شارپرێس ـ كه‌نداڵ جودى:
ئەردۆغان بۆ بەدیهێنانی خەون‌و ئاواته‌كانى مستەفا کەمال ئه‌تاتورك كه مه‌به‌ستى بووه كورد لەڕۆژهه‌ڵات‌و ڕۆژئاواى ڕوباری فورات پاكتاو بكات هه‌مان ئه‌و هه‌وڵانه‌ى ده‌ستپێكردووه‌و ده‌یه‌وێت ته‌نانه‌ت له‌سوریاش كورد بونى نه‌مێنێت‌و هه‌رشتێك په‌یوه‌ندیی به‌كورده‌وه هه‌یه له‌ناوى ببه‌ن‌و دیمۆگرافی‌و ناسنامەی ناوچەکە بگۆڕن، سه‌ره‌تاى ئامانجه‌كه‌شى ده‌یه‌وێت له‌ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌جه‌وه ده‌ستپێبكات.
ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بەمدواییانە هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی داگیرکاری کرد لەدژی ڕۆژئاوای کوردستان‌و باکووری سووریا، ئەردۆغان سەرەتا ئەو ناوچانەی دیارینەکرد کە هێرشیانده‌كاته‌سه‌ر، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک، ڕایگەیاند، هێرشدەکاتە سەر ناوچەکانی ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌ج‌و مه‌به‌ستیه‌تى ئەو ناوچانە داگیربكات.
چاودێرانى سیاسى‌و سه‌ربازیی پێیانوایه، ئەگەر ئەردۆغان به‌و ناچانه بگات، ئه‌وا به‌بێ سڵه‌مینه‌وه هەموو ناوچەکانی سوریا‌و بەتایبەتی ڕۆژئاوای کوردستان داگیردەکات.
شارپرێس له‌ناو ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌ج ئه‌م ڕاپۆرته‌ى ئاماده‌كردووه، پێشئەوەی هاوكاریه‌كانى تورکیا بۆ داگیرکردنی ئه‌و دوو ناوچه‌یه ڕوونبکەینەوە، بەکورتی باس لەمێژووی ئەو دوو شارە دەکەین.
مه‌نبه‌ج
ناوەندی شاری مه‌نبه‌ج نزیکەی 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات، گوندنشینانی باکوور‌و ڕۆژهەڵاتى شاره‌كه ده‌كه‌ونه سه‌ر کەناری ڕووباری فورات، ئەمشارە ستراتیژیە لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی ئێم 4، شارەکانی باکوور‌و ڕۆژهەڵات‌و ڕۆژئاوای سوریا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەهەمانکاتدا شاری مه‌نبه‌ج دەکەوێتە پارێزگای حەلەب کە پایتەختێکی گرنگی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لەمه‌نبه‌ج، سەدان ساڵە (کورد، عەرەب، چه‌ركه‌س‌و تورکمان) پێکەوە ده‌ژین.
مه‌نبه‌ج تاکۆتایی ساڵی 2012 لەژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی سوریادا بوو، پاشان ئەم هەرێمە کەوتە ژێر ده‌سه‌ڵاتى گروپى تیرۆریستى (جەبهه‌ت ئەلنوسرە)، کە ئەمڕۆ له‌ژێر ناوى (تەحریر شام) كارده‌كات، پاش ماوەیەکی کەم داعش ناوچەی مه‌نبه‌جى داگیرکردو تاساڵی 2016 ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا هه‌بوو.
لەحوزەیرانی ساڵى 2016 ئەنجومەنی سەربازی مه‌نبه‌ج بەپشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی مه‌نبه‌جیان ڕاگه‌یاندو توانییان شاره‌كه له‌داعش پاكبكه‌نه‌وه، لەئەنجامی ئەو شەڕەدا کە نزیکەی 3 مانگ بەردەوامبوو، مه‌نبه‌ج ئازادکراو هەموو پێکهاتەکانی مه‌نبه‌ج لەژێر چاودێری ئیدارەیەکی مەدەنیدا بەڕێوەدەبرێن.
لەگەڵ ڕزگارکردنیشدا مه‌نبه‌ج میوانداریی هەزاران پەنابەری سوریی کرد کە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا‌و گروپە تیرۆریستییەکانییەوە هه‌ڵاتوون.
