شارپرێس:
بڕیارە بەریتانیاو فەرەنسا ڕێکبکەون لەسەر ڕێککەوتنێک کە ئەگەری هەیە دوشەممەى داهاتوو هەوڵە هاوبەشەکانیان چڕبکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لەپەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ خاكى بهریتانیا.
ڕۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانی ئاشكرایكرد، ڕێکەوتنەکە 200 ئەفسەرو خۆبەخشی فەرەنسی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات کە لەسەیرانگاکانی کەناڵەکەدا کاردەکەنو فەرەنسا ئامانجی ئەوە دەبێت ڕێگریی لەڕۆیشتنی کۆچبەران بکات.
فەڕەنسا ڕازیی دەبێت بەناوەندێکی کۆنتڕۆڵکردنی هاوبەش کە بەرپرسانی کۆچبەری بەریتانیا تێیدا جێگیربکرێن.
هەینی ڕابردوو، جەیمس کلیڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیاو کاترین کۆلۆنا هاوتا فەرەنسییەکەی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوەو جەختیان لەسەر "ڕوبەڕوبونەوەی بەپەلەی هەموو جۆرەکانی کۆچی نایاسایی"کردەوەو بەرپرسانی بەریتانیاش دهڵێن:"ڕێککەوتنێک نزیکە".
بەرپرسانی حکومەتی بەریتانیاو فەرەنسا ئهمڕۆ شەممە ئامادەنەبون هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو هەواڵانە بدەن، بهڵام ڕۆژنامەی ئێکسپرێس ئاماژەی بەوەکردوه، دەکرێت لەهەفتەی داهاتودا گرێبەستێک واژۆبکرێتو پێدەچێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەریتانی زیاتر لەخۆبگرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کۆچبەرانەی کە لەناو تەپۆڵکە خۆڵەکاندا خۆیان حەشارداوە پێشئەوەی هەوڵی پەڕینەوە مەترسیدارەکان بدەن لەڕێگەی کەشتیو بەلەمەکانەوە.
دهنگى ئهمریكا ئاشكرایكردوه، تائێستا ئەمساڵ نزیکەی 40 هەزار کەس بەبەلەمی بچوک کەناڵەکەیان بەزاندوە، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو 28 هەزارو 526 کەس بوە، ئەمەش فشاری خستۆتەسەر ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیری نوێی بەریتانیا بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ خاوکردنەوەی ئەو لێشاوەی کۆچبەران.
ش.هـ