عێراق لەڕێگه‌ی گرێبەستێکی چەکەوە هاوسەنگی هێز لەگەڵ تورکیا لەبەرژەوەندیی خۆی دەگۆڕێت

عیراق

13/09/2022‌ 8383 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا ئاشكرایكرد، گرێبەستی گریمانکراوی عێراق بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی فەرەنسیی لەجۆری "ڕافال" دەبێتە هۆی ئەوەی هاوسەنگی هێز لەنێوان عێراق‌و تورکیا لەبەرژەوەندی عێراق بگۆڕێت‌و چیتر تورکیا نەتوانێت بەئازادی بواری ئاسمانیی ئەو وڵاتە ببەزێنێت.


دامەزراوەی "جەیمس داون" بۆ لێکۆڵینەوەکان لەئەمریکا لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، ئەگەر عێراق فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوی جۆری ڕافالی فەرەنسیی بکڕێت، ئەوە هاوسەنگی هێز لەناوچەکەدا لەنێوان عێراق‌و نەیارەکانیدا بەخێرایی لەبەرژەوەندی بەغدا دەگۆڕێت، بەتایبەت ئەگەربێت‌و ئەو فڕۆکانە بەموشەکی دورمەودای پێشکەوتوو تەیاربکرێن.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردوە، لەحاڵەتی بەدەستهێنانی ئەو فڕۆکانەدا عێراق دەتوانێت ڕێگریی لەبەزاندنی بوارە ئاسمانییەکەی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بکات‌و ئاستەنگ بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لەدژی پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو خاکی عێراقدا دروستبکات.

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتوە، فڕۆکەی ڕافال فڕۆکەیەکی فرە ئەرک‌و ئاستبەرزەو داواکردنی لەلایەن عێراقەوە شتێکی لۆژیکییە، بەوپێیەی ئەمریکا ئامادەنەبوە موشەکی پێشکەوتوو بۆ فڕۆکەی جۆری F-16ی عێراق دابین بکات‌و فڕۆکە پەککەوتوەکانی نۆژەنبکاتەوەو پارچەی یەدەگیان بۆ دابین بکات.

ناوەندە ئەمریکییەکە باسی لەوەشکردوە، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داواکارییەکی زۆر لەسەر فڕۆکەی ڕافال هەیە، بەشێوەیەک هەریەک لەمیسرو قەتەر لەجیاتی داواکردنی فڕۆکەی F-35ی ئەمریکی پەنایان بردۆتەبەر کڕینی ئەو فڕۆکە فەرەنسییە، بەتایبەت کە فەڕەنسا بەپێچەوانەی ئەمریکا ئامادەیە نوێترین تەکنەلۆژیای بەردەست بۆ کڕیارەکانی دەستەبەربکات‌و لەئاستبەرزی فڕۆکەکان دانەبەزێنێت.