سەتڵەکەی رەنج سەنگاوی!

مەلەفی تایبەت

20/02/2024‌ 1871 جار خوێندراوه‌ته‌وه



کاوە شێخ عەبدوڵا

دوو رۆژ زیاترە زۆر کەس بە تایبەت ژنان، لەڕێی ماسنجەر و ئینستاگرام و تیکتۆک یان لەکاتی قسەکردنی روبەڕوودا، باسی ئەو مەترسییانە دەکەن کە لە بەرنامەکەی (رەنج سەنگاوی)دا خرانەڕوو سەبارەت بە سەتڵی نایلۆن بە تایبەت ئەوانەی ماستیان تێدەکرێ.

زۆر کەس بە خۆمی وتووە یان ڤیدیۆکەی بۆ ناردووم و دەڵێن: ئاممان لەم سەتڵانە دوور بکەوە!
بەپێی ئەزموونی پانزە ساڵ کاری مەیدانی رۆژنامەوانییم، ئەوەم بۆ دەرکەوت پسپۆڕ و شارەزایانی کوردستان، ئینسانی رووخێنەر و ترسێنەر و بێباکن. راستەوخۆ و بەشێوەیەکی زۆر سامهێنەر باسی ئەو مەترسییانە دەکەن کە لەڕێی خواردن و کاڵا و کەرەستەوە زیان بە تەندروستی خەڵک دەگەیەنن. ئیتر بەبێ ئەوەی گوێ بەوە بدەن مەترسییەکە هەر ئەوە نییە ئاشکرای بکەن فڵانە شت خراپە، بەڵکو ئەوەیش خراپە کە ئەو شتە ئەمڕۆ پێویستی سەرەکییە یان لانیکەم جارێ بەدیلەکەی ئاسان نییە.

سێ نموونەی زۆر زەقم هەن کە لە کاری خۆمدا کردوومن. یەکیان مقابەلەی کەسێک بوو .. کە جیۆلۆج و پسپۆڕی ئاوی ژێرزەوی بوو.. ساڵی ٢٠٠٧ وتی: دە ساڵی تر سلێمانی ئاوی خواردنەوەی نامێنێ و کارەسات بەڕێوەیە!
بۆچی؟
چونکە لە سیتەک دەیان و سەدان بیری ئیرتیوازیی لێدراون و ئاوی ژێرزەوی سلێمانی چۆڕەبڕ دەکەن!
دە و پانزە ساڵ تێپەڕی و هیچ وانەبوو.
دووەمیان راپۆرتێک بوو لەسەر مەترسییەکانی سفرەی سەفەریی و پەرداخ و قاپی سەفەریی. ئەمەیان ساڵی ٢٠١٢ بوو، پسپۆڕێکی ترسێنەری تر سەبارەت بەمە وتی: کارەساتەکە ئەوەندە گەورەیە ناتوانم ئێستا مەزەندەی بکەم لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئەو شتە سەفەرییانە!
ئەویش دەرکەوت نوقڵانەیەکی خراپ بوو.

سێیەمیان دیداری ژینگەناسێک بوو کە سەبارەت بە ترسناکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دیدارێکمان بۆ سازکرد وتی: تا دە ساڵی تر زۆربەی دارەبەن و داربەڕووەکانی قەرەداخ وشک دەبن و دادەڕزێن!
بۆچی؟
چونکە ئەو گڕ و گەرمییەی لە دواوەی فڕۆکە دەردەچێ، هەموو ئەو دارودرەختانە وشک دەکات کە دەکەونە ژێر مەدرەجی فڕین و بەرزبوونەکەیانەوە!
دە ساڵ تێپەڕی و قەرەداخ هەر سەوز دەچێتەوە!
منی رۆژنامەنووسیش، بەبێ ئەوەی ئەو هەستی بەرپرسیارێتییەم هەبووبێ، بەوپەڕی تامەزرۆییەوە مانشێتە ترسناکەکانم هەڵدەبژارد کە کارەسات بەڕێوەیە و خۆتان ئامادەکەن بۆ مردن!!
لێرەدا نامەوێ بڵێم ئەو شتانەی وتیان ترسناک نین و راست نەبوون، بەڵکو دەمەوێ بڵێم زیادەڕۆیی زۆر دەکەن لە دەرخستنی مەترسییەکاندا و زۆر بێباکانە قسە فڕێ دەدەن. ئیتر بۆیان گرنگ نییە چەندە ڕاڕایی و ترس و گومان دەخەنە دڵی خەڵکی ئاساییەوە.
من وا هەستەکەم ئینسانی ئەم سەردەمە زیاد لە حەد دەترسێنرێ و ترسێنراوە. رۆژێک دەڵێن قاوە چاکە، ماوەیەکی تر دەڵێن ترسناکە. خوێ و شەکر دەکەن بە دوژمنی ئینسان، برنج ژەهرە و رۆن کوشندەیە و فڵان کارەساتە!
ئاخر خۆ ئینسان ئەم شتانەی لێ بگیرێتەوە هێواش هێواش دەپووکێتەوەو دەمرێت. بۆچی بەم رەهاییە خەڵک دەترسێنرێت لەلایەن پسپۆڕ و شارەزایانەوە!؟
خۆ مرۆڤایەتی لە هەموو سەردەم و قۆناغەکانی ژیانیدا کە گەشەی کردووەو پەڕیوەتەوە بۆ قۆناغێکی تر، بەبێ کێشە و مەترسی نەبووە.

