شارپرێس: سەرچین ئەحمەد
کاتژمێر 9:20 خولەکی دوێنێ بەرواری ٢٠٢٢/٠٥/٢٢ لەشاری دهۆک، ئافرەتێک لەناو تەکسییەکدا کەسێکی تر شۆفێر بووە دەکرێتە ئامانج و دەکوژرێت، پۆلیسی شارەکەش دەڵێت بکوژەکان سێ کەس بوون ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان پێبووە.
بەپێی ڕاگەندراوێكی پۆلیسی دهۆک ئافرەتەکە ناوی ( خێلان احمد سعید ) ە دوو فیشەکی بەرکەوتووە، بەڵام گولـلەیەکیان بەر سەری دەکەوێت و دەستبەجێ گیان لەدەست دەدات، شۆفێری تەکسییەکەش
کەناوی ( بۆتان احمد عویض )ە بەهۆی شڵەژانیەوە ئۆتۆمبێلەکەی لەکۆنترۆڵی دەردەچێت و بەسەختی بریندار دەبێت.
وەک پۆلیسی بۆ میدیاکانی ئاشکرا کردووە، ژن و پیاوەکە خەڵکی پارێزگای سلێمانین و ڕوداوەکە لە نزیک نەخۆشخانەی مازی لەسەر ڕێگای جوتسایدی ئامەد بووە لە شاری دهۆک .
پۆلیس لەبارەی ئاشکرابوونی ناسنامەی بکوژەکان دەڵێت: لەکامێرای چاودێرییەوە دڵنیابونەتەوە تاوانبارەکان سێ کەسن، بەهەمان ئۆتۆمبێلی سەربازی هەڵاتون و ئەوانیش خەڵکی سلێمانین.
ڕونیشیکردەوە، کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچونەکان لە ڕێگەی کامێرای چاودێری و بەڵگەی ڕاستەقینەی بکوژەکان ئاشکرابوون و ناویان( هەرێم احمد عبداللە) و ( سەردار خدر رفیق )-ەو پاسەوانی بەرپرسێکی سەربازی ناوچەی سلێمانیە.
ئەو کەسەی کە شۆفێری بۆ بکوژەکان کردووە پلەی ملازمی ئاسایشی هەیە لە سلێمانی برای (خێڵان)ە و ناوی ( سامان احمد سعید )ە و کوڕی بەرپرسە سەربازییەکەیە.
بە پێی بەدواداچوونی پەیامنێری شارپرێس، كە لە کەسێکی نزیکی بۆتان پێی وتراوە و نەیویست ناوی ئاشکرابکرێرت دەرکەوت ، بۆتان و خێڵان یەکتریان خۆشویستوە و چەند جارێک ماڵی بۆتان چونەتە داوای خێڵان، بەڵام باوکی ڕازی نەبووە، هەربۆیە ناچاربوون لەگەڵ خێڵان هەڵبێن.
باوکی خێڵان پۆلیسی دڵنیاکردۆتەوە ئامادە نیە بەهیچ جۆرێک کوڕەکەی ڕادەستیان بکات بە بیانوی ئەوەی کێشەکە کۆمەڵایەتیە و پەیوەندی بە شەرەف و متمانەی کۆمەڵایەتییەوە هەیە.
لەلایەن پزیشکی دادەوەری دهۆکیش ئاشکرابووە کە خێڵان دووگیانبووە و لەئەنجامی پەلامارەکەش دوو فیشەکی بەرکەوتوە یەکیان بەر سەری و ئەوەی تریش بەر شانی کەوتووە، تا ئێشتاش تەرمەکەی لە پزیشكی دادی دهۆکە و کەسوکاری تەرمەکەیان وەرنەگرتۆتەوە.
باوکی ژنە کوژراوەکە بە پۆلیسی وتووە ئامادەنییە تەرمی کچەکەی وەرگرنەوە تا تۆڵەی شەرەفیان نەکەنەوە.