ئەو ساڵانەی داعش مه‌نبه‌جى داگیرکرد، تورکیا هەرگیز ئاماژەی بەوەنەکردووە مه‌نبه‌ج هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی! بەپێچەوانەوە داعش بەسەر مه‌نبه‌جدا دەپەڕییەوە بۆ تورکیا‌و لەئەوروپا كرده‌وه‌ى تیرۆریستی ئەنجامده‌دا، بۆچی ئەردۆغان لەوکاتەدا نەیوت:"ئێمە مه‌نبه‌ج ڕزگاردەکەین"، چاودێرانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش جارێکی تر هەماهەنگی داعش لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا نیشانده‌دات.
دوای ئەوەی مه‌نبه‌ج ئازادکرا، لەو ڕۆژەوە تائەمڕۆش تورکیا هەمیشە هەڕەشەی لەمه‌نبه‌ج کردووە، هاوکات گروپە تیرۆریستییەکانی سەر بەتورکیاو سوپای تورکیاش، ڕۆژانە گوندەکانی مه‌نبه‌ج بۆردوماندەکەن‌و زیان بەدانیشتوانی گوندەکە دەگەیەنن.
هەرێمی مه‌نبه‌ج لەلایەن هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مه‌نبه‌ج‌و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە پارێزراوە، لەساڵی 2019شدا لەئەنجامی ڕێککەوتنی فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و ڕوسیا‌و هێزەکانی ڕژێمی سوریا، لەچەند خاڵێکدا لەگوندەکانی مه‌نبه‌ج هێزى مه‌نبه‌ج بڵاوکرانەوە.
ته‌لڕه‌فعه‌ت
ناوچەی ته‌لڕه‌فعه‌ت، شارێکی گرنگی سوریایەو دەکەوێتە ناوچەی شەهبا، نزیکە لەسنووری تورکیا، ته‌لڕه‌فعه‌ت، کە شارێکی مێژووییە، لە35 کیلۆمەتری باکوری حەلەبە، هەروەها وەک ئامرازێک لەنێوان هەرێمەکانى ڕۆژهەڵات‌و ڕۆژئاوای فوراتە. هاوکات ته‌لڕه‌فعه‌ت ده‌كه‌وێته 35 کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شارى عەفرین، لەم ناوچەیەشدا (کورد، عەرەب‌و تورکمان) پێکەوە دەژین‌و ژیاون. ته‌لڕه‌فعه‌ت لەسەرەتای قەیرانی سوریاوە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی گروپە تیرۆریستییەکان‌و دواتریش داعش ناوچەكه‌ى داگیرکرد.
لەسەر داوا‌و داخوازى خەڵکی ته‌لڕه‌فعه‌ت، بەپێشەنگایەتی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)و گروپە شۆڕشگێڕەکانی وەک لیوای شەماڵ دیموکراتی‌و سوپای شۆڕشگێڕ‌و جەبهه‌ت ئه‌کرادو ئەنجومەنی سەربازی باب‌و لەساڵی 2016دا، ئەنجومەنی عەزاز-ی سەربازی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی لەناوچەی ته‌لڕه‌فعه‌ت دەستپێکرد، لەئەنجامیشدا داعش لەو ناوچەیە تێکشکێنراو ئێستا هەموو پێکهاتەکان پێکەوە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان‌و دەستیانکردووە بەبەڕێوەبردنی هەرێمەکەیان.
چاودێران باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ى زۆر سەرنجڕاکێشە ئه‌وه‌یه، کە ته‌لڕه‌فعه‌ت هاوشێوه‌ى مه‌نبه‌ج كاتێك له‌ژێر ده‌ستى گروپه تیرۆریستیه‌كان‌و خودى داعش‌یش بوو، ڕۆژێک توركیا نەیوت لەدەستی داعش ڕزگارى ده‌كه‌م‌و هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى بۆسه‌ر وڵاته‌كه‌ى نه‌ده‌بینى، بەڵام دوای ئەوەی كورد ئه‌فسانه‌ى داعشى تێكشكاند‌و هاوڵاتیان‌و خاكه‌كه‌یانى ڕزگاركرد، تورکیا دەستیکرد بەهەڕەشەکردن لە ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و سه‌ره‌تاش بەداگیرکردنی عەفرین لەساڵی 2018دا ده‌ستى پێكرد.
ئێستا عه‌فرینیه‌كان ڕوویان له‌ته‌لڕه‌فعه‌ت كردووه‌و له‌وشاره ژیانده‌كه‌ن، لەلایەکی دیکەوە هەرێمی ته‌لڕه‌فعه‌ت له‌لایه‌ن پێكهاته‌كانیه‌وه ده‌پارێزرێت‌و هاوکات هێزەکانی ڕوسیا‌و ڕژێمی سوریاش لەچەند خاڵێکدا لەناوچەی ته‌لڕه‌فعه‌ت بوونیان هه‌یه.
بۆچی ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌ج؟
ئەو پرسیارەی لێرەدا دروستدەبێت ئەوەیە بۆچی ئەردۆغان ئەمجارە بەتایبەتی باسی داگیرکردنی ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌جى کرد؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت مرۆڤ تاڕادەیەک بگەڕێتەوە سەر لاپەڕەکانی مێژوو بۆ ئەوەی ئامانجی تورکیا ئاشكرابكات.
ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌ج دوو ناوچەی نزیک سنووری تورکیان‌و نزیكن له‌ڕۆژئاوای ڕووباری فورات، گرنگی ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌ج لێرەوە دەستپێدەکات، هه‌ر ئه‌مه‌شه تورکیا بەئەنقەست دەڵێت دەیەوێت ئه‌و دوو شاره داگیربکات، واته ده‌توانین بڵێین کە ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌ج لەچوارچێوەی پڕۆژەی چاکسازیی ئەناتۆلیای ڕۆژهەڵاتن کە لەلایەن دامەزرێنەری کۆماری تورکیا مستەفا کەمالەوە پەسندکراوه ئەو پڕۆژەیە.
ئه‌و پڕۆژه‌یه سەدان ساڵ پێش ئێستا ئامادەکرابوو ئامانج لێى چۆڵکردنی ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوا‌و ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات بوو، بەواتایەکی تر کورد بەهەموو شێوەیەک لەهەرێمەکانی خۆی دەچەوسێتەوەو بەتورک جێگەیان پڕده‌كرێته‌وه، لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا‌و شۆڕشی 19ی تەمموز لەڕۆژئاوای کوردستان، دەوڵەتی تورک، پڕۆژەی چاکسازیی ئەناتۆلیای زیندووكرده‌وه‌و پەڕینەوە بۆ سوریا‌و ڕۆژئاوای کوردستان.
دەوڵەتی تورکیا لەساڵی 2018دا وەک بەشێک لەپڕۆژەی چاکسازی ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا، عەفرینی داگیرکردو کوردانی ئەوێى کۆچبەرکرد، خەڵکی عەفرین زۆربەیان دەبوو لەنزیک شاری عەفرین لەناوچەی ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و نیشتەجێ ببن، پاشان لەساڵی 2019دا دەوڵەتی تورکیا سەرێکانی‌و گرێ سپیی لەڕۆژئاوای کوردستان وەک بەشێک لەهەمان پڕۆژە داگیرکردو خەڵکی ئه‌وشارانه‌شى کۆچبه‌ركرد.
بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی چاکسازیی ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا، ئەردۆغان هەڕەشەی داگیرکردنی ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌ج دەکات، ئامانجی یەکەمی ئەردۆغانیش لەو داگیرکارییە، هەبوونی کوردانی ڕۆژئاوای ڕووباری فوراتە لەخاکی سوریا‌و هاوكات ڕۆژئاوای کوردستانه به‌گشتى كه ده‌یه‌وێت له‌ناویان ببات، هه‌روه‌ك چۆن لەباکوری کوردستان‌و تورکیا‌و ڕۆژئاوای ڕووباری فورات کردی.
