شارپرێس:
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، هێزەکانی سەر بەهاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بەداعش بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ ناوچەی کۆبانێ دەستیانکردووە بەنۆژەنکردنەوەی بنکەیهكى سەربازیی لەکۆبانێ کە لەپێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتیی" لەلایەن سوپای تورکیا بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، چۆڵیان کردبوو.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردووە، هێزەکانی سەر بەهاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، ئامێرو کەلوپەلی پێیوستیان بۆ نۆژەنکردنەوەی بنکەی سەربازیی خەراب عیشق گواستۆتەوە ناوچەکە، هەروەک چۆن بڕێکی زۆر کەلولەپی سەربازییو لۆجیستیشیان گەیاندۆتە ناوچەکە.
پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتیی" لەلایەن سوپای توركیا، کە لە9ى 10ى 2019 دەستیپێکرد، ئەمریكا چەند بنكەیەكی سەربازیی لەناوچە سنوورییەکان لەگەڵ تورکیادا چۆڵكرد، لەوانە بنکە سەربازییەکانی هەرێمی کۆبانێ، کە ئەوەش بواری بەسوپای تورکیادا شارەکانی سەرێکانیو گرێ سپییو چەند ناوچەیەکی تری ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکات.