میدیای گۆڕان: حكومه‌ت تواناى دابه‌شكردنى موچه‌ى هه‌یه‌و سه‌رۆكى حكومه‌ت بڕیار نادات

کوردستان

11/09/2023‌ 8648 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاى فه‌رمى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان زانیاریه‌كى گرنگ له‌باره‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "حكومەتی هەرێم توانای دابەشكردنی موچەی هەیە، بەڵام پێویستی بەبڕیاری سەرۆكی حكومەتە بۆ دابەشكردنی"، ده‌شڵێت، "دابەشنەكردنی موچە بۆ ئەوەیە بڵێن ئەوە دەرئەنجامی ڕوكردنە بەغدایە".


میدیای بزوتنەوەی گۆڕان ئاشكرایكرد، دەستیانگەیشتوە بەهەندێك زانیاریی كە حكومەتی هەرێم توانای دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەیە، بەڵام پێویستی بەبڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتە بۆ دابەشكردنی، به‌ڵام تائێستاش ئه‌و بڕیاره‌ نه‌دراوه‌.

له‌و زانیاریانه‌دا هاتوه‌، "حكومەتی هەرێم (440) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی لەبەردەستە، دەتوانێت لەگەڵ (500) ملیار دینارەكەی بەغدا موچەی پێ دابەشبكات".

سه‌باره‌ت به‌هۆكارى دابه‌شنه‌كردنى موچه‌ش زانیاریه‌كان باسى ئه‌وه‌ده‌كه‌ن، "ئەوەی حكومەتی هەرێم پەیڕەوی دەكات ئێستا، تێكەڵكردنی بەرنامەی كاری حزبێكە تێكەڵ بەحوكمڕانی كراوە، دواخستن‌و دابەشنەكردنی موچەش تەنها یەك ئامانجی لەپشتە، ئەویش ئەوەیە لایەنێكی سیاسی بەخەڵكی كوردستان بڵێت، ئەوە دەرئەنجامی ڕوكردنە بەغداو دابەشكردنی موچەیە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ئەوەش دەرئەنجامەكەیەتی".