موچه‌ى مانگى چوار چى به‌سه‌رهات؟..هه‌واڵێكى ناخۆش بۆ موچه‌خۆران

ئابوری

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 14062 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فراكسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى عێراق هه‌واڵى ناخۆشى بۆ موچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان پێیه‌، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌و فراكسیۆنه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "عێراق به‌موچه‌ى مانگى چوارى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، كورتهێنانى خۆى پڕده‌كاته‌وه‌".


سه‌ربارى تێپەڕبونی 44 ڕۆژ بەسەر نه‌دانى موچه‌ى مانگى چواردا، وەزارەتی دارایی عێراق تائێستا موچەی ئه‌و مانگه‌ى موچەخۆرانی هەرێمی نەناردوەو هیچ واده‌یه‌كیش بۆ ناردنى دیارنییه‌، ئەوەش لەكاتێكدایە دابەشكردنی موچەی مانگی پێنجی خانەنشینان‌و فەرمانبەرانی عێراق دەستیپێكردوە.

مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرایكردوه‌، عێراق دەیەوێت بەدەستبردن بۆ موچەی خەڵكی كوردستان ئەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت دروستبوە، بەجێگەی پەنابردن بۆ یەدەنگی بانكی ناوەندیی.

پێشتریش حكومەتی فیدڕاڵی ڕایگەیاندبوو، بەهۆی دابەزینی نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ خوار ئەو نرخەی كە لەبودجەی گشتیدا دیاریكراوە، ئاستی كورتهێنان لەبودجەی گشتیدا بەڕێژەیەكی زۆر كەڵەكە دەبێت‌و گرفت بۆ داهات‌و خەرجی دروستدەكات.

به‌وته‌ى قەرەنی، "سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم لە22ى نیسانى ڕابردوه‌وه‌ لیستی موچەی بۆ به‌غدا ناردوە، كەچی تائێستا وەزارەتی دارایی عێراق، نەك هەر هیچ بڕە پارەیەكی بۆ موچەی فەرمانبەرانی هه‌رێم نەناردوە، بەڵكو نوسراوی خەرجكردنی پارەی موچەش لەلایەن وەزارەتی داراییەوە واژۆنەكراوه‌ كە ئەمەش جێی نیگەرانییەكی زۆرە".

وه‌كو ئەو پەرلەمانتارە باسیكردوه‌، "حەقیقەتەكە ئەوەیە؛ عێراق پێی حەیفە موچە بۆ خەڵكی كوردستان بنێرێت‌و هەر كاتێك داهاتەكانی عێراق كەمدەبێتەوە، لەجیاتی ئەوەی دەست بۆ بەكارهێنانی یەدەگی بانكی ببات، دەست بۆ موچەی خەڵكی كوردستان دەبات‌و بەم ڕێگەیە كورتهێنانەكەی پێ پڕدەكاتەوە، جێی نیگەرانییە كەسانێكیش هەن لەناوخۆی كوردستان پاساو بۆ دواخستنی موچە لەلایەن بەغدا دەهێننەوە".