شارپرێس ـ كه‌نداڵ جودى:
تورکیا هه‌وڵه‌كانى ده‌ستپێكرد بۆ كۆتاییپێهێنان بەو گروپه چه‌كداریانه‌ى دژی نزیکبونەوەی ئەنكەرەو دیمەشقن، له‌یه‌كه‌م هه‌نگاویشدا به‌ره‌ى شام-ى بۆ ناو عه‌فرین ڕه‌وانه‌كردو له‌ئێستاشدا شه‌ڕێكى قورس بۆ توركیا ده‌كات له‌دژى هه‌موو گروپه‌كانى دیكه‌ى سه‌ر به‌توركیا كه به‌مدواییه خۆپیشاندن‌و ناڕه‌زاییان دژى توركیا نیشاندا له‌به‌رامبه‌ر نزیكبونه‌وه‌ى له‌سوریا، چونكه سوریا یه‌كه‌م داواكاریی له‌توركیا كۆتایی پێهێنانى سوپاى ئازادى سوریا بوه كه توركیا هاوكاریی ده‌كات، هه‌سه‌ده‌ش مه‌ترسیه‌كى گه‌وره ئاشكراده‌كات‌و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌ئاگا دێنێته‌وه.
لەعەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان کە لەساڵی 2018وە لەژێر دەستی سوپای ئازادى سوریا‌و سوپای تورکیادایە، لەڕۆژانی ڕابردودا لەنێوان به‌ره‌ى تەحریر شام (جەبهەی نوسرەى پێشوو)و چه‌كدارانى سوپای ئازادى سوریادا شەڕی قورس ڕویدا‌و لەئەنجامی ئەو شەڕەدا به‌ره‌ى تەحریر شام ناوەندی عەفرینیان کۆنترۆڵکردو چه‌كدارانى سوپای ئازادى سوریا کشانەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی شارپرێس، هەرچەندە سوپای تورکیا لەعەفرین‌و گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى بونیان هه‌یه، بەڵام دوای 48 کاتژمێر له‌شەڕو پێكدادان ئه‌وان بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردو ته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێك شوێن هاوكارى ته‌حریر شامیشیان كردوه.
شارپرێس ئه‌وه‌شى زانیوه، بەهاوکاری تەحریر شام له‌چه‌ند شوێنێكى ناو سه‌نته‌رى شاره‌كه خاڵی پشکنینیان لەعەفرین دامەزراندوە ئەوەش ئاماژەیه تورکیا پشتگیری تەحریر شام دەکات‌و چیتر نایه‌وێت چه‌كدارانى سوپای ئازادى سوریا له‌وێ بمێننه‌وه. لەم ڕاپۆرتەدا سەرنجڕادەکێشین بۆ گۆڕانکارییەکانی دوای ئەوەی تەحریر شام چونە ناو عەفرینەوە.
گۆڕینی نەخشەی سیاسی‌و سەربازی لەباکوری سوریا
تەحریر شام کە لەلیستی تیرۆری نێودەوڵەتیدایه‌و ئێستا حاكمى عه‌فرینه، ئاشکرایە کە چەندین گۆڕانکاریی سیاسی‌و سەربازیی بۆ سوریا‌و بەتایبەتی لەباکوری سوریا دروستدەکات بەتایبەتی تورکیا لەهەوڵی ئاشتبونەوەدایە لەگەڵ سوریا‌و له‌هه‌مانكاتیشدا چه‌كدارانى سوپای ئازادى سوریا‌و خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکانی سوریاش دژی ئه‌و ئاشتبونه‌وه‌یه‌ن.
پلان بۆ لاوازکردنی گروپە توندڕه‌وه‌كان
هەرچەندە بەپێی وتەی ڕیاز دەرار هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە)، دەبوو هەموو گروپە چەتەکان یەکبگرن‌و بکەوێتە ژێر ئیرادەی دەوڵەتی تورک‌و دواتر پەنا بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ ڕژێمی سوریا ببه‌ن، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه ڕویدا.

