شارپرێس:
لەگەڵ ئەوەی کەسایەتییو پێگە هەواڵییەکانی نزیک لەڕەوتی سەدر هەڵوێستو لێدوانی توند لەبەرامبەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق پیشاندەدەنو جەخت لەسوربونیان لەسەر کشانەوە لەپرۆسەی سیاسیی دەکەنەوە، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی نزیک لەڕەوتەکە باسیان لەوەکردوە، ئەگەری ئەوە هەیە کوتلەی سەدر بگەڕێتەوە پەرلەمانو پەرلەمانتارانیان لەدەستلەکارکێشانەوەیان پاشگەزببنەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی، کە پشتی بەچەند سەرچاوەیەکی ناو ڕەوتی سەدر بەستوە، بەشێک لەکەسایەتییو بەرپرسانی ڕەوتی سەدر دەستیان بەجوڵەو ڕاوێژی یاسایی کردوە بەمەبەستی دەرکردنی بڕیارێک لەلایەن دادگای فیدراڵی بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو پهرلهمان، ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشتر دادگاکە بڕیاریداوە بەوەی گەڕانەوەی ئەو پەڕلەمانتارانە بۆناو پهرلهمان نایاساییە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردوە، شاردنەوەی بیرۆکەی گەڕانەوەی کوتلەی سەدر بۆ ناو پەرلەمان لەلایەن دەستەبژێری ڕەوتەکە لەکاتێکدایە کە ئەوان بەپەرۆشییەوە چاوەڕێی ئەوە لەموقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەکەن ڕەزامەندیی لەسەر دەستپێکردنی ڕێکارەکانی گەڕانەوە بۆ پەرلەمان لەڕێگهی دادگای فیدراڵییە بدات.
سەبارەت بەهۆکارەکانی پاشگەزبونەوەی کەسایەتییو دەستڕۆیشتوەکانی ناو ڕەوتی سەدر بەهۆی ئەوەوەیە کە پێیانوایە بەهۆی کشانەیان لەپەڕلەمان، دەسەڵاتیان لەسەر سینییەکی زێڕ پێشکەشی ڕکابەرەکەیان (چوارچێوەی هەماهەنگی) کردوەو لەکەمینەیەکی پەرلەمانییەوە کردویانن بەزۆرینە، جگەلەوەی ئەو توندوتیژییانەی لەناوچەی سەوز کردویانەو ئاستەنگییان بۆ بەڕێوەچونی دانیشتنەکانی پەڕلەمان کردوە، ئامانجەکەی خۆی بەدینەهێناوە، بەڵکو باجێکی قورسیان لەپێناویدا داوە.
ئەو سەرچاوانە پێشبینییان کردوە کە زۆرینەی هێزو لایەنە سیاسییەکان پشتگیریی گەڕانەوەی سەدرییەکان بۆناو پڕۆسەی سیاسیی بکەن، لەناویاندا هێزەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی"، بەوپێیەی مانەوەی سەدرییەکان لەدەرەوەی پەڕلەمان وەک مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر حکومەتی ئایندە هەژماردەکرێت، بەتایبەت کە هەموکات ئەگەری گەڕانەوەی لایەنگرانی سەدر بۆ پەلاماردانی ناوچەی سەوز ئەگەرێکی کراوەیه، جگەلەوەی ئێرانیش خواستی ئەوەی هەیە ئاشتەوایی لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگیو ڕەوتی سەدردا دروستبکات.