شارپرێس نهێنی و وردەکاری مامەڵەیەکی نایاسایی یەکێک لە بانکەکان بە هەژماری مامەڵەکارەکانیەوە ئاشکرا دەکات

کوردستان

22/01/2024‌ 1067 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ژمارەیەکی زۆر هەژماری کەسیی لە لقی سلێمانی بانکی ئەهلی عێراقی مامەڵەیەکی نایاساییان پێوەدەکرێت و مامەڵەکارانی بانکەکە هەڕەشەی سکاڵای یاسایی دەکەن لەسەر بانکەکە، شارپرێس زانیویەتی بەشێکی زۆر لەو هەژمارانە هی کارمەندانی یەکێک لە کەناڵە ئاسمانیەکانی هەرێمی کوردستانن و بێ ئاگاداریی خۆیان مامەڵە بە هەژمارەکانیانەوە کراوە، سەدان ملیار دینار ئاڵوگۆر لە ڕێگەی هەژمارەکانیانەوە ئەنجامدراوە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی تایبەت دەست شارپرێس کەوتوون لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، لە ڕێگەی بانکی ئەهلی عێراقییەوە لە لقی سلێمانی ئالوگۆرێکی زۆر و قەبارە گەورە بە پارەی هەژمارە کەسیەکانەوە کراوە، بە بێ ئاگاداریی خاوەنەکانیان و هەژمارەکانیان بەکار هاتوون بۆ کارێک کە هیچ ئاگایان لێی نییە.

شارپرێس زانیویەتی بەشێکی زۆر لەو هەژمارانەی کە لەڕێگەی بانکەکەوە بۆ مامەڵەکە بەکارهاتون هەژماری کارمەندان و رۆژنامەنووسانی کەناڵێکی ئاسمانییە لە هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان زیاتر لە ٣٠٠ کەس دەبێت و ئاڵوگۆرێکی قەبارە گەورە بە هەژمارەکانیانەوە کراوە.

یەکێک لەو رۆژنامەنوسانەی کە مامەڵە بە هەژمارەکەیەوە کراوە باسی لەوەکرد کە ئەو ئاگاداری هەیچ نەبوە لە مامەلەکردن بە هەژمارەکەیەوە، کاتێک چوە لە بانکەکە داوای ڕاکێشانی پارەی کردوەو کەشفی هەژمارەکەی وەرگرتوە بۆی دەرکەوتوە بە چوار جار و لە سێ کاتی جیاوازدا زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینار خراوەتە سەر هەژمارەکەی و دواتر یان حەواڵەکراوە یان بە ڕاکێشانی کاش لە هەژمارەکەی دەرکراوەتەوە.

ئەو رۆژنامەنوسە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ چەند هاورێیەکەی لە هەمان دەزگا باسی ڕوداوەکەی کردوە ئەوانیش چوون کەشفی هەژمارەکانیان وەرگرتوە دەبینن هەمان حاڵەت بۆ ئەوانیش کراوەو پارەیەکی خەیاڵی خراوەتە سەر هەژمارەکانیان و دواتر یان بە ڕێگەی حەواڵە یان بە ڕاکێشانی کاش پارەکە لە هەژمارەکانیان دەرهێنراوەتەوە، کە ئەمە بە پێی یاساکانی بانک یەکێکە لە گەورەترین سەرپێچییەکان و بە دزینی پارەی هەژمارەکان ناودەبرێت.

شارپرێس بۆ زانینی زانیاری زیاتر پەیوەندی بە ژمارەیەک کارمەند و رۆژنامەنوسی ئەو دەزگایەوە کرد، ئەوانیش پشتراستی زانیاریەکانیان کردوەو رایانگەیاند زیاتر لە ٣٠٠ کارمەند و رۆژنامەنوسی دەزگاکەیان گیرۆدەی ئەو حاڵەتەبوون و ئێستا دەترسن لەوەی کە بەرپرسیارێتی یاسایی ئەو کارە بکەوێتە ئەستۆی ئەوان، بۆیە بەنیازن لە داهاتودا سکالا لەسەر بانکەکەو خودی دەزگاکەشیان تۆمار بکەن، چونکە گومانیان هەیە بەرپرسان و خاوەنی دەزگاکەیان هەژمارەکانی ئەوانی بەکار هێنابێت بۆ سپیکردوەی پارەیەکی زۆر و ئاڵوگۆری پارە لەنێوان هەرێم دەرەوەی هەرێمدا.

شارپرێس بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی بانکی ئەهلی عێراقییەوە و ئامادەنەبوون قسە بۆ میدیا بکەن و وتیان دەکرێت هەڵەیەک ڕویدابێت بەس بەو قەبارەیە نییەو هەرچی بێت چارەسەر دەکرێت.

بە پێی بەدواداچونەکانی شارپرێس بانکەکە لە رۆژی یەکشەممەی رابردوەو پێدانی کەشفی هەژمارەکانی بۆ مامەڵەکارانی بانکەکەی راگرتوە بۆ ئەوەی مامەڵەکارەکان نەزانن چ جۆرە مامەڵەیەک بە هەژمارەکانیانەوە کراوەو نارەزایی دەرببرن.

بە پێی ئەو داتایانەی شارپرێس دەستی کەوتوە لە کۆی ئەو هەژمارانەی کە هی کارمەندان و رۆژنامەنوسانی کەناڵە ئاسمانیەکەیە زیاتر لە سێ ترلیۆن دینار مامەڵە بە هەژمارەکانەوە کراوەو پارە خراوەتە سەر هەژمارەکان و لێی دەرهێنراوەتەوە.

ساڵێک پێش ئێستا ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان و عێراق هۆشداریی ئەوەیان دایە هاوڵاتیان کە هەژمارەکانیان لە چەند بانکێک نەکەنەوە بە هۆی ئەوەی کە گومانی ئەوە هەیە یاری بە هەژمارەکانیان بکرێت و بۆ سپیکردنەوەی پارە بەکاربهێنرێت لەلایەن کەسانی دەسترۆشتوەوە کە یەکێک لەو بانکانەی ئەوکات ناوی هێنرا بانکی ئەهلی عێراقی بوو.

بەپەلە