هه‌فته‌یه‌ك له‌نه‌ینه‌واو 3 ڕۆژیش ماته‌مینى له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق ڕاگه‌یه‌نرا

کوردستان

27/09/2023‌ 1936 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ماوه‌ى 3 ڕۆژ ماته‌مینى گشتى له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق ڕاگه‌یاندو پارێزگاری نەینەوا ئاشكرایكرد، ماوه‌ى یەک هەفتە ماتەمینی لەپارێزگای نەینەوا بەهۆی ڕوداوەکەی قەزای حەمدانییە ڕاده‌گه‌یه‌نرێت.


به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، به‌هۆى ڕوداوه‌كه‌ى قه‌زاى حه‌مدانیه‌وه‌، ماوه‌ى سێ ڕۆژ ماته‌مینى له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق ڕاده‌گه‌یه‌نرێت.

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری نەینەوا لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشكرایكردوه‌، نەجم جبوری بۆ ماوەی یەک هەفتە ماتەمینی ڕاگەیاندوه‌و ئاهەنگە تایبەتەکانی بەبۆنەی یادی لەدایکبونی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) دوادەخرێت بەهۆی ڕوداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییە.

له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، سبەینێ پێنجشەممە 28ی ئەیلول، خولەکێک بێدەنگی‌و ماتەمینی لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتی‌و دامودەزگاکانی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پارێزگاری نەینەوا سەرجەم شوێنەکانی عیبادەتەکانی ئاڕاستە کردوە کە دوعای بۆ سەرجەم قوربانییانی ڕوداوەکە بکەن.

سەیف ئەلبەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەینەوا 114 حاڵەتی گیانلەدەستدان‌و زیاتر لە 150 برینداری تۆمارکردوە، وەک ژمارەی سەرەتایی لەئەنجامی ڕوداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵێکی هاوسەرگیری لەحەمدانییە".