هیندستان‌و پاكستان هێرشیانكرده‌وه‌سه‌ر یه‌كتر

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1709 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی هیندستان سێ بنکەی هێزی ئاسمانیی پاکستانی کردە ئامانج، پاکستان بەدرۆن هێرشیکردەسەر هیندستان‌و گرژییەکەی نێوانیان زیاتربون، ئەمریکا پلانی هەیە دوو وڵاتەکە لەسەر یەک مێز کۆبکاتەوە، سوپاى هیندستانیش ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت:"پاكستان هێرشه‌كانى زیادكردوه‌".


ئه‌مڕۆ سوپای هیندستان لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، پاکستان چەند هێرشێکی نوێی کردوەو ئەوان بەشێوەیەکی ڕون گرژییەکان زیاد دەکەن؛ بەدرۆن‌و چەکی دیکە هێرشدەکەنەسەر سنوری ڕۆژئاواى هیندستان.
 
سوپای هیندستان ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "چەندین درۆنی دوژمن لەئاسمانی هیندستان بینران‌و ڕاستەوخۆ لەلایەن یەکە بەرگرییەکانمانەوە خرانەخوارەوە".

چەند کاتژمێرێک پێش ئەو هێرشەی پاکستان کە بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ شەممە کردی، ئەحمەد شەریف چۆدری وتەبێژی سوپای پاکستان ڕایگەیاند، هیندستان پێشتر بەموشەک سێ بنکەی هێزی ئاسمانیی پاکستانی بەئامانجگرتوە، بۆیە وەڵامیان داوەتەوەو زۆربەی موشەکەکانیش خرانە خوارەوە.
 
دوو وڵاتەکەی باشوری ئاسیا لەڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوەوە هێرشدەکەنەسەر یەکتر؛ ئەوەش دوای ئەوەهات لەهەرێمی کشمیری کێشە لەسەری نێوانیان، 26 گەشتیاری زۆرینە هیندۆس لەبەشی هیندستان بەدەستی چەکدارانی دوو گروپی پاکستانی کوژران، نیودەلهی پەنجەی تۆمەتی بۆ ئیسلام ئاباد درێژکردو هێرشیکردەسەر.