٣١ ی ئاب لە نێوان خیانەت و شانازیی یەکێتى و پارتیدا

کوردستان

31/08/2022‌ 1414 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بۆ یەکەمجار کارەکتەرێکی سەرەکی ڕوداوەکان، وردەکاری هاتنی سوپای ئێران و عێراق بۆ هەرێمی کوردستان باس دەکات.

٢٦ سال تێدەپەڕێت بەسەر ٣١ی ئابی ١٩٩٦ ئەو کاتەی لە گەرمەی شەری ناوخۆدا بە بیانوی هێنانی سوپای پاسدارانی ئێران لە لایەن یەکێتییەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان، هێزەکانی پارتی بە هاوکاری سوپای ئەوکاتی عێراق پەلاماری هەولێریاندا و شارەکەیان لە دەستی یەکێتی سەندەوە.

لەو کاتەشەوە تاوەکو ئێستا ساڵانە یادی ئەو ڕوداوە دەکرێتەوە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە خیانەت و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە شانازیی و ئازادکردنەوەی هەولێرو هەرێمی کوردستان باسی دەکەن.

ئەمسالیش یەکێتی لە ڕێگەی مەکتەبی ڕاگەیاندنیەوە لەسەر ڕوداوەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ٣١ی ئاب سالڕۆژی خیانەتێکی مێژوییە، لە بەرامبەریشدا دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی ڕایگەیاند، ٣١ی ئاب وەڵام بوو بۆ داگیرکاری , ئاوەدانی و سەقامگیری بۆ خەڵكی كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا.

هەرچەندە ساڵانە بەشێک لە کارەکتەرەکانی ئەو ڕوداوانە باس لە هۆکار و پالنەرەکانی دەکەن و ناوە ناوەش ڕوداوی فەرامۆشکراو زیندوو دەکەنەوە، بەڵام بۆ ئەم سال گێڕانەوەی روداوەکان جیاواز بوو، لە دوای ٢٦ ساڵ بۆ یەکەمجار لە زاری مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، لە بەرگی پێنجەمی کتێبەکەیدا بە ناوی بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بە وردی باس لە ڕۆژەکانی پێش ٣١ی ئاب و ئەو ڕۆژەو چەند ڕۆژی دواتر دەکات ، کە ئەو بە لابردنی خراپترین بە خراپێک وەسفی دەکات.

هاوکات ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، لە وەڵامی ئەمریکییەکاندا کە لەو بارەیەوە قسەیان لەگەڵ کردووە پێی وتوون، کاتێک ئێران مافی دەستوەردانی هەبێت کەواتە عێراق بۆچی ئەو مافەی نەبێت.

یەکەمجاریشە لەسەر زاری کارەکتەرێکی سەرەکی  ڕوداوەکانەوە بەو وردییە باس لە سەرەتای پەیوەندی حکومەتی عێراق و هاتنی بەرپرسی هەواڵگری ئەوکاتی عێراق بۆ هەرێم بکرێت و بە وردی ڕوداوەکان و زانیاریی لەسەر ڕێککەوتنی هەردوو لا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی هەولێر بخرێتە ڕوو.

یادکردنەوەی ڕوداوەکانی ٣١ی ئاب بە خیانەت یان شانازی وەسفکردننی لە لایەن یەکێتی و پارتییەوە لە کاتێکدایە، خەڵکی هەرێمی کوردستان پێیانوایە هەردوو بەرەکەی شەڕ دۆڕاوی ڕوداوەکانن، نەک دابەشکردنی بابەتەکە بەسەر خیانەت و شانازیکردن پێوەی، چونکە لە هەردوو حاڵەتەکەدا زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی هەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بوون.