سه‌ركرده‌یه‌كى حه‌شدى شه‌عبى هێزێکی سەربازیی کوردیی دروستدەکات

کوردستان

27/09/2023‌ 6261 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕەیان کلدانی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی بابیلۆن‌و یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانى حه‌شدى شه‌عبى، سەرقاڵی دروستکردنی هێزێکی چەکداری سەربازیی کوردییە لەناوچەی شنگال‌و موسڵ‌و بەشێک لەهێزەکەشی کەسانی کوردی ناوچەکەو ئێزدیەکانن.


به‌گوێره‌ى ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەکی باڵای شیعییەوە دەست شارپرێس کەوتوە، لەماوەی دوو مانگی ڕابردودا ڕەیان کلدانی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی بابیلۆن‌و یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانى حه‌شدى شه‌عبى، سەرقاڵی دروستکردنی هێزێکی سەربازیی کوردی بوەو لەئێستادا هەموو ئامادەکاریەکانی کردوە بۆ ڕاگەیاندنی هێزەکەی لەناوچەی موسڵ‌و شنگال‌و بەشێک لەهێزەکەشی پێکدێت لەکەسانی کوردی ناوچەکەو ئێزدیەکان.

سەرچاوەکەی شارپرێس ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکەی ڕەیان کلدانی بەشێک دەبێت لەحەشدی کلدانی کە ڕەیان کلدانی خۆی سەرۆکایەتی دەکات‌و ژمارەی هێزەکەی لەنێوان 400 بۆ 500 چەکداردایەو پڕ چەکدەکرێن‌و لەناوچەکی شنگال‌و سنوری هەرێم جێگیردەکرێن.

بەگوێره‌ى زانیاریەکانی شارپرێس ڕەیان کلدانی مەبەستێتی وەک هێزێکی دیاریی چەکدار لەناوچەی شنگال دەربکەوێت‌و لەیەکلاکردنەوەی کێشەکانی ناوچەکەدا ڕۆڵی هەبێت‌و ببێتە بەشێک لەو هێزانەی لەناوچەکە بەفەرمی جێگیردەکرێن.

ئەگەرچی سەرچاوەکەی شارپرێس هۆکاری نیگەرانیەکانی ئاشکرانەکرد، بەڵام ئەوەی نەشاردەوە کە بەشێک لەهێزە شیعیەکانی تری عێراق لەم هەوڵەی کلدانی نیگەرانن‌و لەهەوڵی ئەوەدان پاشگەزی بکەنەوە لەجێگیرکردنی هێزەکەی لەناوچەی شنگال.