درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەنێوان هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکان‌و بۆچونی هاوڵاتیاندا

ڕاپۆرت

10/10/2022‌ 507 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


دواجارو لەئەنجامی ڕێککەوتنێکی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕاندا، بە80 دەنگی بەڵێ تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی یەک ساڵ‌و چوار مانگی تر درێژکرایەوە، درێژکردنەوەیەک پێچەوانەی هەموو بنەمایەکی دیموکراسی‌و هەڵبژاردن‌و ئیرادەو دەنگی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.


لەسەرجەم خولەکانیدا پەرلەمانی کوردستان هەر جارەو بەبیانویەک تەمەنی خۆی درێژکردۆتەوەو شەرعیەتی داوەتە مانەوەی خۆی‌و هۆکاریشی بۆ ئەم درێژکردنەوەیە بەناوی بەرژەوەندی گشتی‌و پاراستنی قەوارەو دەستکەوتەکانی هەرێمەوە ناساندوەو وای نیشانداوە ئەگەر تەمەنی ئەو خولەی پەرلەمان کۆتایی پێبێت، کارەساتێکی گەورەو بۆشاییەکی یاسایی‌و دەستوریی گەورە دروستدەبێت.

لەگەڕی ئەمجارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا هەرسێ هێزی پێکهێنەری حکومەت‌و هاوپەیمانی درێژکردنەوەکە، بانگەشەی ئەوەدەکەن کە لەپێناو بەرژەوەندی یاسایی‌و دەستوری‌و مافی هاوڵاتیاندا بڕیارەکەیانداوە، لەکاتێکدا ئێستا هیچ مەترسییەکی ئەمنی‌و یاسایی‌و سیاسی لەسەر هەرێمی کوردستان نییەو نابێت، ئەگەر پەرلەمان کۆتایی بەتەمەنی خۆی بهێنێت‌و بڕیاری هەڵبژاردنێکی نوێ بدات، پێچەوانەی هەموو بانگەشەکانی  سێ هێزی دەسەڵات بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، جگە لەناکۆکی سیاسی نێوان خۆیان‌و ڕێکنەکەوتنیان لەسەر میکانیزم‌و یاسای هەڵبژاردن‌و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن هیچ بیانویەکی تر نییە کە ڕەوایەتی بداتە مانەوەی پەرلەمان لەو دۆخە ئاڵۆزەی کە بەدرێژایی تەمەنی ئەم خولەی تێیدا بوە.

جیاواز لەسێ هێزی دەسەڵات، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن‌و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ کە وای نیشاندەدەن تا سەر ئێسقان دژی درێژکردنەوەی تەمەنیی پەرلەمانن‌و ڕازی نین بەبڕیاری درێژکردنەوەکەو بۆ ئەم مەبەستەش هەر بەشەو بەڕێگەیەک دەیەوێت نارەزایی خۆی نیشانبدات، بەشدارینەکردن لەدانیشتنی پەرلەمان‌و توند وەستانەوە دژی بڕیارەکەو دەستلەکارکێشانەوەو هەڕەشەی کشانەوە لەپەرلەمان لەدوای وادەی یاسایی پەرلەمان، هەموو ئەم هەڵوێستانە بەشێکن لەکاردانەوەی هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی‌و پارتی‌و گۆڕان.

درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەک هێزەکانی دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆنی بەرامبەر یەک کردۆتەوەو لێدوانی توندو دژایەتی یەکدەکەن لەسەر بڕیارەکە، بەڵکو دزری گەورەشی خستۆتە نێو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن‌و دەنگە ناڕازیەکانی نێو پەرلەمان‌و بەرامبەر یەک وەستاونەتەوەو ئێستا شەڕەکە خەریکە دەبێتە شەڕی ئەوانەی کە دژی بڕیارەکەی پەرلەمان بوون نەک ئەوەی پێکەوەو بەیەک تیم کاربکەن بۆ جوڵاندنی ڕای گشتی لەسەر بڕیارەکەی سێ هێزی دەسەڵات.

لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردودا بەشێک لەوانەی کە دەنگیان بەنەخێر بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانداوەو دژایەتی بڕیارەکەیان کردوە، زۆر بەتوندی هێرشیانکردۆتەسەر یەک‌و هەریەکەو لایەنەکەی تر بەبەرژەوەندخواز ناودەبات لەکاتێکدا ئەسڵی شەڕی ئەمان دەبوو لەگەڵ ئەو هێزانە بێت کە ڕێککەوتنیان کردوە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان.

بەشێک لەچاودێران پێیانوایە ئەگەرچی پارتی‌و یەکێتی‌و گۆڕان خراپترین بڕیاریانداوەو عەیبەیەکی تری گەورەیان خستەسەر عەیبەکانی تری دەسەڵاتی سیاسی‌و ئیداریی خۆیان، لەپاڵ ئەوانیشدا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن‌و دەنگە ناڕازیەکان نەزانانە کەوتونەتە داوی یارییەکەوە کە هێزەکانی دەسەڵات بۆیان سازکردون، چونکە لەبنەڕەتەوە ناڕەزایی ئەمان هیچ لەدۆخەکە ناگۆڕێت‌و کاتی ئەوە لەبەردەمدا نەماوە کە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت‌و کاتەکە زۆر درەنگە بۆ وەها داواکارییەک، کە دەبوو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن‌و سەربەخۆکان پێداگرییان لەوە بکردایە مادام تەمەنی پەرلەمان درێژدەکرێتەوەو پێویستە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی هەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی چەند دۆسیەیەک لەم خولەی پەرلەماندا، بەنمونە پڕۆژەی نوسینەوەو دەنگدان بەدەستوری هەرێم‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و هەڵبژاردنی کۆمسیۆنێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.

پارتی‌و یەکێتی‌و گۆڕان ئەگەرچی بانگەشەی ئەوە دەکەن لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکیدا تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردۆتەوە، بەڵام هیچ کام لەبەندەکانی ڕێککەوتنەکەیان ئاشکرانەکردوەو کەس نازانێت لەسەر چ بنەمایەک ڕێککەوتون‌و لەمساڵ‌و نیوەدا چی دەکەن.

بەشێک لەڕەخنەگران‌و چاودێرانی سیاسی پێیانوایە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان کورتکردنەوەی تەمەنی هەرێمی کوردستانە بەجۆرێک کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی دەبێتە جێی نیگەرانی‌و سەرنجی دۆستەکانی کوردو ڕەنگە لێکەوتەی خراپی هەبێت بۆ داهاتوو.

بەشێکی تر لەچاودێران‌و چالاکانی سیاسی پێیانوایە کاتێک گەورەترین دامەزراوەی یاسادانان هەر خۆی یەکەم کەس دەبێت پێشێلی یاساکان دەکات‌و هیچ گوێناداتە پەیرەوکردنی یاساکان، ئیدی هیچ واتایەک بۆ یاساو پەرلەمان‌و شەرعیەتی دەنگدەر نامێنێتەوەو لەبری دامەزراوە، خێڵ‌و حزب‌و پارەو بەرژەوەندی حوکمی هەرێم دەکات.