دادوەرە میهرەبانەکەی ئەمریکا توشی شێرپەنجە بوو

جیهان

10/12/2023‌ 884 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوو هەفتە لەمەوبەرو لە24ی ئەم مانگەدا، فرانک کاپریۆی ئەمریکی کە بەلای ملیۆنان بەکارهێنەری سۆشیال میدیا بە“دادوەری مرۆڤایەتی” ناسراوە، لەشاری پرۆڤیدێنس پایتەختی ویلایەتی ڕۆد ئایلەند لەئەمریکا، یادی 87 ساڵەی لەدایکبونی خۆی کردەوە.


بەڵام دوای 3 ڕۆژ بۆی دەرکەوتوە کە توشی نەخۆشیی شێرپەنجەی پەنکریاس بوە، لەگرتەیەکی ڤیدیۆییشدا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوکدا بڵاویکردۆتەوە داوای لەو کەسانە کردوە کە خۆشیان دەوێت نزای چاکبونەوەی لەنەخۆشییەکەی بۆ بکەن.

دەشڵێت، "لەکاتی ئاهەنگی ڕۆژی لەدایکبونەکەیدا دۆخی باش نەبوەو هەستی بەماندوێتیی کردوە، پشکنینەکانیش ئەنجامەکانیان باش نەبوە".

دادوەر کاپریۆ پێشتر سزای سوکی بەتایبەتیی بۆ سەرپێچیکارانی یاساکانی هاتوچۆ دەردەکرد، داوای لێدەکردن بەشێوەیەکی شەخسی بێنە دادگا بۆ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کێ ئەو غەرامەیە دەدات کە بەسەریاندا سەپێنراوە، یان لانیکەم بەشێکی دەدات یان هۆڵی دادگا بەجێدەهێڵێت بەبێئەوەی هیچ پارەیەک بدات، چونکە ئەو دادوەرە بڕیارەکانی بەوە جیادەکرانەوە کە نەرمونیانیان تێدایە‌و لەدۆخی ئەوکەسە تێدەگەیشت کە سەرپێچییەکەی کردوە.

مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو، دادوەر کاپریۆ خانەنشینبونی خۆی لەکاری دادوەریی ڕاگەیاند، دوای 40 ساڵ خزمەتکردن کە تێیدا وەک سەرۆکی دادوەرانی دادگای شارەوانیی لەڕۆد ئایلەندو هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگارو پەروەردەش کاریکردوە.

و: ئاکۆ ئاڵی