لەتارانەوە دەستپێكردنی پرۆسەی چەككردنی پارتە رۆژهەڵاتییەكان لە هەرێم راگەیاندرا و جووڵە بەهێز كرا

ڕاپۆرت

13/09/2023‌ 2952 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و ئێران دەستپێكردنی پرۆسەی چەككردنی پارتە رۆژهەڵاتییەكانیان لە هەرێم راگەیاند، بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران ئێستا پرۆسەكە دەستیپێكردووە و قۆناغەكانی داهاتووشی چەند رۆژی دیكە دەستپێدەكات، بەڵام سەرچاوەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت فوئاد حوسێن لەهەوڵی ئەوەدایە وادەی 19ی ئەیلول درێژبكاتەوە تا وڵات لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دووربخرێتەوە، لەلایەكی دیكەوە بەپێی سەرچاوەكان لەدیوی رۆژهەڵاتی كوردستان و دیوی هەرێمی كوردستانەوە جموجۆڵی هێزی سەربازی دەستیپێكردووە.

عێراق جوڵە بەهێزەكانی دەكات
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی جوڵەپێكردنی هێز لەلایەن ئێران بەئاراستەی سنورەكانی هەرێم، عێراقیش جوڵەی بەهێزەكانی كردو هێزێكی زۆر بەرەو سنوری سیدەكان گوازرانەوە.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە، ئێران جوڵەی بەهێزەكانی كردووە بەئاراستەی ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەچەكی قورسەوە، ئێوارەی ئەمڕۆش عێراق هێزێكی زۆری پاسەوانی سنور بەئاراستەی ناوچە سنورییەكانی نێوان هەرێم‌و ئێران جوڵە پێكردووە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەكی باڵای پاسەوانی سنورەوە بەشارپرێس دراوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێكی زۆر بەئاراستەی سنوری سیدەكان جوڵەیان پێكراوە، لەكاتێكدا كێشەی كەمی هێز لەسنورەكان بوونی نەبووە.

سوپای پاسداران: چاوەڕێین هەرێمی كوردستان هەڵوێستی برایانەی خۆی دەربخات
لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی بڵاویكردەوە سوپای پاسداران هێزی سەربازی بە چەكی قورسەوە بەرەو سنورەكانی هەرێمی كوردستان دەهێنێت.

پەیامنێری ئاژانسەكە دەڵێت "لەگەڵ نزیكبوونەوەی 19ی ئەیلوول سوپای پاسداران هێزی زەوینی بە كەرەستەی سەربازییەوە رەوانەی سنورەكان كردووە".

 عەباس نیلفرۆشان جێگری فەرماندەی كاروباری ئۆپەراسیۆنەكان لە سوپای پاسداران بۆ ئاژانسەكە، دەڵێت "چاوەڕێدەكەن هەرێمی كوردستان برایەتی خۆی دەربخات، چونكە رێدان بە گرووپە چەكدارەكان بۆ ئۆپەراسیۆن لەدژی ئێران لەگەڵ لۆژیكی برایەتی و دراوسێیەتیدا ناگونجێت".

فوئاد حوسێن: پرۆسەی دوورخستنەوەی گرووپە چەكدارەكانمان لە سنوورەكان دەستپێكرد
ئەمڕۆ چوارشەممە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەمیانەی سەردانێكدا بۆ ئێران لەتاران لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی ئەمیر حوسێن عەبدوڵاهیان كۆبووەوە و لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا رایگەیاند "گرووپە چەكدارەكانی سەر سنووری عێراق و ئێران چەككراون‌و ھەروەھا كەمپ بۆ ئاوارەكان دامەزرێندراون كە لەژێر پاراستنی ڕێكخراوی پەنابەران سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكاندا دەبن".

هەروەها رایگەیاند "لەچوارچێوەی ڕێككەوتننامەی ئەمنییدا، پلانێك دانراوە كە ھەردوو حكوومەتی عێراق و ھەرێم پێوەی پابەندن و پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئێران، زۆر باشە و ئومێد دەكەین كێشەكان بە ڕێگای گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن".

وەزیری دەرەوەی عێراق دەشڵێت "ھیچ مەعقول نییە لە كاتێكدا، پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو وڵات زۆر باشن، بەڵام لەبەرامبەردا بە بۆردومان و ئەنجامدانی ھێرشی سەربازیی، ھەڕەشە لە سەروەری عێراق و ھەرێم دەكرێت".

ئەوەشی خستەڕوو "لە دەستووری عێراقدا، زۆر بە ڕوونی ئاماژە بەوەكراوە كە ڕێگا بە ھیچ گرووپێك نادرێت خاكی عێراق بۆ ھێرشكردنە سەر وڵاتانی دیكە بەكار بھێنێت و عێراق پابەندە بە ڕێككەوتنامەی ئەمنی لەگەڵ ئێران".

عەبدوڵاهیان: جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی دەستیپێكرد
لای خۆیەوە ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەكرد "ئێران جدییە لە دەستەبەركردنی ئاسایشی وڵات، دڵخۆشم بەبوونی زانیاری باش لە ئەمڕۆ لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە كە گرووپە چەكدارەكان لەناوچە سنوورییەكان دوورخراونەتەوە بۆ قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ چەككردنیان".

هەروەها عەبدوڵاهیان دەڵێت "بەندەكانی ڕێككەوتنی ئەمنی لەلایەن عێراقەوە دەست بەجێبەجێكردنی كراوە و قۆناغەكانی دیكەش لە ڕۆژانی داهاتوودا جێبەجێ دەكرێن".

عێراق نیگەرانە
هاوكات بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە كە نەیویست ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە، رایگەیاند "سەردانەكەی فوئاد حوسێن بۆ درێژكردنەوەی ئەو وادەیە كە ئێران بۆ چەككردنی پارتە رۆژهەڵاتییەكان دایناوە، كە چەند ڕۆژێكی تر بەسەر دەچێت لە 19 ی ئەیلوول".

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشكرد "عێراق پێویستی بە ماوەیەكی درێژترە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە، ترسێكی ڕاستەقینەش هەیە تاران ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئاسمانی و زەمینی دژی گروپە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات ، و ئەم بابەتە ڕەنگە ببێتە هۆی كێشەی سیاسی و ئەمنی لە عێراق و هەر لەبەر ئەم هۆكارەش بەغدا دەیەوێت ئەم وادەیە درێژبكاتەوە"

دەشڵێت "سوپای پاسداران لە ئێستادا توندە و بەغداش بە دوای پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسانی تاراندایە لەو بارەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد "دەسەڵاتدارانی حكومەت لەپەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ دوورخستنەوەی ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێران لەسەر سنوورەكان، ڕێگریكردن لە جوڵەی هەر گروپێكی چەكداری لەناو خاكی عێراق و سنورداركردنی".

ئەوەشی خستەڕوو، ئێران زیاتر لەوەش داوا دەكات، ئەویش رادەستكردنەوەی ژمارەیەك لەسەركردە كوردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانن.

بەپەلە