ئەخلاقی سیاسی

مەلەفی تایبەت

02/11/2022‌ 1359 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئارام قادر حەمە

فەیلەسووفان ڕایان جیایە بۆ ئەخلاق و سیاسەت، ئەفلاتۆن و ئەرستۆ ئەخلاقیان بە کاکڵەی سیاسەت داناوە، دادپەروەری لای ئەفلاتۆن و خۆشگوزەرانی گشتی لای ئەرستۆ ئامانجی سیاسەتن و دەچنە چوارچێوەی ئەخلاقی سیاسی. بەڵام لای ماکیاڤیلی و ھۆبز ئەخلاق کۆتای پێدێت، ماکیاڤیلی بە توندی ئەخلاقی جیاکردەوە لە سیاسەت، لە کتێبی میردا ئامۆژگاری میر دەکات و دەڵێت دەبێت میر ھەموو شتێک بکات لە پێناو خۆیدا، واتا میر ھەموو ھۆکارەکان بگرێتەبەر لە پێناو ئامانجەکاندا، دەبێت میر بەھێزبێت و وابکات خەڵک لێی بترسن نەک خۆشیان بوێت، دەبێت میر فێڵبازبێت و لەیەککاتدا شێر و ڕێوی بێت. ھۆبزیش ئەخلاقی دابڕاند لە سیاسەت، باوەڕی وابوو دەبێت پاشا بۆ ئازادی کەسێک ئازادی کەسێکی تر پێشێل بکات، ڕەوایەتی دابوو بە ستەمکاریی پاشا بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە، ھۆبز گوتی مرۆڤ گورگە بۆ مرۆڤ. فەیلەسووف کانت ئەخلاقی بەتوندی بەستەوە بە سیاسەت و گووتی دەبێت کاربەدەستان خاوەنی ئەخلاقی باش بن، گووتی ئەخلاق مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە، لای کانت چەند کارێکی ئەخلاقی ھەیە بۆ کاربەدەستان وەک داننان بەھەڵە و دەرنەچوون لەچوار چێوە گشتیەکانی کۆمەڵگە و پاساو نەھێنانەوە بۆ کارە نائەخلاقییەکان. ئەمانە ئەخلاقی سیاسین بۆ کاربەدەستان. ئەخلاقی سیاسی کاتێک بوونی نامێنێت کۆمەڵگە بەرەو ستەمکاری و ئاژاوە و نائارامی دەڕوات چونکە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە مەترسییەوە. کاتێک خوێندنەوە بۆ مێژووی سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی ئێرە دەکەین چەندان جار کۆتایی ئەخلاقی سیاسیان دەبینین، پێشێلکردنی خۆشگوزەرانی و ئازادییەکانی تاکی کۆمەڵگەی کوردی کۆتایی ئەخلاقی سیاسیمان نیشان دەدات، سیاسیەکان نە خاوەنی دادپەروەرییەکەی ئەفلاتۆن و نە خۆشگوزەرانیەکەی ئەرستۆن! پاساو بۆ کارە نائەخلاقییەکانیان دەھێننەوە و چوار چێوە گشتیەکانی کۆمەڵگە وەک (کانت) گووتی دەبەزێنن. ڕابوردووی سیاسییەکان پێمان دەڵێ ئەخلاقی سیاسی لە زۆر کاتدا کۆتایی ھاتووە، خیانەتی نیشتیمانی و مافیاکڕاتی و برسیکردن و خۆسەپاندنی سیاسی و درۆی سیاسی و ھەڕەشە و تیرۆری ڕۆژنامەنوسانی ئازاد، ئەمانە چەندین کاری نائەخلاقی سیاسین. کۆمەڵگە بێدەنگەکان پڕن لەو سیاسییانەی گەیشتوونەتە کۆتایی ئەخلاقی سیاسی و واز لە سیاسەت ناھێنن! کۆمەڵگە ئازاکانیش ڕێگا لە دووبارە بوونەوەی نائەخلاقی سیاسی دەگرن. وەک چەرچڵ گوتی ئەوکارانەی لەدەرەوەی بەڕیتانیا ئەنجامم داون گەر لەناو بەڕیتانیا ئەنجامم دابان، تاکۆتای ژیانم لە زینداندا دەبووم، چونکە زۆربەیان کاری نائەخلاقی سیاسی بوون. ئێمە تا ئێستاش گیرۆدەی سیاسەت و حکومڕانییەکین کە ئەخلاقی سیاسیی لە ژێر پرسیاردایە. ئەم دۆخە خراپەی ئێستاش دوورە لە ئەخلاقی سیاسیی و عەقڵییەتی حکوومڕانی.