بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەی دوکان بڵاوکرایەوە

کوردستان

24/11/2022‌ 1248 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەدوکان رایدەگەیەنێت " کار بکرێت بۆ دروستکردنی ئەنجوومەنێکی باڵا لە ھەرێم بە بەشداری ھەموو لایەنەکان بۆ بڕیاردان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی کێشەکان و ئەو پرسانەی رەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەیە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەسەر بانگهێشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھاوینەھەواری دوکان لە ماڵی مام، کۆبوونەوەی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دیالۆگی نیشتمانی بە ئامانجی یەکڕیزی و چارەسەری کێشەکان لە عیراق و ھەرێم بەڕێوەچوو.
‏‎تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی ھاوینەھەواری دوکان گفتوگۆکردن بوو لەسەر دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عیراق و ناوچەکە.
‏‎کۆبوونەوەکە جەختی لە توندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە کوردییەکان کردەوە و بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت.
ھەروەک ھاوڕابوون لەسەر زەمینەخۆشکردن بۆ فراوانکردن و بەردەوامی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و یەکخستنی ھێز و تواناکان دوور لە تێڕوانینی حزبی بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی واقیعی ھەرێم و عیراق بووەتەوە، ئەم ئامانجەش لەپێناو زاڵبوون بەسەر تەحەددییەکاندا.
 ‏‎لە بەشێکی تری کۆبوونەوەی ھاوینەھەواری دوکان، كۆی لایەنەکان جەختیانکردەوە لە بەردەوامی دیالۆگی لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە پرۆژەیەکی ھاوبەشی کوردستانیی یەکڕیزی نیشتمانی.
 ‏‎كۆبوونەوەكە هەڵوەستەی جددی لەسەر خراپی و نالەباری ژیان و گوزەرانی خەڵک كرد و روونکرایەوە، ژیان و دۆخی خەڵک گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ھەموو لایەنە سیاسییەکان ھەنگاوبنێن و ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و باشترکردنی ژیانی ھاوڵاتییان و ھەرێمی کوردستان لەرووی ئابووری، سیاسی و ئەمنییەوە.
 کار بکرێت بۆ دروستکردنی ئەنجوومەنێکی باڵا لە ھەرێم بە بەشداری ھەموو لایەنەکان بۆ بڕیاردان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی کێشەکان و ئەو پرسانەی رەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەیە.
 ئەم ھەنگاوەش بە فاکتەری پاراستنی یەکڕیزی، پارێزگاریکردن لە ئەزموونی ھەرێم، بەدیھێنانی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵک، بەھێزکردن و پارێزگاریکردن لە قەوارەی ھەرێم لە قەڵەمدرا. ‏‎کۆبوونەوەكە پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ئاسایش، سەروەری یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتداری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، رووبەڕووبوونەوەی بەھەدەردانی سامانی گشتی و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی راستەقینە کردەوە.
 ‏‎بڕیاریشدرا ئەم کۆبوونەوانە لەپێناو تەبایی، یەکھەڵوێستی و یەکڕیزیی کوردستانی بەردەوامی ھەبێت.