چی پەیوەندییەک لەنێوان خواردنی هێلکەو توشبون بەخوێنبەربونی مێشکدا هەیە؟

تەندروستی

12/09/2022‌ 417 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکیی کە لە9 وڵاتی ئەوروپی ئەنجامدراوەو  418 هەزار کەس بەشدارییان تێداکردوە، دەریخستوە کە زیادبونی خواردنی هێلکە پەیوەندیی هەیە بەهەڵکشانی مەترسیی توشبون بەجەڵتەی خوێنبەربونی مێشک، نەوەک سەکتەی مێشک.


توێژەران بۆیان دەرکەوتوە، بۆ هەر 20 گرام هێلکەی زیادە کە لەڕۆژێکدا دەخورێت، مەترسی توشبون بەجەڵتەی خوێنبەربون بەڕێژەی 25% زیاتر دەکات، کەیەکسانە بە 0.66 حاڵەتی زیادە لەهەر هەزار کەسێک (یان نزیکەی دوو حاڵەت لەهەر سێ هەزار کەس)ی دانیشتوان لەماوەی 10 ساڵدا.

توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەو پەیوەندییانەی لەنێوان خۆراکە جیاوازەکان‌و جەڵتەی خوێنبەربوندا دۆزیویانەتەوە، ڕەنگە بەشێکی بەهۆی کاریگەرییەکانی لەسەر فشاری خوێن‌و کۆلیسترۆڵ ڕونبکرێتەوە.

ئه‌نجامه‌كان لەڕێگه‌ی‌ پێداچونه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌كانی ساڵانی 1982 تا 2014 بەدەستهاتوه‌ كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان خواردنی هێلكه‌و نه‌خۆششییە تاجییەکانی دڵ کردوە.

توێژینەوەکە دەڵێت:"لەکاتێکدا یەک هێلکەی گەورە نزیکەی 186 میلیگرام کۆلیسترۆڵی تێدایە، بەڵام پرۆتین‌و ترشە چەورییە بنەڕەتییەکان‌و دژە ئۆکسێنەرەکان‌و ڤیتامینەکان‌و کانزاکانیشی تێدایە".

توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردوە، هێلکە خۆراکێکی "چڕی خۆراک پێدەرە"و پێویستە بەگشتیی هەڵسەنگاندن بۆ پێکهاتەکانی بکرێت، نەک تەنها گرنگی بەیەک پێکهاتە بدرێت، وەک کۆلیسترۆڵ.

و: ئاکۆ ئاڵی