شارپرێس:
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی فەرەنسی کە لەم دواییانەدا ئەنجامەکانی لە گۆڤاری "ڕۆیاڵ سۆسایتی"دا بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایکردووە کە تیمساح توانایەکی بەرچاوی هەیە لە جیاکردنەوەی ئازار لە هاواری منداڵاندا.
بیرۆکەکە سەرەتا بۆ لێکۆڵینەوە بوو کە بزانرێت تاچەند تایبەتمەندییەکانی ئازار لە هاواری ئاژەڵەکاندا گشتگیرن، بەڵام لە کاتی لێکۆڵینەوەکەدا زاناکان بۆیان دەرکەوت کە "ئەو پێوەرە دەنگییانەی کە دەستنیشانی ئەوە دەکەن کە ئایا هاوارەکان بەهۆی ئازارەوە دروست دەبن یان نا، لە تیمساحەکاندا گرنگتر بوون وەک لە مرۆڤدا.
بە کەڵک وەرگرتن لە نمونەی دەنگی هاواری منداڵان و بەچکەی بۆنۆبۆ و شامپانزی کە بەرەو ئەو حەوزانە پەخشدەکران کە ژمارەیەکی زۆر تیمساحیان تێدا بوو لە باخچەیەکی ئاژەڵان لە ئەغادیر لە مەغریب، توێژەران بۆیان دەرکەوت کە ئەم خشۆکانە زیاتر سەرنجیان بۆ ئەو هاوارانە ڕادەکێشرێت کاتێک ئازار یان ژانی تێدا بوو.
لەوبارەیەوە، نیکۆلاس گریمۆ، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە تاقیگەی تێگەیشتنی دەروونیی بیستن و دەروون و یەکێک لەئامادەکارانی سەرەکیی توێژینەوەکە کە لەلایەن توێژەرانی فەرەنسییەوە ئەنجامدراوە، ڕایگەیاندووە، "توێژینەوەکە دەریخستووە کە تیمساح بە وردی ئازار لە هاواری بەچکەی مەیموون و منداڵان جیادەکاتەوە، بەشێوەیەک تاوەکو هاوارەکە ئازاری زیاتری لەخۆگرتبێت، کاردانەوەی ئەو خشۆکانە زیاتر دەبێت.
توێژەرەکە پێی وابوو ئەم لێهاتووییەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تیمساح ئاژەڵێکی خوێن ساردە و بە شێوەیەکی زۆر سنووردار و هەلپەرستانە دەجوڵێن، و لە دۆخێکی لاوازدا بەدوای نێچیردا دەگەڕێن. گریمۆس دەڵێت: "هەرچەندە ئاژەڵێک زیاتر لە دۆخێکدا بێت کە ئازاری زیاتر بچێژێت، ئاسانتر دەبێتە نێچیر".
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی