چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدکردنی هادی عامری بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هاتەدەنگ

عیراق

22/06/2022‌ 437 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لەسەر کاندیدکردنی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح هاتەدەنگ و دەڵێت "ئەو دەنگۆیە ڕاست نییە".

فازڵ مەوات، سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ چوارشەممە بە میدیای عێراقی وتووە، دەنگۆی کاندیدکردنی هادی عامری بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاست نییە، تا ئێستاش هیچ ناوێک بۆ ئەو پۆستە پێشنیاز نەکراوە.

پێشتر ئەبو مازن، سەرکردەی هاوپەیمانی سیادە ڕایگەیاند، هادی عامری کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانە، ئەوەش لەپێناو هێورکردنەوەی گرژیی و ناکۆکییەکانی نیو چوارچێوەی هەماهەنگی.

هاوکات میدیای عێراق بەشێوەیەکی نافەرمی ناوی سێ کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانیان بڵاوکردەوە ئەوانیش "نوری مالکی، هادی عامری و ئەسعەد عێدانی-ن".