شارپرێس:
وتەبێژی کۆشکی سپی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەوڵی گۆڕینی ناوی کەنداوی فارس بۆ کەنداوی عەرەبی بدات.
کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی:"سەرۆک ترەمپ تائێستا هیچ قسەو بڕیارێکی لەسەر ئەم پرسە نەداوە، هەربۆیە دەنگۆیانەی بەناوی سەرۆک ترەمپەوە بڵاوکراوەتەوە، ڕاست نین".
وتیشی:"ڕاستی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ پرسیاری ڕۆژنامەنوسێک، چوارشەممەی ڕابردوو لەدۆناڵد ترەمپی پرسی گوایە هەوڵی گۆڕینی ناوی کەنداوی فارس بۆ عەرەبی دەدەیت، ئەوکاتە سەرۆک ترەمپ وتی: هەرچەندە نازانم هیچ کەسێک بەکارێک وەها دڵگرانو نیگەران دەبێت یان نا، بەڵام هیچ بڕیارێک لەئارادانییەو نامەوێت هەستی هیچ کەسێک بریندار بکەم".
دوای ئەوەی پێگەی ئینتەرنێتی گوگڵ ماپ لەسەر نەخشە ناوی کەنداوی فارسی بۆ کەنداوی عەرەبی گۆڕی، کۆماری ئیسلامی ئێران لەئاستی باڵای سیاسیو ئاینییەوە ناڕەزاییان دەربڕی.
سەرەیای ئەم دەنگۆیە لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکی بڵاوکرایەوە، گوایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەچوارچێوەی گەشتەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسعودیە گۆڕینی ناوی کەنداوی فارس بۆ عەرەبی ڕادەگەیەنێت.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، لە 9ی شوباتی ئەمساڵدا لەچوارچێوەی گەشتێکی ئاسمانی بەسەر کەنداوی مەکسیک، هەر لەنێو فڕۆکەکەیدا بڕیاری گۆڕینی ناوی کەنداوی مەکسیک بۆ کەنداوی ئەمریکا ئیمزاکرد.
