شارپرێس:
کۆمەڵەی دڵی ئەڵمانی ڕایگەیاندووە، ڕەقبوونی خوێنبەرەکان یەکێکە لە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی لوولەکانی خوێن، بەو پێیەی خوێنبەرەکان ڕەق و تەسک دەبنەوە بەهۆی کۆبوونەوەی تۆپەڵی نیشتوو لەسەر دیواری ناوەوەی خوێنبەرەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی ڕۆیشتنی خوێن و لە خراپترین حاڵەتدا ڕێگریی لە رۆیشتنی تەوژمی خوێن دەکات.
کۆمەڵەکە ڕوونیکردۆتەوە، هۆکارەکانی ڕەقبوونی خوێنبەرەکان بریتییە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی چەوریی لە خوێن و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشیی شەکرە و جگەرەکێشان، ئەوە جگە لەهەڵکشانی تەمەن، هاوکات نیشانەکانی ڕەقبوونی خوێنبەرەکان بریتین لە ئازار و گرژبوونی سنگ و هەناسە تەنگیی.
دامەزراوەکە باسی لەوەکردووە، لەو دەرئەنجامە مەترسیدارانەی کە ڕەنگە لە ئەنجامی ڕەقبوونی خوێنبەرەکان دروستببێت، بریتییە لە جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک، کە مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکات، پێویستە هەر لەکاتی هەستکردن بەو نیشانانەی سەرەوە، راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ وەربگیرێت.
ڕەقبوونی خوێنبەرەکان بە دەرمان چارەسەر دەکرێت، وەک دەرمانی دڵ و خوێنبەرەکان واتە دەرمانی دابەزاندنی چەوریی و لە حاڵەتە مەترسیدارەکانیشدا قەستەرە یان شەبەکە و باڵۆنی بۆ دەکرێت، جگە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و بەرزی پەستانی خوێن.
هەروەک پێویستە شێوازی ژیانی تەندرووست پەیڕەو بکرێت، لەسەر بنەمای خواردنی خۆراکی تەندرووست و وەرزشی بەردەوام، هاوکات وازهێنان لە جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