ڕیاز دەرار
ڕیاز دەرار ده‌ڵێت:"کاتێک تورکیا باسی ئاشتەوایی لەگەڵ سوریا کرد، چەندین گروپی توندڕه‌و دژی ئەوەبون، دواتریش تورکیا له‌كاردانه‌وه‌دا ڕێگەی بەبه‌ره‌ى تەحریر شام دا بچنە ناو عه‌فرینه‌وه‌و کۆنترۆڵی ئەو گروپه ناڕازیانه بکەن بۆ ئەوەی بتوانن دواتر كاتێك لەگەڵ سوریا ئاشتبونەوە، هیچ كێشه‌یه‌كیان بۆ نه‌یه‌ته پێش.
مستەفا عەبدی سەرۆکی ناوەندی دۆکیۆمێنتی پێشێلکارییەکانی باکوری سوریا هاوڕایە لەگەڵ بۆچونی ڕیاز دەرارو باس له‌وه‌ده‌كات، تەحریر شام ئەو پلانە جێبەجێدەکات کە داواکراوە لێى، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه گروپە توندڕه‌وه‌كانى ناو سوپای ئازادى سوریا لاوازبکات‌و کارەکانیان سنوردار بکات، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌یه، دواى پلانه‌كه‌ى، تەحریر شام بکشێتەوە ئەو ناوچانەی پێشتر لێى بوه.
چاودێران ده‌ڵێن، کاتێک تەحریر شام چوه عەفرین، نە ڕوسیا‌و نە حکومەتی سوریاش قسه‌یه‌كیان له‌وباره‌یه‌وه نه‌كرد، بۆیه واده‌بینرێت پەڕینەوەی تەحریر شام بۆ عەفرین، پلانێکی هاوبەشی تورکیا‌و ڕوسیایە.
زەمینەی ئاشتەوایی لەگەڵ حکومەتی سوریادا
ڕیاز دەرار کە بۆ شارپرێس قسەی کرد وتى:"تورکیا دەیەوێت تەحریر شام لەناوچەکەدا بڵاوبێتەوەو ڕەنگە ڕوسیاش ئەمەی بوێت، یان لەوانەیە بڵاوکردنەوەکە لەئەنجامی ڕێککەوتنی هەواڵگریی تورکیا بێت لەگەڵ ڕژێمی سوریا".
هاوكات مستەفا عەبدی ئه‌وه‌ى بۆ شارپرێس ڕونكرده‌وه، ئەو پێشکەوتنانەی ئێستا لەناوچەكانى حەلەبدا ڕوو دەدەن بەشێکن لەپڕۆژە نوێیەکەی تورکیا لەهەرێمەکە بۆ ئامادەکردنی زەمینەی ئاشتەوایی لەگەڵ ڕژێمی سوریا.
عەبدی ئاماژه به‌وه‌شكرد، تەحریر شام لەشەڕی ڕابردودا فەیلەقی سێیەم بەتوندی دژایەتی پیلانەکانی تورکیایان کرد‌و لێدوانەکانی ئەردۆغانی بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ دیمەشق ڕەتکردەوەو پشتگیریی تورکیایان نەکرد بۆ سەرکردایەتیکردنی چەتەکان لەلیبیاو ئازەربایجان.
تەحریر شام لەلیستی تیرۆردایە، چونكه پێشتر به‌ناوى (به‌ره‌ى نوسره) كاریانكردوه، چاودێرانیش ده‌ڵێن، ئەگەر شێوازى كار‌و كرده‌وه‌كانى خۆى بگۆڕێت‌و لەکردەوە تیرۆریستییەکان دوربكه‌وێته‌وه، ئەوا ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌یه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى‌و به‌تایبه‌ت سوریا‌و ڕوسیاشه‌وه مامه‌ڵه‌و دیالۆگى له‌گه‌ڵ بكرێت.
