پەرلەمانی كوردستان لەبیری چووە كۆتایی بە پشووەكانی بهێنێت

کوردستان

02/01/2023‌ 395 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

ئینستتیوتی پەی بڵاوی دەكاتەوە، كە پەرلەمانی كوردستان بیری چووە كۆتایی بە خولی گرێدان بهێنێت و لە خولی پایزەیدا لە بری ئەوەی 50 دانیشتن ئەنجام بدات، تەنها 15 دانیشتنی ئەنجامداوە.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە هەڵسەنگاندانێكیدا بۆ خولی پایزەی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پەرلەمان بەپێی پەیڕەو دانیشتنەكانی ڕێكخراوە، بەپێی ماددەی 7ی پەیڕەو لە ساڵێكدا دوو وەرزی گرێدان هەیە، یەكەمیان لەسەرەتا مانگی ئازارەوە دەستپێدەكات و تا كۆتایی مانگی حوزەیران و بە خولی بەهارە ناو دەبرێت و دوومیان، لە سەرەتای ئەیلولەوە دەستپێدەكات و تا كۆتایی كانوونی یەكەم بەردەوامدەبێت و بە خولی پایزە ناو دەبرێت.

ئینستتیوتی پەی ئاشكرای كردووە، لەبەر ڕۆشنایی مادەی 51ی پەیڕەوی ناوخۆ، پەرلەمان دەبوو لە ماوەی ئەو خولی گوێدانەدا بەلای كەمەوە، 50 دانیشتنی بكردایە، بەڵام پەرلەمان كەمتەرخەم بووە و تەنها 15 دانیشتنی ئەنجامداوە.

دەشڵێت: پێویستە لە كۆتایی هەر خولێكی گرێداندا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاری ڕاگەیاندنی كۆتایی خولی گرێدان بدات، جا یا لە كۆتایی دانیشتنی خولەكەدا یاخود بە بەیانێك رایبگەیەنێت، ئەمە هەم یەك لە ئەرك و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمانە و هەم وەك نەریتێكیش لە هەموو خولەكانی پەرلەماندا پەیرەو كراوە، بەڵام لەكۆتایی خولی گرێدانی پاییزەدا سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی خولی ڕانەگەیاند، بەمەش هەم پەیرەوی پێشێل كرد و هەم ئەو نەریتەیشی شكاند كە هەبوو.

س.س