ویتکۆف لەبارەی گفتوگۆكانی رۆژی یەك شەممەی تاران و واشنتن هۆشداری دەدات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 239 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ستیڤ ویتکۆف، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمریکا لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران، هۆشداری دا لەوەی ئەگەر خولی چوارەمی دانوستان لەگەڵ تاران بێ ئەنجام بێت، واشنتۆن "رێگایەکی جیاواز" دەگرێتەبەر.

ویتکۆف لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بریتبارت نیوز جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا هیچ ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران قبوڵ ناکات مەگەر "ڕێککەوتنێکی بەهێز" نەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر خولی داهاتووی دانوستانەکان لەگەڵ تاران ئەنجامێکی بەرجەستەی لێنەکەوێتەوە، ئەوا گفتوگۆکان دەست پێناکەنەوە، ئەمریکاش ناچار دەبێت ڕێگەیەکی بەدیل بگرێتەبەر.

هەروەک وتویەتی: سەرۆک دۆناڵد ترەمپ باوەڕی بە ئاشتیی هەیە لە ڕێگەی هێزەوە، ئەمەش لە بنەڕەتدا بەو مانایەیە کە پەنابردن بۆ توندوتیژیی و شەڕ مەرج نییە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەدا بێت، هەروەک مەرج نییە باشترین ڕێگا بێت بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئاگربەست و ئاشتیی بەردەوام- جا هەر ناوێکی لێبنرێت.

بەوتەی ویتکۆف، ترەمپ  سەرکردەی وڵاتێکی زلهێزە، بەهێزترین نەتەوەیە لەسەر زەوی، ئەگەر بیویستایە دەیتوانی لە هەموو شوێنێک هێزی سەربازیی بەکاربهێنێت، بەڵام باوەڕی بەوە نییە کە لە زۆر بارودۆخدا سوودی هەبێت. 

دەشڵێت: کەواتە، دیالۆگ و ڕێگای دیپلۆماسی دوو ڕێگان کە ترەمپ هەمیشە ئامادەیە بیگرێتە بەر، چونکە ئەگەر بتوانێت بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەرێکی سەرکەوتوو بخاتەڕوو کە لە بەرژەوەندی ئەمریکا بێت، ئەوە ڕێچکەیەکی باشترە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشەکانی جیهان کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.
تا ئێستا سێ خولی وتووێژ لە نێوان تاران و واشنتۆن لە مەسقەت و ڕۆما بەڕێوەچووە. قۆناغی چوارەم کە بڕیار بوو لە 2ی ئایار لە ڕۆما بەڕێوە بچێت، هەڵوەشایەوە، لە کۆتاییدا لایەنەکان ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی خولی داهاتووی دانوستانەکان لە ڕۆژی یەکشەممە 11ی ئایار لە شاری مەسقەت.
ئامادەکردن: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی