شارپرێس:
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە، پارێزگای زیقار بڕیاری دا، سێ ڕۆژە لە دامودەزگا حکومییەکان بکاتە پشووی فەرمی.
لە ڕاگەیەنراوێکدا پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق بڵاویكردەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما رۆژانی یەكشەممە، دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە دامودەزگا حکومییەکان پشووی فەرمی دەبێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی پارێزگای زیقار، پشووەکە كەرتی تەندروستی، پەروەردە و ئەمنی ناگرێتەوە.
ماوەی هەفتەیەکە شەپۆلێکی گەرمای بەتین عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە بەشێک لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پلەی گەرما ٥٠ پلەی سیلیزی تێپەراندووە و لە هەندێك ناوچەی هەرێمیش گەیشتووەتە ٥٠ پلە.