هەڵوێستی نوێی بافڵ تاڵەبانی لەسەر هەناردەکردنی گازی سروشتیی هەرێم

کوردستان

13/06/2022‌ 10052 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵوێستی نوێی لەبارەی هەناردەکردنی گازی سروشتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکراکرد.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا لەبارەی هەناردەکردنی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا ئاماژەی بەوە داوە، دۆخی خراپی سیاسی لە هەرێم ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەو پڕۆژەیە هەبووە و وایکردووە هەنگاوەکان نەچنە پێشەوە، بابەتەکەش پەیوەستکراوە بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە "ئەگەر ئێمە حکومەتێکی هاوپەیمانیی بین، دەبێت پێکەوەش بڕیار لەسەر شتەکان بدەین".

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەشکراوە، کۆتاییەکانی ساڵی 2021 کۆمپانیای کار و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبارەی هەناردەکردنی گازی سروشتیی هەرێم ڕێککەوتنیان واژۆکردووە.

ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا بوەتە گرفت و ڕۆیتەرز ئاشکرایکردووە ئەوەیە، یەکێتی ڕێگریکردووە لەوەی تیمی هونەریی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای کار سەردانی ئەو کێڵگانەی سنوری دەسەڵاتی یەکێتی بکەن، کە دەوڵەمەندن بە گازی سروشتیی.

نیگەرانییەکانی یەکێتی پەیوەندی بەوەوە هەیە، بەبێ ئاگاداریی ئەو حزبە گرێبەستی جێبەجێکردن و ڕاکێشانی بۆری گازی سروشتیی لەگەڵ کۆمپانیای کار گروپ ئەنجامدراوە.