تورکیا پلانە مەترسیدارەکەی دانا و وادەی هێرشە قورسەکەی بۆسەر هەرێم دیاریکرد

کوردستان

14/02/2024‌ 2822 جار خوێندراوه‌ته‌وه


سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ یەکەمجار و بە ئاشکرا رایگەیاند هاوینی ئەم ساڵ سەنگەرەکانیان لە ناوچەی 'ئۆپەراسیۆنی چنگ' (هەرێمی کوردستان) تووند دەکەن و "رێکاری باشتر" لە دژی پەکەکە دەگرنە بەر.  
 
ڕۆژی دووشەممە کۆبوونەوەکەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بە سەرکردایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەڕێوەچوو.، بەگوێرەی میدیای تورکیا، لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری بەرگریی تورکیا پلانی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی هێرشەکانی لە هەرێمی کوردستان خستووەتە ڕو و پەسەندکراوە، ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان کرد. 

ئەردۆغان وتی: "هاوینی ئەم ساڵ لە ناوچەی 'ئۆپەراسیۆنی چنگ' بەشێکی گرنگی سەنگەرەکانمان قایمتر دەکەین، بەوجۆرەش توانای ئەوەمان دەبێت، زۆر باشتر رێکار بگرینەبەر. رۆژانی 22 و 23ـی کانوونی یەکەمی 2023 گەریلا و سەربازانی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی یەك بوونەوە. ئەوکات حکومەتی تورکیا لە 24 کاتژمێردا کوژرانی 12 سەرباز و برینداربوونی 13ـی دیکەی راگەیاند، بەڵام پەکەکە باسی لە کوژرانی 36 سەربازی تورکیا دەکرد، ئەمە رەخنەی بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بەدواداهات. پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) داوایکرد لیکۆڵینەوە لە سەنگەر و شوینی مانەوەی سەربازانیان لە هەرێمی کوردستان بکرێت، جەختیشیان کردەوە کە ئەمە یەکەمجار نییە سەربازانی تورکیا لەلایەن پەکەکە دەکرێنە ئامانج.  
 
ماوەیەکە دەوڵەتی تورکیا لە گاشەبەرد و تاوێرەکانی زناری کێستە و مەلا ڕدی و کەفرە سۆر لە ناحیەی کانی ماسێ ڕێگای سەربازی دروستدەکات.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە سوپای تورکیا کارگەیەکی هاڕین و کەستاڕەی لە پشتی گوندی کێستە لە ناحیەی کانی ماسێ لە دەڤەری بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی دروستکردووە. ڕۆژانە لە ڕێگەی چەندین شۆفڵ و حەفارەوە دامێنی زناری کێستە و مەلا ردێ و کەفرە سۆر هەڵدەکۆڵدرێت و بەرد و تاوێر و مەڕمەڕەکانی ئەو چیایانەی کوردستان لە ڕێگەی ئەو کارگەی هاڕین و کەستاڕەوە ورد و خاش دەکرێن و بۆ دروستکردنی تۆڕێکی نوێی ڕێگەی سەربازی لە ناحیەی کانی ماسێ لەلایەن تورکیاوە بەکاردەهێندرێن.

ڕێگاکە نۆ کیلۆمەتر لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندایە و سەرجەم بنکە و بارەگا سەربازییەکانی تورکیا لە ناحیەی کانی ماسێ بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

بەگوێرەی میدیاکان، تورکیا خواستی خۆی خستووەتە بەردەست عێراق کە لە هێرشە نوێیەکان بۆسەر پەکەکە هاوکاریان بن، بەڵام تا ئێستا عێراق وەڵامی ئەرێنی تورکیای نەداوەتەوە، لەبەرامبەردا بەرپرسانی تورکیا وتویانە، بەبێ عێراقیش ئەو ئۆپەراسیۆنە هەر دەکەن.

بەپەلە