سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق بۆچی لەسەر ھێرشەکان بێدەنگن

کوردستان

29/09/2022‌ 1330 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیدانە و ڕاگەیەندراوی بەرپرسانی حزب و حکومەت چی لە دۆخەکە دەگۆڕێت؟ هەڵوێستەکانیان ئەگەر هەشیانبێت دەتوانێت بەر بە هێرشە بەردەوامەکانی وڵاتانی دراوسێی هەرێم و عێراق بگرێت؟ کە پێشوەختە ئاگاداری هێرشەکان بوون، کەواتە بۆچی ئیدانەی دەکەن؟

لە دوای هێرشە موشەکییەکانی دوێنێی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، کە ژمارەیەکی زۆر شەهید و برینداری لێکەوتەوە و بنکە و بارەگاکانی ئەو حزبانە خاپور کران، جارێکیتیر بابەتی کاریگەریی ڕاگەیەندراو و ئیدانەکردنی هێرشەکان لە لایەن بەرپرسانی باڵای حزب و حکومەتەوە هاتەوە بەر باس و تەنانەت بووەتە بابەتێکی تەنزئامێزی نێوان هاوڵاتیان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش.

لە ساڵانی ڕابردودا هەر هێرش و پەلامارێک لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە کرابێتە سەر خاکی هەرێم و عێراق توندترین و بەهێزترین هەڵوێستێک بەرامبەر بە هێرشەکان و وڵاتانی ئەنجامدەر گیرابێتە بەر، ئیدانە و سەرکۆنەکردن بووە و هیچ هەڵوێستێکی کرداریی کە ببێتە هۆی ڕاگرتنی هێرشەکان بە دی نەکراوە، ئەوەش وای کردووە بەشێک لە هاوڵاتیان بە تەنزەوە باس لە ئیدانە و سەرکۆنەکردنی هێرشەکان بکەن لە لایەن حزب و حکومەتەوە کە هەموو کەسێک لە ئاستی خۆیەوە دەتوانێت ئیدانەی بکات، بەڵام چ کاریگەرییەکی دەبێت و تا چەند حسابی بۆ دەکرێت ئەوە گرنگە نەک دەربڕینی هەڵوێستەکە تەنیا لە شێوەی ڕاگەیەندراوێکدا.

سەدان جار تورکیا و ئێران پەلاماری خاکی هەرێمیان داوە و لە ئیدانە و سەرکۆنەکردن زیاتریان بەرامبەر نەکراوە، تەنانەت هەندێک جار سەرکۆنەش ناکرێن و لە لایەن بەشێک لە بەرپرسانی حزبی و حکومییەوە پاساو بۆ هێرشەکانیان دەهێنرێتەوە.

ئەوەش لە لایەن چاودێرانی سیاسی و زۆرێک لە هاوڵاتیانی هەرێمەوە وەک لاوازی و نەبونی ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز لە بەرامبەر وڵاتانی تردا لێکدەدرێتەوە و داوا دەکرێت چیتر هەڵوێستەکان کرداریی بن نەک تەنیا ڕاگەیاندراو و ئیدانەکردن، چونکە تاوەکو ئێستا ئیدانە و سەرکۆنە هیچی لە بابەتەکە نەگۆڕیوە و هیچ کاریگەرییەکیشی لەسەر بۆچونی وڵاتان لە بارەی پەلامارەکانیانەوە بۆ سەر هەرێم نەهێناوەتە ئاراوە.

ئەگەر بە وردی بەشێک لە ڕاگەیانراو و بەیاننامەی بەرپرسانی حزبی و حکومی هەرێمی کوردستان بخوێنیتەوە تێدەگەیت کە بەشێکیان نەک ئەوەی نەیانتوانیوە باس لە هەلوێستێکی جدی و کاریگەر بکەن، بەڵکو لە بەیاننامەکانیاندا باسیان لە نیگەرانی خۆیان کردوەو نەیانتوانیوە وشەی ئیدانەش جێ بکەنەوە لە راگەیەنراوەکانیاندا کە ئەمە بەوپەری لاوازی و بێئیرادەیی بەرامبەر وڵاتانی داگیرکار لیکدەدرێتەوە.

هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقیش کە لایەنی یەکەم و پەیوەندیدارن بە بەزاندنی سنورەکانیانەوە و پێویستە کاری جددی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بکەن، لە دوێنیوە تاوەکو ئێستا هیچ هەڵوێستێکیان لە بارەی هێرشەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیاندووە، تەنانەت ئیدانەکەشیان نەکردووە.

بێدەنگی و بێ هەڵوێستی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کاتێکدایە کە لە دوای هێرشەکانەوە ئێران ڕایگەیاند هێرشەکانیان بە ئاگاداری حکومەتی هەرێم ئەنجامدراون.

پێشتریش شار پرێس زانیاری ئەوەی بڵاوکردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان پێش چەند ڕۆژێک لە هێرشەکانی ئێران، ئاگاداری دابووە هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە سنوری برادۆست و باڵەکایەتی و داوای لێکردبوون بە زویی ناوچەکە چۆڵ بکەن، ئەگەر نا ئەوا بە هێز پێیان چۆڵ دەکەن.

شار پرێس زانیویەتی بۆ هەمان مەبەست، لە هەفتەی ڕابردودا شاندێکی بالای سەربازیی ئێران هاتونەتە لای پارتی و یەکێتیش، پێیان ڕاگەیاندوون کە دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێم و بە فەرمی هەردوو لەیانی ئاگادار کردووەتەوە لە هێرشەکانی.

هەر بەپێی زانیارییەکان ئێران بە پارتی و یەکێتی وتووە نیازی هەیە سەرجەم ئەو هێزانەی ڕۆژهەڵات، لە چەک دابماڵێت و تەنیا لە شێوەی ڕێکخراوێکی مەدەنیدا ڕێگە بە مانەوەیان لە هەرێم بدات.

کەواتە ئەو هەڵوێستانەی حزب و حکومەتیش کە هاوڵاتیان بە لاواز و شەرمنانە وەسفی دەکەن و لە ئێستادا بووەتە بابەتی تەنزئامێزیش، وەک جۆرێک لە ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو لادا بەدی دەکرێت، ئەوەش تەنیا لە پێناو ڕاکێشانی هەست و سۆزی جەماوەری ئەو هێزانەی ڕۆژهەڵات و هاوکات کەمتر توڕەبوونی ڕای گشتی لە هەرێم بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەگەر چی بەشێک لە وڵاتانی زلهێز بە توندی ئیدانەو سەرکۆنەی هێرشەکانیان کرد و بە مەترسی جددی ناویان برد بۆ سەر ئارامی ناوچەکە، بەلام هیچکام لەوان نەیتوانی دڵی هاولاتیانی هەرێمی کوردستان رازی بکات و وەک بەشێک لە هەوڵی راگرتنی هێرشەکان و دڵنیایی دووبارە نەبونەوەیان وێنایان بکات.








بەپەلە