هه‌روه‌ك له‌لایه‌ن توركیاشه‌وه ئه‌و ئۆفه‌ره‌ى پێدراوه ئه‌گه‌ر ئه‌وكاره بكات‌و دەست بەسەر هەموو گروپە چه‌كداریه‌كاندا بگرێتە، ئه‌وا له‌دانوستانه‌كاندا به‌دور نازانرێت به‌شداریی پێبكرێت.
پشتیوانی بۆ تێپەڕبونی تەحریر شام لەعەفرین‌و ئامانجی تورکیا
تورکیا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌حکومەتی دیمەشق نزیكبۆته‌وه‌و له‌هه‌وڵى ڕێكه‌وتنى ته‌واودایه، هه‌وڵێكى دیكه‌شى ئه‌وه‌یه، دەیەوێت بەلەناوبردنی ئەو گروپانە، ئەو تاوانانەی كه گروپه‌كانى سه‌ر به‌ئه‌و لەعەفرین ئەنجامیانداوە بشارێتەوە.
له‌و ڕوه‌شه‌وه دەرار ڕایگەیاند، چەتەکانی سەر بەتورکیا عەفرینیان داگیرکردوەو گەورەترین پێشێلکارییان دژى مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر بەخەڵکی عەفرین‌و خاکەکەیی‌و زەیتونەکانی ئەنجامداوە، وەک وێنەیەکی خراپ بەناوی تورکیا لەعەفرین دروستکراوە.
ده‌شڵێت:"زۆر هه‌وڵیاندا له‌عه‌فرین ئیداره‌یه‌ك دابمه‌زرێنن‌و وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤى ئیداره‌ى خۆسه‌ر بیناسێنن له‌كاتێكدا ده‌وڵه‌تێكى گه‌وره‌ى وه‌ك توركیاشیان له‌پشت بوو، به‌ڵام بۆیان نه‌كراو نه‌یانتوانى، چونکە هەر گروپێکی چه‌كدار خاوه‌ن بڕیارێكه‌و هه‌ریه‌كه‌شیان له‌شوێنێكى عه‌فرین خۆى به‌باڵاده‌ست ده‌زانێت".
ئه‌وه‌شى وت:"كاتێكیش ڕێگه به‌ته‌حریر شام ده‌درێت بچێته ناو عه‌فرینه‌وه‌و كۆنترۆڵى ته‌واوه‌تى شاره‌كه‌وه ده‌وروبه‌رى بكات، توركیا نیشانى ده‌دات كه تواناى هه‌یه كۆنترۆڵى سه‌رجه‌م ناوچه‌كه بكات‌و سه‌رجه‌م گروپه‌كانیش به‌سه‌ركردایه‌تى ته‌حریر شام یه‌كبخات، ئێستاش هه‌وڵده‌دات ئاسایشى شاره‌كه ڕێكبخاته‌وه‌و ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ى ڕویان له‌توركیاو ناوچه‌كانى دیكه‌ى سوریا كردوه پێیان بڵێت هه‌موو شتێك باشه‌و ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه، ئه‌مه‌ش په‌یامێك ده‌بێت بۆ سوریا كه به‌ڵێ ئه‌وه‌ى تۆ ویستت من كردم‌و ئیتر كاتى ڕێكه‌وتنه".
هه‌روه‌ك مسته‌فا عه‌بدى-ش هه‌مان ئه‌و بۆچونه‌ى هه‌یه‌و ده‌ڵێت:"ئەوەی ئێستا ڕودەدات ئاماده‌كاریی توركیایه بۆ دوو مه‌به‌ست، یه‌كه‌میان نزیكبونه‌وه له‌سوریاو دوه‌میش گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و كۆچبه‌رانه‌یه كه عه‌فرینیان جێهێشتوه پێش هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی 2023ى توركیا".
