هەرێم پێویستی بەگۆڕانە

مەلەفی تایبەت

20/08/2022‌ 945 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شادمان مەلا حەسەن

گۆڕان لەڕوی زمانەوانیەوە خۆی چاوگی كارێكە، واتە فەرمانە، كەچی زۆرجار وشەی كاری دەخەنە پاڵ دەڵێن گۆڕانكاریی. ئەمكارە زیادەیە، چونكە دەگوترێ خۆت بگۆڕە یان خۆم دەگۆڕم، پێویستە ئەم دەسەڵاتە بگۆڕێ، بۆیە گۆڕان خۆی هەموو شتەو كاری پێویست نییە لەڕووی زمانەوە.

لێرەدا ئەوەی مەبەستە بینوسین ئەوەیە، دۆخی هەرێم پێویستی بەگۆڕانە، چونكە هەرێمی كوردستان لەڕوی بەڕێوەبردنەوە یاخود لەڕوی كۆی گشتیی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنەوە شكستیهێناوە، لەچەند ڕویه‌كەوە دەكرێ بخرێتە بەرچاو.

لەڕوی ئابوری هیچ كەس نازانێ داهاتی هەرێم چەندەو چۆن خەرجدەكرێ، بەڵگەش ئەوەیە حكومەت تائێستا بودجەی نییە، بەدەیان ملیار دۆلاریش قەرزارە.

لەڕوی هێزی سەربازیەوە شكستخواردوە، چونكە تائێستا ئەگەر هێزی سەربازی هی حزب بوو، ئێستا بچوككراوەتەوه‌ بۆ كەس‌و بنەماڵە.

كەرتی پەروەردە بەتەواوی شكستخواردوە، بەوپێیەی ئەو هەموو قوتابخانە ئەهلیە كراوەتەوە بۆ دەوڵەمەندبونی چەند باندو تاقمێك، حكومەتیش كار لەسەر لاوازبون‌و خراپبونی كەرتی گشتی پەروەردە دەكات.

لەڕوی دیبلۆماسیەوە هەرێم پێگەی زۆر لاواز بوەو هیچ گەورە بەرپرسێكی جیهانی ئێستا ڕوی تێناكات.

لەڕوی سیاسیەوە تەواوو بوە بەڕازیكردنی منداڵی چەند بنەماڵەیەك بۆ كۆكردنەوەی سەروەت‌و سامان، واتە كوردستان قۆرخكراوی تەوریسی سیاسیە، بەڵگەكان ڕوونن بڕیار بەدەستی حزبە دەسەڵاتدارەكان هیچیان دەستنوێژیان لەمەحره‌می یەكتر ناشكێ.

لەڕوی دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ‌و ئازادی ڕادەربڕین زۆر زۆر چۆتە دواوە، زیندانەكان پڕكراون لەڕۆژنامەنوس‌و چالاكوان.

سەروەریی یاسا زۆر لاوازبوەو دادگاكان بونەتە بەشێك لەڕاییكردنی كاری دەسەڵاتدارەكان، بەدەیان بكوژ بەئازادی دەسوڕێنەوە.

خوێندنی باڵا تەنها بوە بەبەڵایەك گەنجی كورد بێهیوا دەكات، بڕوانامەیەكی دەخاتە گیرفانی بەبێئەوەی بیكات بەمرۆڤێكی گەشەكردوی خاوەن بەرهەم، جگەلەوەی دەیان زانكۆو پەیمانگه‌ی بازرگانیی كردۆتەوە.

لەڕوی مەعریفیەوە هونەرو ئەدەبی دەربارو ڕوكەش جێگه‌ی هونەرو ئەدەبیاتی ڕەسەنی نیشتمانی‌و نەتەوەیی گرتۆتەوە.

10ـ فۆڕمی كۆمەڵایەتی زۆر خراپ شێواوەو دەسەڵات هۆكاری سەرەكی ئەم شێواندنەیە، ڕۆژانە بەدەیان خێزان هەڵدەوه‌شێتەوەو كردە ئابڕوبەرە نەشازەكان بۆتە دیاردەو مادە هۆشبەرەكان خەریكە گەنجی ئەم وڵاتە تەواو شەكەت دەكات.

ئەمە 10 خاڵی سادەو ساكارە كە لەهەر هاوڵاتیەكی كەمێك بەئاگای ئەم هەرێمە بپرسی، دەتوانێ بۆت ڕیزبكات‌و قسەی لەسەربكات، بەڵام لەهەمانكاتدا ئەم 10 خاڵە بنەماو ستونی سەرەكی بەرێوەچونی هەموو دەوڵەت‌و میللەتێكن. هەركات ئەم 10 خاڵە ڕوی لەپوكانەوەو شكست بوو، ئەوە بەدڵنیایەوە ئەم وڵات‌و میللەتەش لەپوكانەوەو شكستدایە، هەركاتێكیش له‌گەشەو سەركەوتن بوو، ئەوە بەدڵنیایەوە ئەو وڵاتە لەپێشكەوتن‌و گەشەسەندندایە، بۆیە بۆ چارەسەری ئەم دۆخەی هەرێم، ئەم هۆكارانە ئەوەمان دەخاتە بەرچاو، كەوا بۆ دەربازبوون لێی، پێویستە جوڵانەوەیەكی تازەبابەت لەسەر میتۆدێكی زانستی سیاسی سەردەم بێتە مەیدان، بۆ ئەوەی ڕابەرایەتی گۆڕان بكات، گۆڕان بەدروستكردنی لیست‌و چونە ناو ئەو پەرلەمانە دەیانجار ئەتككراوەی هەرێم نابێت، چونكە ئەگەر 100 كورسیشی هەبێت، هیچی پێناكرێ.

هەروەها حزب‌و خۆپیشاندانی چەند سەد كەسیش هیچ لەبابەتەكە ناگۆڕێ، بەڵكو دەبێ لەئاستی قوڵیی بیر لەبابەتەكە بكرێتەوەو ڕێگه‌چارەیەكی تازەبابەت‌و كاریگەر بدۆزرێتەوە، بۆئەوەی بتوانرێ گۆڕانی بنەڕەتی ئەنجامبدرێت‌و دۆخی هەرێم بخاتەسەر بنەماو سیستەمێكی تەندروستی پێشكەوتوو، لەپێناو خزمەتكردنی دانیشتوانەكەی.