لێدوانەکانی ئەردۆغان لەبارەی غەززە کۆنگرێسی ئەمریکای تووڕەکردووە

ڕاپۆرت

27/10/2023‌ 2765 جار خوێندراوه‌ته‌وه


داوادەكرێت توركیا هاوكارییەكانی بۆ هێزە چەكدارەكانی غەززە رابگرێت
شارپرێس

بەرگرییکردن لە بزووتنەوەی حەماس و وەسفکردنیان بە خەباتگێڕ لەلایەن رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا و ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، توڕەیی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکای لێکەوتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، کۆمەڵێک لە ئەندامانی کۆنگرێس نامەیەکی دورودرێژیان بۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناردووە کە واژۆی110 ئەندامی لەسەرە، تێیدا داوایان لە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کردووە کار بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بکات.

لە میانەی پەیامەکەیاندا ئەندامانی کۆنگرێس جەختیان لەسەر ئەو داواکارییە کردۆتەوە کە ئیدارەی ئەمریکا هەنگاوی یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر سەبارەت بە بەرپرسیارکردنی تورکیا لە پشتیوانیکردن و ئاسانکاری بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بزووتنەوەی حەماس.

لە پەیامەکەدا داوا لە ئیدارەی ئەمریکا کراوە کە هەموو ئامرازە دیپلۆماسیی و ئەمنییەکان بەکاربهێنێت بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە سیاسییی و لۆجستی و داراییەکانی نێوان حەماس و تورکیا، بۆ ئەوەی ڕێگریی لە بزووتنەوەی حەماسبکرێت هێرشی تیرۆریستی دژی ئیسرائیل ئەنجامنەدات و داوا بکات تورکیا هەنگاوی خێرا و توند بەرامبەر حەماس بگرێتەبەر.

هەروەک ئاماژە بەوەکراوە کە هەمووان باش ئاگاداری ئەو پاڵپشتییە دارایی و سیاسیی و لۆجستییانەن کە ماوەیەکی زۆرە تورکیا و ئەردۆغان پێشکەشی حەماس دەکەن، ئەمەش نیگەرانییەکی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس کە واژۆیان لەسەر نامەکە کردووە، شەش داواکاری خۆیان لە تورکیا بەم شێوەیە خستۆتەڕوو:

– تورکیا حەماس وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی بناسێنێت.
– داخستنی ئۆفیسی حەماس لە ئەستەنبوڵ و سەرجەم دامودەزگاکانی سەر بە خۆی لە ناو تورکیا.
– لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی تورکیی لە سەرجەم بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس و دەستبەسەرداگرتنی پاسپۆرتە تورکییەکانیان.

– دەرکردنی بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس لە تورکیا و ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەیان بۆناو ئەو وڵاتە.

– لێکۆڵینەوە لەوە بکەن کە ئایا هیچ بانکێکی تورکی دەستی هەیە لە دابینکردنی دارایی حەماس، ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە بنێرن بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و سزا بەسەر ئەو بانکانەدا بسەپێنن کە بەشدارن لەو جۆرە پارەدارکردنەدا.

– لێکۆڵینەوە لەوە بکەن کە ئایا هیچ بەرپرسێکی تورک دەستی هەبووە لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەر و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بنێرن.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی