دامەزراندنی چەند کەسێک لە هەڵەبجە هەڵدەوەشێنرێتەوە

کوردستان

22/09/2022‌ 491 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

 وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتى هەرێم رایدەگەیەنێت، دامەزراندنی چەند کەسێک لە سەنتەری ئۆتیزمى پارێزگای هەڵەبجە هەڵدەوەشێنرێتەوە.

لە روونکردنەوەیەکدا وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتى رایگەیاندوە، سەبارەت  بە دامەزراندنی سی کەس بۆ هەردوو سەنتەری ئۆتیزم و شیاندنی خاوەن پێداویستی تایبەت لە پارێزگای هەڵەبجە لە ڕێگای ئۆنلاین و بە خاڵ و بە شێوەیەکی زۆر دادپەرەوەرانە پڕۆسەکە بە ڕێوە چوو، بەڵام بە داخەوە ئەمڕۆ زانیاریمان پێگەییشت کە سێ کەس لەوانەی  بەپێی خاڵبەندی دامەزراون ناڕاستیان لەگەڵ کردوین و دانیشتوی پارێزگای هەڵەبجە نین لەوەش خراپتر ئەوەیە پشتگیریشیان بۆ کراوە کە دانیشتوی هەڵەبجەن.
ئاماژەى بەوەشکردوە، هەر بەڕێزێک  سکاڵای هەیە لەوەی کە ناوی نەهاتۆتەوە سەردانی دیوانی وەزارەت بکات تا هەموو بەڵگە نامەکانی بخەنەبەردەست.
وەزارەتى کۆمەڵایەتى جەختیکردوەتەوە کە ئەو ناوانەی کە دانیشتوی هەڵەبجە نین ڕۆژی یەک شەممە ناوەکانیان لا دەبرێت و بە پێی ڕیز بەندی شوێنەکانیان پڕدەکرێتەوە.
هەروەها لە روونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو کەس و دامەزراوانەش کە پشتگیری ناڕاستیان کردوە ئەیانخەینە بەردەم لێپرسینەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لەماوەى رابردوودا دامەزراندنى ١٣٠ کەس لە پارێزگای هەڵەبجەو لەبەشی پزیشکییەکان ناڕازەیەتى فراوانى لێکەوتەوەو ئەو دەرچوانەى کە فۆڕمەکانیان پڕکردبۆوەو ناویان نەگەڕاوەتەوە ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەو لیستە لەلایەن" مەڵبەندی یەکێتی"یەوە ئامادە کراوەو رەوانە کراون بۆ دامەزراندنیان، بۆیە دامەزراندنى ئەو لیستەش لەژێر فشاری دەرچوان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەی مەدەنى هەڵوەشایەوە.

س.هـ