ئامانجێكى دیکەی ئەردۆغان داگیرکردنی ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌جه کە کلتورو شێوازی ژیانی هاوبەش ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه لەنێوان پێکهاتەکان‌و هه‌رخۆیشیان سەرکردایەتیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ده‌كه‌ن له‌ناوچه‌كانیان، بۆیه ئەردۆغان گه‌ره‌كیه‌تى به‌داگیرکردنی ئەم دوو هەرێمە، تەنها یەک زمان‌و یەک کلتورو نەتەوە جێگیربكات، ئه‌ویش زمانى توركى‌و خه‌ڵكى توركه له‌ناوچه‌كه‌دا.
هەڵوێست‌و کاردانەوەکان لەدژی داگیرکاری ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌ج
بێگومان ئەردۆغان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پیلانە مەترسیدارە پێویستی بەوەرگرتنی مۆڵەت لەهێزە نێودەوڵەتییەکان هەیە، بەتایبەتی ڕوسیا‌و ئەمریکا بەڵام هەڵوێست‌و کاردانەوەکانی تائێستا لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە وەک ئەوروپاو ڕوسیا‌و ئەمریکاو ئێران‌و ڕژێمی سوریا سەریهەڵداوەو ئاماژە بەوەدەکات، ئەردۆغان تائێستا ڕەزامەندیی بەدەستنەهێناوە.
ئەمریکا
دوای ئەوەی ئەردۆغان ڕایگەیاند، کە ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌ج داگیردەکات، ئەمریکا دەستبەجێ کاردانەوەی هەبوو، هەڵوێستی خۆی دەربڕیی.
لەو چوارچێوەیەدا ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکۆنگرەیه‌کی ڕۆژنامەوانیدا له‌گەڵ سکرتێری گشتی ناتۆ هۆشداریدایه تورکیا‌و وتی، "ئەمریکا دژی هێرشێکی دیکەیه لەباکوری سوریا".
لەهەمانکاتدا، پنتاگۆن‌و کۆنگرێسی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، ئەگەر تورکیا هێرشبکاتەسەر هاوبەشە کوردەکەیان لەسوریا، ئەوا سزای توند لەدژی تورکیا دەسەپێنن.
لەلایەکی دیکەوە، نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتى:"ئەمریکا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی باکوری سوریا ڕەتدەکاتەوەو نیگەرانە لەزیادبوونی چالاکی سەربازییه‌كانى توركیا".
هاوكات یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاند، ئەمریکا تورکیای ئاگاداكردۆته‌وه، هێرشەکەی بۆ سەر باکوری سوریا، دەبێتە هۆی لاوازکردنی شەڕی دژی تیرۆر".
ڕوسیا
ڕوسیاش وەک ئەمریکا دەستبەجێ لەدژی پیلانەکانی تورکیا بۆ داگیرکاری هەڵوەستەی کرد‌و له‌زارى ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاوه هۆشداریدا بەتورکیاو وتی:"هیواخوازین ئەنكەرە واز لەو کارانە بهێنێت کە بارودۆخی سوریا دەخاتە مەترسییەوە".
هاوکات ئەلێکساندەر یفیمۆڤ باڵیۆزى ڕوسیا لەسوریاش ڕایگه‌یاند، "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لەدژی سوریا پێشێلکاریەکی ڕاستەوخۆی سەروەری سوریا‌و خاکەکەیەتی". ئەلێکساندەر یفیمۆڤ ئه‌وه‌شى ڕاگەیاند، کە هێرشی تورکیا دۆخی سوریا خراپتر دەکات.
ئێران
هاوکات ئێران هۆشداریدایە تورکیا‌و لەو چوارچێوەیەدا سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی:"تاران دژی کردەوەی سەربازیی‌و بەکارهێنانی هێزە".
وتیشی:"کردەوە سەربازییەکانی تورکیا لەدەوڵەتێکی دیکە پێشێلکردنی سەروەری‌و یەکپارچەیی ئەو دەوڵەتەیەو دۆخەکە قورستردەکات".
سوریا
ڕژێمی سوریاش دژایەتی هێرشی گریمانه‌كراوى تورکیای کرد‌و لەو چوارچێوەیەدا بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕوسیا ئەلیه‌وم ڕایگەیاند، "سوریا لەئاستێکی فەرمی‌و جەماوەریدا لەدژی داگیرکارییەکانی تورکیا بەرهەڵستی دەکات".
