فۆزا یوسف: کوردانی ڕۆژئاوا لەسەر لامەرکەزی ڕێککەوتوون و کوردستان پێویستی بە هێزێکی بەرگری هاوبەش هەیە

ڕاپۆرت

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 342 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: کەنداڵ جودی

بەرپرسێکی باڵای ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ شارپرێس دەڵێت، کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر لامەرکەزی ڕێککەوتوون.

فۆزا یوسف هاوسەرۆکی لیژنەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بەناوی ئیدارەی خۆسەر دانوستان لەگەڵ دیمەشق دەکات و هاوکات ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە، ڕایدەگەیەنێت: کورد پێویستی بە دیپلۆماسی و هێزێکی هاوبەشی بەرگری هەیە لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان.  

چەند ڕۆژێک بەسەر کۆنفرانسی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی پێگەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان تێپەڕیوە. ئەم کۆنفرانسە دڵخۆشییەکی زۆری لای کورد و هێزە سیاسییەکانی دروست کرد.

شارپرێس: ئەم کۆنفرانسە لەسەر یەکگرتوویی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە جیهاندا دروست کردووە و لەلایەن دەوڵەتە گەورەکانەوە پاڵپشتی کراوە. گرنگی ئەم کۆنفرانسە چی بوو؟ 
فۆزا یوسف: ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکی چارەنووسسازدا بەڕێوەچوو، بەو پێیەی ئەمڕۆ گۆڕانکاری گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات. کوردیش بەشێکە لەم دۆخە، بۆیە کاتێک پێگەی کورد یەکگرتوو بوو، کاریگەری لەسەر هاوسەنگی سیاسی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەبێت. لە هەمان کاتدا بەستنی ئەم کۆنفرانسە بەندە بە بارودۆخی گشتی کوردستانەوە. بۆ نمونە ئەمڕۆ لە تورکیا پرۆسەیەک لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان دەستیپێکرد. ئەگەر ئەو دیدارە لەسەر ئیمرالی نەبوایە، ئەم کۆنفرانسە نەدەکرا. تا ئێستا تورکیا بەربەستێکی گەورە بووە لەبەردەم بەستنی ئەم کۆنفرانسە، تورکیاش کاریگەری لەسەر هێزە کوردییەکان کردووە بۆ ئەوەی ئەم کۆنفرانسە و یەکڕیزی کورد نەیەتە ئاراوە. بۆیە بە هۆی گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچەکە، کوردیش هاتە دەنگ و ڕایگەیاند کە ئەوان بوونیان هەیە و هێزێکی ستراتیژین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە یەکڕیزیش کورد بەهێزتر بووە و ئێستا دەتوانێ کاریگەری لەسەر هاوسەنگی سیاسی ناوچەکە دروست بکات. دابەشبوونی کورد زۆر لاوازی دەکردین، بەڵام یەکگرتوویی کورد وایکردووە کە کەسایەتییەکی ترسناک لەسەر نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت. 

شارپرێس: یەکێک لە بڕیارەکانی کۆنفرانس پێکهێنانی لیژنەیەک بوو. تا ئێستا ئەم لیژنەیە پێکهێنراوە؟
فۆزا یوسف: تا ئێستا ئەم لیژنەیە پێکنەهاتووە، پێویستە ئەنەکەسه و پەیەنەکە جارێکی تر پێکەوە گفتوگۆ بکەن بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە و ناوەکەی. 

