نوێنه‌رى زیندانیانى بادینان ڕایگه‌یاند، ئه‌و زیندانیانه‌ى مانیانگرتوه دۆخی ژیانیان له‌مه‌ترسیدایه‌و له‌هه‌ر ڕوداوێكى نه‌خوازراو په‌نا بۆ تۆماركردنى سكالا له‌سه‌ر كابینه‌ى نۆیه‌م ده‌به‌ن.
ئه‌یهان سه‌عید نوێنه‌رى زیندانیانى بادینان ڕایگه‌یاند، بەداخەوە رۆژانە ھەواڵی نەخوش کەوتن و لە ھۆشخۆچونى کەسوکارەکانمان پێدەگات و لە مەرگ نێزیک دەبنەوە و لە ئەگەری ھەر حالەتێکی نەخوازراو سکاڵا لە دادگاکانی ھەرێم و بەغداد و نێودەوڵەتیکان لەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تۆمار دەکەین چونکە ئەوان لەژێر کۆنترۆلی پارتی و بە ڕقێکی سیاسی رێگرن لە ئازادبونی کەسوکارەکانمان، ئەگەر یاسا سەروەربێت دەستبەجێ ئازادەکرێن.
ناوبراو ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو، لە ڕۆژی ١٩ی ٧ی ٢٠٢٢ لە ژێر دروشمی ' ئازادی یان مردن ' به‌شێكى زیندانیان بادینان مانگرتنیان له‌خواردن و خواردنه‌وه ڕاگه‌یاندوه‌و تادێت ژماره‌یان زیاد ده‌بێت، ئەنجومەنی دادوەری و داوکاری گشتیش وەکو تەماشەڤانێک بێدەنگە لەم یاساشکێنی و رێگێری لە جێبەجێکردنی یاسا بەدەست حزب و دەستەڵاتی جێبەجێکردن.
نوێنه‌رى زیندانیانى بادینان باس له كه‌یسى به‌شێك له‌زیندانیه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت، لەڕووی یاساییەوە بەپێی بڕیاری کەمکردنەوەی ٪ ٦٠ی سزاکەیان لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە و بە ڕەچاوکردنی ئازادکردنی مەرجدار (الإفراج الشرطی) ماددەی ٣٣١ و ٣٣٢ و بڕگەی ٢ لە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای ژمارە 23ی بنەماکانی دادگایی‌کردنی تاوانەکان پێویستە ئازادبکرێن و سەرباری تەواوکردنی سزاکەیان رێگێری لە ئازادکردنیان دەکرێت و سەرباری ئه‌مه پێشتر دوو بڕیاری ئازادبونی مەرجدار زیندانیانی گرتوتەوە، بەڵام تا ئێستا داواکاری گشتی ڕا و بڕیاری خۆی لەسەر دوسیەی زیندانیانی بادینان نادات و وەڵامی بەشی یاسایی چاکسازی نادات بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی ئازادبوونی زیندانیان.
ئه‌یهان سه‌عید داواى هه‌ڵوێستى گشتى ده‌كات و ده‌ڵێت، ئەم دۆسیەیە پرسێکی گشتیە و ئەرکی ھەموو لایەکە بەجدی بێتە وەڵام و ھەلوێستیان ھەبێت، ڕای گشتی، میدیا، داواکاری گشتی و دەستەڵاتی دادوەری، لایەنەکان، و یونامی دەستەی مافی مرۆڤ، نوێنەرانی وڵاتان لەھەرێم و رێکخروە جیھانیەک کار بۆ دیمۆکراسی و ماف و ئازادی بکەن، چونکە ئەو چالاکوانانە لەسەر ڕای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنی سزادراون و ئەمەش مەترسیە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربرین و جگە لەزیندانیانی بادینان دەیان سزادراوی دیکەی شارەکانی دیکەش لە چاکسازی ھەولێر لە مانگرتندان و چەندین کەسی دیکەش لەسەر بیرۆرای جیاوازی سیاسی ماوەی ٣ تا ٥ ساڵی بێ دادگایی‌کردن لە ئاسایشی گشتی ده‌ستبه‌سه‌رن و ئەوانیش لە مانگرتندان.
له‌كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ده‌یان رۆژنامه‌نوس و ئازادیخواز‌و چالاكى مه‌ده‌نى بادینان به‌تۆمه‌تى جۆراوجۆر له‌زیندانه‌كان توندكران و ئه‌گه‌رچى به‌شێكیان بڕیارى ئازادكردنیان دراوه به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌وه ڕێگرى له ئازادبونیان ده‌كرێت.
ئ.ق