شارپرێس:
توێژینەوەیەکی نوێی سویسریی لەگۆڤاری "Nature" بڵاوکراوەتەوە ئاشکرایکردووە، شێرپەنجەی مەمک لەکاتی خەوتنی نەخۆشەکاندا زیاتر چالاک دەبێتو بڵاودەبێتەوە، باس لەوەشکراوە، گرنگی ئەم دۆزینەوەیه لەوەدایە، دەتوانێت لەداهاتوودا شێوازی دەستنیشانکردنو چارەسەرکردنی نەخۆشیی شێرپەنجە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش بگۆڕێت.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی، شێرپەنجەی مەمک یەکێکە لەبەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە کە ساڵانە تووشی نزیکەی دوو ملیۆنو 300 هەزار ئافرەت دەبێت.
گریمانەی پێشوو ئەوەبوو کە گرێ شێرپەنجەییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام خانەکانی گەشەکردن ئازاد دەکەن، بەڵام تیمی توێژینەوەی زانکۆکانی بازلو زیوریخ دەریانخستووە کە "خانە شێرپەنجەییە بڵاوبووەوەکان بەشێوەیەکی سەرەکی لەکاتی خەوتنی نەخۆشەکاندا دروستدەبنو بڵاودەبنەوە".
لەوبارەیەوە نیکۆلا ئەسیتۆ پڕۆفیسۆری ئۆنکۆلۆژیای مۆلیکولەر لەزانکۆی زیوریخ دەڵێت، "کاتێک نەخۆشەکە خەوتووە،گرێ شێرپەنجەییەکە لەخەو هەڵدەستێت، ئەو خانانەی کە لێی جیادەبنەوە بەخێرایی دابەشدەبن".
باس لەوەشکراوە، هەنگاوی داهاتوو بۆ توێژەران ئەوەیە کە بزانن چۆن ئەم دۆزینەوانە بخەنە ناو چارەسەرەکانی شێرپەنجەوە بۆئەوەی کاریگەرییەکانی باشتربێت.
و: ئاکۆ ئاڵی