چارەنوسی خەڵکی عەفرین چی دەبێت؟
سەبارەت بەچارەنوسی خەڵکی عەفرین دوای ئەوەی تەحریر شام چوه ناوشاره‌كه‌وه، ڕیاز دەرار ئەم هەڵسەنگاندنەی بۆ شارپرێسدا كرد‌و وتى:"هەر هێزێک بچێتە عەفرین هەڕەشە لەخەڵکی عەفرین دەکات، بەڵام ئەگەر ڕێکەوتنێک لەنێوان تورکیا‌و سوریادا هەبێت، ڕەنگە ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌بێت ڕادەستی ڕژێمی سوریا بکرێت‌و ئه‌وكاتیش سوریا‌و ته‌حریر شام بكه‌ونه دانوستان بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و گروپه له‌عه‌فرین بمێنێته‌وه.
لاى خۆیشیه‌وه عەبدی تیشکیخستەسەر چارەنوسی خەڵکی عەفرین‌و ڕایگه‌یاند، "ئەگەر تەحریر شام بێت یان سوپای ئازادى سوریا، هەموو ڕێکخراوەکان پیلانی تورکیا لەناوچەکەدا جێبەجێدەکەن‌و ناتوانن لەدەرەوەی ویست‌و پڕۆژەی تورکیا کاربکەن، تورکیا ئامانجی ئه‌وه‌بوو عه‌فرین به‌كه‌سانى ناڕه‌سه‌ن داگیربكات، من باوەڕم وایە کە بونى ته‌حریر شام یان گروپه‌كانى دیكه هیچ له‌نه‌هامه‌تیه‌كانى كورد كه‌مناكاته‌وه‌و ئه‌گه‌ر زیاتریشى نه‌كات".
عەفرین لەژێر دەسەڵاتی تەحریر شام-دا دەبێت
دەزگا ڕاگەیاندنەکانی نزیک لەگروپه چه‌كداریه‌كان بانگەشەی ئەوەدەکەن، ئێستا تەحریر شام لەعەفرین کشاونەتەوەو هیچ ڕۆڵێکیان نییە.
بۆ ئه‌وه‌ش مستەفا عەبدی سەرۆکی ناوەندی دۆکیۆمێنتكردنى پێشێلکارییەکانی باکوری سوریا باس له‌وه‌ده‌كات، تەحریر شام لەوانەیە بەشێک لەچەتەکانی بکشێنێتەوە، بەڵام لەڕێگەی دەزگا ئەمنییەکانی‌و حکومەتی ئه‌نكه‌ره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و كۆنترۆڵى ته‌واوى ئه‌و ناوچانه ده‌كات، پێشیوایه، جگە لەڕوسیاو سوریا‌و ئێران، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش‌یش تائێستا بێدەنگبون لەفراوانبونی ده‌سه‌ڵات‌و هێزى تەحریر شام کە لەلیستی تیرۆردایه.

مستەفا عەبدی
سەبارەت بەم بێدەنگییە مستەفا عەبدی تەئکیدیکردەوە، لەگەڵ بڵاوبونەوەی چه‌كدارانى تەحریر شام لەسوریا بەتایبەتی کە چەندین جیهادیی مەترسیداری قاعیدەو داعش‌و تیرۆریستانى تر‌ى له‌ناودایه هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هیچى نه‌وت‌و ناشزانرێت بۆچى.
هه‌سه‌ده چی وت؟
لەسەر هەمان بابەت، ناوەندی پەیوەندییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، تورکیا پلانی وایە لەعەفرینەوە بۆ مه‌نبه‌ج‌و ڕۆژئاوای کۆبانێ كه‌مپێكى گه‌وره‌ى تیرۆریستی دروستبکات‌و بۆ هه‌ر په‌لامارێكى بۆسه‌ر كورد‌و ڕۆژئاواى كوردستان ئه‌و كه‌مپه‌ى تیرۆریستان به‌كاربهێنێت.
هەسەدە ئاشكراشیكردوه، تورکیا ناوچە داگیرکراوەکانی کردوەتە ژینگەیەکی ئارام بۆ گروپه تیرۆریستییەکان، بۆیه لێره‌دا پێویستە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی بەخێرایی کاربکات بۆ ڕێگری‌کردن لەبڵاوبونەوەی ئەو تیرۆریستیانە.
ش.هـ