شارپرێس: ئەگەر لیژنەکە پێکبهێنرێت و تۆ بچیتە دیمەشق، کورد چی لە حکومەتی دیمەشق داوادەکات؟
فۆزا یوسف: لەماوەی ڕابردوودا، کورد بە تەواوی ڕەتکرایەوە و لە دەستووری ئێستای سوریادا هیچ پێناسەیەکی ڕوون بۆ کورد نییە. لە دەستووری هەمیشەیی سوریادا مافی کورد پارێزراو بێت، لەوانەش مافە سیاسییەکان، مافی زمان و خوێندن بە زمانی دایکی، ئیدارەی ناوچەکانی خۆیان، هەروەها کورد لەڕووی ئاسایشەوە پارێزراو بێت، کە هەروەها بابەتی سەرەکی و ژیانین. بۆئەوەی ئەمە ڕووبدات، بڕگەی دەستووری پێویستە، دەبێت بوونی کورد پێناسە بکرێت، زمانی کوردی بناسرێت، مافی سیاسی کورد بناسرێت، سیستمێکی لامەرکەزیش بۆ زامنکردنی داواکارییەکانی ڕابردوو دروست بکرێت. بەڵام تەنها ئەوە بڵێین کە ئێمە کورد دەناسین و زۆر ڕاستەقینەن بەس نییە، هەربۆیە مافەکانمان وەک کورد دەبێت لە دەستووری داهاتووی سوریادا بە نووسراو بنووسرێت و ئەمە گرنگترین مەسەلەیە.

شارپرێس: باسی ئیدارەی ناوچە کوردستانییەکانت کرد. ئێوە لەسەر چی ڕێککەوتوون؟ ئایا فیدرالیزم، کۆنفیدڕاڵی، یان سیستەمێکی لامەرکەزی؟ چ جۆرە سیستەمێکتان دەوێت؟ 
فۆزا یوسف: وەک کورد لەسەر لامەرکەزی ڕێککەوتووین، بەڵام پێویستە زیاتر گفتوگۆ و دانوستان بکەین لەسەر ئەوەی کە مۆدێلەکەی چی دەبێت، واتە مۆدێلەکە چۆن دەبێت، ئایا ئیدارەی خۆسەر دەبێت، یان ئیدارە ناوخۆییەکان چۆن دەبن. پێویستە گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەم شێوازە حوکمڕانییە بکرێت. 

شارپرێس: تەوەرێکی تر ئێستا بووەتە بابەتی کارنامەی کار، لیژنەیەکی تر بە ناوی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهەمان شێوە دەچێتە دیمەشق، ئێوەش هاوسەرۆکی ئەم لیژنەیەن کاری لێژنەکە چیە؟ 
فۆزا یوسف: ئێستا مافی ئێمەیە وەک کورد ئەوەی دەمانەوێت بیڵێین، ئەمەش مافی هەمووانە. لە هەمان کاتدا ئەمڕۆ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سیستەمێکی حوکمڕانی هەیە بە ناوی ئیدارەی خۆسەر کە هەموو گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەخۆدەگرێت. لەم چوارچێوەیەدا ئێمە وەک پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چیمان دەوێت و لە هەمان کاتدا وەک کورد چیمان دەوێت؟ بۆیە لێژنەی کوردی زیاتر باس لە داخوازییەکانی کورد دەکات و لیژنەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە هەموو پێکهاتەکان لەخۆدەگرێت، باس لە سیستەمی حوکمڕانی ئێستا دەکەن. 

شارپرێس: باشە، هەوڵی دیمەشق بۆ دژایەتیکردنی ئەم کۆنفرانسە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ 
فۆزا یوسف: ئێمە وەک پارتە کوردییەکان و ئیدارەی خۆسەر جەخت لەوە دەکەینەوە کە لە سەرەتاوە تا ئێستا ئەوانەی یەکپارچەیی خاکی سوریایان پاراستووە، پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەر و لایەنە کوردییەکان بووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئەو لێدوانەی دیمەشق داویانە دوورە لە ڕاستییەوە و ڕاستی ناڵێن. 

شارپرێس: دوا پرسیارمان، بەستنی کۆنفرانسی یەکگرتوویی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە ئومێدێک بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی لەسەر ئاستی کوردستان دەیبینن؟ 
فۆزا: ڕاستە ئومێد دەبێت، من دەڵێم لە ڕۆژاڤا کۆنفرانسێکی بچووک بەسترا، داوای کۆنگرەی نەتەوەیی دەکرد. زۆر گرنگە ئێمەی کورد دیدێکی هاوبەشمان هەبێت لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان، گۆڕانی گەورە نەک تەنها لە سوریا، بەڵکو لە هەموو کوردستاندا هەیە. بۆیە کورد پێویستی بە یەکڕیزی هەیە.