لەلایەکی دیکەوە ئەنجومەنی گەلی سوریا لەبارەی هەڕەشەکانی ئەردۆغانەوە لێدوانێکیداو ڕایگەیاند، کە پلانی تورکیا بۆ دروستکردنی "ناوچەی ئارام"، داگیرکردنی هەمیشەیی‌و کۆچکردنی زۆرەملێ‌و گۆڕینی دیمۆگرافیه لەناوچەکەدا.
بۆ زیاتر ئاگاداربون له‌دوایین گۆڕانكاریه‌كان، شارپرێس چاوپێکەوتنی لەگەڵ شەڕڤان ده‌روێش وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی مه‌نبه‌ج ئه‌نجامدا.
خەونی بەجێهێنانی میساقى میللى
شەڕڤان ده‌روێش سەرەتا ئاماژه‌ى به‌ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌ج كرد‌و ڕایگه‌یاند، "ئامانجی تورکیا تەنها داگیرکردنی ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌ج نییە، بەڵکو داگیرکردنی هەموو ناوچەکانی سوریایە، ئه‌گه‌رنا ئه‌و دوو ناوچه‌یه ئه‌وه‌نده نزیك نین له‌توركیاوه، به‌ڵام ئامانجه‌كه‌ى زیندوكردنه‌وه‌ى خه‌ونى میساقى میللیه".
شەڕڤان ده‌روێش وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی مه‌نبه‌ج
گەمارۆدانی حەلەب‌و زیادکردنی فشار لەسەر کۆبانێ
ده‌روێس ئاماژه‌ى به‌گرنگی مه‌نبه‌ج كرد‌و وتی:"مه‌نبه‌ج لەسەر ڕێگه‌ی نێودەوڵەتی ئێم 4و هەروەها لەڕووباری فوراتەوە نزیکە، هاوکات نزیکەی ملیۆنێک کەس لەناوچەكه دەژین، تورکیا دەیەوێت مه‌نبه‌ج‌و حەلەب داگیربکات، له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه گەمارۆی بخاته‌سه‌ر هەرێمی کۆبانێ، ئێستاش دوای ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەمه‌نبه‌ج کشایەوە، هەرێمەکە لەژێر گرەنتیی هێزەکانی ڕوسیادایە".
وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی مه‌نبه‌ج سەبارەت بەزانیاریی دەربارەی کۆبوونەوەی هێزە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لەدەوروبەری ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌ج ئاشكرایكرد، "تاڕادەیەک جموجوڵی تورکیا لەدەوروبەری ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌ج هه‌یه، بەڵام نەک ئەو ئاستەی کە باسیدەکەن".
ئه‌وه‌شى وت:"بەڵام لەشەڕی نێوان چەتەکانی سه‌ر تورکیا زۆرجار لەتورکیا جموجوڵى سه‌ربازیی هه‌یه، چونكه له‌ناو خۆیاندا ناكۆكیه‌كى زۆر هه‌یه، هاوکات لەسەر سنوورەکانی شەڕ، سوپای تورک بۆردوومانی گوندەکانى زیاترکردووە، ئامانجی تورکیاش ئەوەیە کە هەمیشە بڵێن شەڕ هەیەو ئەم دۆخەی شەڕ لەناو خەڵکدا دروستبكات‌و کاریگەری لەسەر سایکۆلۆژیەتی خەڵک دروستبكات، بۆیە تۆپبارانەکانی بۆ سەر گوندەکانی نزیک سنووری شەڕ زیاترکردووە".
هیچ شتێکی نوێ ڕووینەداوە
بەڕاگەیەندراوی ئەردۆغان بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی داگیرکاری دژی ته‌لڕه‌فعه‌ت‌و مه‌نبه‌ج، چەند زانیارییەک بڵاوکرانەوە کە هێزەکانی ڕژێمی سوریا هێزەکانیان لەدەوروبەری مه‌نبه‌ج زیادکردووە، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌روێش بەشارپرێسی وت:"لەساڵی 2019وە لەئەنجامی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕوسیادا، هەندێک لەهێزەکانی ڕژێمی سوریا‌و ڕوسیا لەچەند خاڵێکی نزیک لەسنوره‌كان بڵاوەیان پێکراوە، تائێستا ئەوان لەجێی خۆیانن‌و هیچ شتێکی نوێ ڕووینەداوە، لەهەمانکاتدا، ئێمە هەمیشە پەیوەندیمان هەبووە لەگەڵ هێزى ڕوسی‌و خۆیان پێشێلکارییەکانی تورکیا‌و گروپە چەتەکانی سه‌ر به‌و وڵاته له‌نزیكه‌وه ده‌بینن‌و به‌رده‌وامیش كۆبوونه‌وه‌مان هه‌یه‌و ئێمه‌ش ڕاپۆرتیان پێده‌ده‌ین".
شەڕڤان ده‌روێش ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە ئەوانەی دەیانەوێت یەکێتی خاكى سوریا پارێزراوبێت، لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بوەستنەوەو نەک هەر دەبێت وەڵامی هێرشەکان بدەینەوە، بەڵکو دەبێت ناوچە داگیرکراوەکانیشمان ئازادبکەین، لەم چوارچێوەیەدا کۆبوونەوەکان بەردەوامن، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە لەداهاتوودا چەند پێشکەوتنێک هەبێت".
ته‌ئكیدیكرده‌وه، "ئەگەر ڕژێمی سوریا بیەوێت بەشداریی شەڕی دژی داگیرکاریی بکات‌و خاڵەکانی بەهێزبکات، ئەوا بێ‌شک پشتگیریی دەکەین، بەڵام تائێستا هیچ گۆڕانکارییەک لەسەر ئه‌رزى واقیع ڕووینه‌داوه، تەنها کۆبوونەوەو هەماهەنگیمان هه‌یه".
ده‌روێش: گەل‌و خاکەکەمان دەپارێزین
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ش ئامادەکارییەکانى ئەنجومەنی سەربازی مه‌نبه‌ج چیە ئەگەر تورکیا‌و گروپە چه‌كداره‌كان په‌لامارى شاره‌كه بده‌ن، ده‌روێش وتى:"لە2016وە کاتێک مه‌نبه‌جمان ڕزگارکرد، هەڕەشەو هێرش له‌دژمان لەلایەن تورکیا‌و گروپە چەتەکانییەوە بەردەوامە، لەسەر ئەم بنەمایە، پەرەدان بەسیستمی بەرگرییمان‌و ڕاهێنان بەهێزە سەربازییەکانمان‌و فێربوونی شێوازی جەنگی مۆدێرن، ئێمه بەردەوامین، ئێمە هێزێک نین کە حه‌زمان به‌شەڕ بێت، به‌ڵام ده‌سته‌وه‌ستانیش نابین له‌وه‌ڵام‌و به‌رگریكردن له‌خاك‌و گه‌لى خۆمان".
ئه‌وه‌شى ڕوونكرده‌وه، سوریا پێویستی بەچارەسەری سیاسی هەیە، ئەگەر جەنگێک هەبێت ئاژاوەیەکی نوێ دروستدەبێت‌و هەموو هەوڵەکانیش بۆ چارەسەرێک لاوازدەبێت، لەهەمانکاتدا، شەپۆلێکی تری کۆچکردن دروستده‌بێت، لەسەر ئەو بنەمایە، "هەرچەندە ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام ئەگەر شەڕێک هەبێت، وەڵامى توند دەدەینەوەو پشت بەهێڵی بەرگری خۆمان دەبەستین، ئێمه ئەم خاکەمان لەدەست داعش ڕزگارکردووەو گەلەکەمان ژیانی خۆیان‌و دامودەزگاکانیان بونیادناوە، بۆیه ئێمە خاک‌و گەلی خۆمان دەپارێزین‌و ئەزموونیشمان هه‌یه له‌مڕوه‌وه، ئاماده‌ی بەرگریەکی گەورە لەئارادایە، ئێمە تەنها دەمانەوێت بەگەلەکەمان بڵێین کە ئەگەر هێرشمان بکرێتەسەر، ئەمجارە وەڵاممان جیاواز دەبێت".
لەکۆتاییشدا ده‌روێش وتی:"قازانجی ئەم هێرشە داعش دەبێت، چونکە سود لەناسەقامگیریی دەبینێت‌و چالاکیەکانی لەناوچەکەدا زیاد دەکاته‌وه".
ش.هـ