆیە رۆژنامەکە مەزەندەی کردووە کە نەتوانرێت پێشبینی ئەوە بکرێت کە چی لە شەقامی عێراقییدا ڕوودەدات و لێکەوتەکانی لەسەر ئایندەی وڵات چیی دەبێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی