شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنی هیندستان ڕایگەیاندوە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای پاکستانەوە لەسەرتاسەری هیندستان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، جوڵەو چالاکی 32 فڕۆکەخانەی مەدەنیان ڕاگرتوە.
ڕۆژنامەیەکی تایمز ئۆف ئیندیا بڵاویکردوەتەوە، بڕیاری داخستنو ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەو 32 فڕۆکەخانەیە تاوەکو کاتژمێر 05:29 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی 15ی ئەم مانگە بەردەوامدەبێت.
هەروەها ئاژانسی ANIی هیندستان بڵاویکردوەتەوە، چەند شارێکی هەردوو هەرێمی پەنجابو ڕاجاستانی هیند بەهۆی هەڵکەوتنیان لەسەر سنوری پاکستان، کەوتونەتە بەر هێرشێکی چڕی درۆنی سوپای پاکستان.
ئاماژەی بهوهشكردوه، بەهۆی هێرشە درۆنەکانی پاکستان لەهەردوو هەرێمی ڕاجستانو باسانکوت تەزوی کارەبا پچڕاوە، جیا لەم دوو هەرێمە، دەنگی بەهێزی چەند تەقینەوەیەکیش لەشاری ئەمیرتسار بیستراوە، ئەمە یەکەمجارە لەسەرەتای دروستبونی پێکدادانەکانەوە، یەکەمجارە ئەوشارە دەکەوێتە بەر هێرش.
ئاژانسەکە ئەوەشی بڵاوکردوەتەوە، لەشاری فەیروزپوری هەرێمی پەنجاب، بەدرۆن باڵەخانەیەکی مەدەنی کراوەتە ئامانجو بەهۆیەوە تەنها سێ کەس برینداربون.
لەناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوەوە، ناکۆکیو ئاڵۆزییەکانی نێوان هیندستانو پاکستان تەقییەوەو جەنگ لەنێوانیاندا هەڵگیراوە، لەسەرەتای هێرشەکانیشەوە تائێستا ناوچە سنورییەکانی هەرێمی جامۆو کەشمیری هیندستان بەدرێژایی سنور لەلایەن سوپای پاکستانەوە بەدرۆن هێرشیاندەکرێتەسەر.
ئهمهش لهكاتێكدایه، ڕۆژی چوارشەممە پێشکەوتنێکی سەربازیی بێوێنەی لەکیشوەری هیندستاندا بەخۆیەوە بینی، بەوپێیەی پاکستان خستنەخوارەوەی پێنج فڕۆکەی جەنگیی هیندستانی ڕاگەیاند کە سێ فڕۆکەی جەنگیی ڕافالی فەرەنسی لەنێویاندا بوو، ئەمەش یەکەم شەڕی ڕاستەوخۆ بوو کە تەکنەلۆژیای سەربازیی چینی بەتەواوەتیی تێیدا بەشداربوو.
ئەو ئۆپەراسیۆنەی هیندستان دەستیپێکرد بەناوی "
سندور"، پێگەکانی پاکستانی لەکشمیرو دەوروبەری موزەفەر ئاباد کردە ئامانج کە گوایە کەمپی تیرۆریستی تێدایە، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕافالی فەرەنسیو فڕۆکەی جەنگی میگ-29و سوخۆی-30ی ڕوسیو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی هێرۆن بەشدارییان لەهێرشەکەدا کردو بەکەڵکوەرگرتن لەموشەکی SCALPو بۆمبی وردپێک.
بهگوێرهى هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، هێرشەکە کە بە"دڕندەو سەرسوڕهێنەر" وەسفکراوە، 26 پاکستانی کوژراون کە کچێکی تەمەن سێ ساڵان بوەو 46 کەسی دیکەش برینداربون، بەڵام گەورەترین سەرسوڕمان وەڵامی پاکستان بوو، چونکە هێزی ئاسمانیی پاکستان ڕایگەیاند، هەموو فڕۆکە بەشداربوەکانی خستوهتە خوارەوە، ئەمەش هەنگاوێکی بێوێنەیە.