شارپرێس:
مەهدی ڕەمەزانی جێگری سیاسی ئەمنیی پارێزگاری کوردستان دوێنێ شەممە لەساڵیادی کۆچی دوایی ژینا ئەمینییدا ڕایگەیاند، ژمارەیەک لەئەندامانی “گروپێکی تیرۆریستی” ویستویانە ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا تیرۆر بکەن.
بەگوێرەی ئاژانسی "ئیرنا"ی نیمچەفەرمیی ئێرانیی، گروپێک لەکاتی چونیان بۆسەر گۆڕی ژینا ئەمینی لەشاری سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراونو پلانی تیرۆرکردنی باوکی ژینایان پوچەڵکردۆتەوە.
هەروەک ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بەپشتبەستن بەلێدوانی سەرچاوە ناوخۆییەکانی پارێزگای کوردستان بڵاویکردۆتەوە، چەندین کەس بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ دروستکردنی کارەساتو بەرهەمهێنانی کەرەستەی میدیایی بۆ جوداخوازان دەستگیرکراون.
باس لەوەشکراوە، دەستگیرکراوەکان وێنەی شوێنە بازرگانییو پیشەسازییەکانیان گرتوەو هەوڵی نانەوەی پشێوییو ناسەقامگیرکردنی ئاسایشی پارێزگای کوردستانیانداوە.
لەنۆی ئەم مانگە، لەپۆستێکی کورتدا لەپەیجی بنەماڵەکەیان لەپلاتفۆرمی “ئینستاگرام”، ئەمجەد ئەمینیو موژگان ئەفتەخاری باوکو دایکی مەهسا ئەمینی ڕایانگەیاند، ئێمە لەبنەماڵەی ژینا وەک هەر خێزانێکی خەمبار، لەساڵیادی شەهیدبونی کچەکەمانو لەسەر گۆڕەکەی کۆدەبینەوەو ڕێوڕەسمی نەریتیو تائیفی ئەنجامدەدەین.
باوکی ژینا سوپاسی خەڵکی شارەکەیانی کردوەو داوایکردوە لەهەموو جۆرە کارو کردەوەیەکی توندوتیژانە دوربکەونەوە، ئەویش دوای چەند ڕۆژێک هات لەدەستگیرکردنی سەفا عەیل خاڵی ژینا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.