شارپرێس:
سعودییە ڕایگەیاند، بەنیازە لەچوارچێوەی دەستپێشخەریی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەوز"دا 50 ملیار نەمام بچێنێت کە بەگەورەترین بەرنامەی ڕواندنی درەخت لەجیهاندا دادەنرێت، ئەمەش بەئامانجی ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواو پاراستنی ژینگە.
لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی "عوکاز"ی سعودی ڕایگەیاندوە، دەستپێشخەرییەکە "جیاوازییەکی جیهانی" لەپاراستنی سروشتو زیندەوەرە زیندوەکانو بەرەنگاربونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دروستدەکات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، چاندنی 50 ملیار نەمام لەناوچەکەدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆنو بەرەنگاربونەوەی پیسبونو تێکچونی زەوی.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەستپێشخەرییەکە پاڵپشتی باشترکردنی کوالێتی ژیانو پاراستنی نەوەکانی داهاتوش دەکات، بەوپێیەی بەشدارە لەقوڵکردنەوەی پشتبەستن بەوزەی پاک، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سوتاندنی نەوتو پاراستنی ژینگە.
بەوتەی ڕۆژنامەکە، سعودییە هەوڵدەدات لەڕێگەی دەستپێشخەرییەکەوە یەکەم هاوپەیمانی لەوجۆرە لەناوچەکەدا بۆ بەرەنگاربونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دروستبکات، هەروەها سەکۆیەک دابینبکات کە زانستو سەرمایە تێکەڵبکات بەئامانجی پێشخستنی وەبەرهێنانو گواستنەوەی زانیاریی پێویست بۆ بەرەنگاربونەوەی ئاڵهنگارییەکان.
و: ئاکۆ ئاڵی