بۆ نموونە: کاتێک مرۆڤ ئەو قۆناغەی تێپەڕاند کە گیا و گەڵا و گۆشتی کاڵ بخوات و دەست بداتە بەخێوکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵ بکات، توشی دنیایەک مەترسی و ئاڵەنگاریی تازە بوویەوە.
هەر لە زۆربوونی کوللە و کرم و مێرووی زیانبەخش بۆ بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی کە خۆی دەیچاندن تا نەخۆشی و پەتا و گەڕوگولیی بۆ ئاژەڵە ماڵیی کراوەکانی. واتا هەرکات ئینسان دەستی بە ژیانێکی نوێ کردبێ، مەترسی نوێ و ترسناکتر ئێخەی گرتووە. بەڵام مرۆڤایەتیی هەر درێژەی هەیە و دەرد و ئازاریش لەگەڵیدا.

بۆیە بەباوەڕی من  پێویست ناکات پسپۆڕ و شارەزایان بەم رەهاییەوە، مەترسییەکان بۆ خەڵکی ئاسایی بخەنەڕوو. دەکرێ هۆشیاریی هەبێ بەڵام ترساندن و زراوچوون جیایە لە هۆشیاریی.

لەو بەرنامەیەی رەنج سەنگاویدا، سەتڵی نایلۆن لە مین و بۆمب ترسناکتر نیشاندرا، لەکاتێکدا هەر ئێستا و تا چەند مانگی تر سەدان هەزار لەو سەتڵانە لە ماڵانی حەیوانداردایە و شیری گەرمی تێدا دەمەیەنن بۆ ماست. ئەی ئەوانە چی بکەن و چۆن چارەسەر بکرێن!؟
کە ئەوەندە ترسناکن، ئەی چۆنە ئەو هەموو ساڵە بەکارهێنراون، کارەساتیان نەخولقاندووە وەک پسپۆڕەکانی بەرنامەی رەنج ئاماژەیان پێدا!؟
بۆیە پێویستە لەسەر شارەزا و پسپۆڕ و رۆژنامەنووسەکانیش، زۆر بە وریایی و بەرپرسیارێتی زیاترەوە کار لەسەر ئەو شتانە بکەن کە بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی خەڵکی ئاسایی.

بۆ خۆم ئیعتراف دەکەم ئەو ساڵانەی رۆژنامەنووسی مەیدانیی بووم، شتێک لەو نەخۆشییەم تێدابوو کە تامەزرۆبووم دیدار و راپۆرت و هەواڵەکانم رەگەزی ترساندن و زراوچوونی تێدابێت بۆ خەڵک و خوێنەرەکانمان.

چێژم لەوە دەبینی کە مانشێتەکانم داچڵکێنەر و رووخێنەربن. لە هەموو ئەو میدیایانەش کە ئیشم دەکرد، هەمان نەخۆشییم لە سەرنووسەر و بەرپرسی بەشەکاندا بینیوە. ئەوانیش لایانوابوو ئەو دیدارانەی ئەنجاممانداون هیچی گرنگی تێدا نەبووە ئەگەر میوانەکەمان جنێوی نەدابێ یان رەگەزی وروژێنەری تێدا نەبووبێ تا لایەنی بەرامبەر وەڵامی بداتەوە!

کاتێ ئەم دیدار و بەرنامانە دەبینم، هیچ نە دادەچڵکێم نە گرنگییان پێدەدەم، چونکە دەزانم مرۆڤایەتیی هەرگیز بەبێ ئاستەنگ و کێشە و مەترسی تێنەپەڕیوەو ژیان یەکپارچە سەلامەتیی نەبووە. بۆیە زۆر بە ئاسایی لەگەڵ مەترسی و زەحمەتییەکاندا هەڵدەکەم.
تازە مرۆڤایەتیی ناچارە بەم لەگەڵ مەترسیانەدا بژی و گەشەش بکات!
هیوادارم ئێوەش هەموو وا بیر بکەنەوەو نەکەونە ژێر ئەو نوقڵانە خراپانەی لێدەدرێن بۆ ترسناکی هەموو ئەو شتانەی ناچارین پێی بژین هەر لە برنج و شەکر و رۆنەوە تا دەبە و سەتڵی پلاستیک!