جگەرە ئەلیکترۆنییەکان سیستەمی بەرگریی جەستە دەکوژن

تەندروستی

15/09/2023‌ 867 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

توێژینەوەیەکی بەریتانیی ئاشکرایکردووە، دوکەڵی جگەرەی ئەلیکترۆنیی کاریگەریی نەرێنیی لەسەر چالاکیی هەندێک پێکهاتەی سەرەکیی سیستەمی بەرگریی لەشی مرۆڤ هەیە.

تیمێکی لێکۆڵینەوە لە زانکۆی بیرمینگهام لە بەریتانیا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە دوکەڵی جگەرەی ئەلیکترۆنیی کارکردنی خڕۆکە سپییەکانی خوێن لە جۆری "نیوترۆفیل" تێکدەدات، کە بەیەکەم هێڵی بەرگریی بۆ جەستەی مرۆڤ لە دژی نەخۆشیی و هەوکردنەکان دادەنرێت.

لێکۆڵینەوەکە کە لە بڵاوکراوەی Journal Of Allergy and Clinical Immunology دا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: لەکاتی لێکۆڵینەوەکەیاندا خڕۆکە سپییەکانی خوێن (نیوترۆفیلەکان) کە بەر دوکەڵی تێربوو بە نیکۆتین و دوکەڵی بەدیلەکانی تێدایە کەوتن، بە زیندوویی مانەوە، بەڵام بە شێوەیەک ڕەق بوون کە وایانلێهات نەتوانن ڕۆڵی بەرگریی خۆیان ئەنجام بدەن لە بەرانبەر ئەوهەڕەشانەی کە مەترسیی لەسەر جەستە دروست دەکەن.

لەوبارەیەوە ئارۆن سکۆت، یاریدەدەری پرۆفیسۆری نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە لە زانکۆی بێرمینگهام دەڵێت: "بۆمان دەرکەوت کە دوای ماوەیەکی کورت لە بەرکەوتنی دوکەڵی جگەرەی ئەلیکترۆنیی، خانەکان هێشتا زیندوون، بەڵام بە شێوەیەکی کاریگەر ناجوڵێن بۆ ئەوەی ئەرکە بەرگرییە تەقلیدییەکانیان ئەنجام بدەن".

ناوبراو لە لێدوانەکانیدا بۆ ماڵپەڕی مێدیکاڵ ئێکسپرێس کە تایبەتە بە توێژینەوەی پزیشکی یدەڵێت: “شتە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە ئەو دوکەڵانەی نیکۆتینیان تێدا نییە بەتەواوی هەمان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر خانەکانی بەرگریی جەستە هەبووە وەک ئەو دوکەڵانەی کە نیکۆتینیان تێدایە”.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە