ئۆپەراسیۆنێكی نوێی توركیا لە هەرێمی كوردستان نزیكە و داوای هاوكاری لەحەشدی شەعبیش دەكات

ڕاپۆرت

21/02/2024‌ 1685 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

 بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان بەمنزیكانە سوپای توركیا ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی نوێی سەربازی لە هەرێمی كوردستان دژی پەكەكە دەكات، بۆ ئەوەش دەمێكە ئامادەكاری لە هەولێر و بەغداوە دەستپێكردووە.

سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن زنجیرە سەردانەكانی كاربەدەستانی دەوڵەتی توركیا لە ماوەی رابردوودا بۆ هەولێر و بەغدا بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی سیاسی و ئەمنی و سەربازی بووە لەو ئۆپەراسیۆنە.

لە دوو رۆژی رابردوو زانیاری جووڵەی سوپای عێراق بۆ چەند شوێنێك لە دەڤەری بادینان بڵاوبووەتەوە، سەرچاوەكانی نزیك لەپەكەكە دەڵێن ئەو جموجۆڵانە لەچوارچێوەی جوڵەی نوێی توركیایە دژی پەكەكە بە هاوكاری بەغدا و پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئەم جموجۆڵانە لە دوای زنجیرەیەك هێرشی گەریلاكانی پەكەكە دێت بۆ سەر سوپای توركیا لە دەڤەری بادینان كە زیانە زۆرە گیانییەكانی لەناوخۆی توركیا دەنگدانەوە و كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە.

لەلایەكی دیكەوە ئەنقەرە هەم لەلایەنی دیپلۆماسی و گفتوگۆ و هەم لەلایەنی هەڕەشە و گوشارەوە خوازیار بوو یەكێتی بخاتە ئەو بەرەیەوە كە بە نیازە لە دژی پەكەكە دروستیبكات.

لەوبارەیەوە رۆژنامەی ئەلعەرەبی لەندەنی لەراپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، هەوڵێكی توركیا بۆ لێكنزیكبوونەوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەنێوەندگیری پارتی دیموكراتی كوردستان بە بنبەست گەیشتووە و شكستی هێناوە.

بەپێی راپۆرتەكە، هۆكاری نەگەیشتنە رێككەوتنی یەكێتی و توركیا بۆ پێداگری ئەم حیزبە دەگەڕێتەوە لەسەر بەردەوامبوونی لەسیاسەتەكانی بەرامبەر كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستان، ئەوەش پێچەوانەی خواستەكانی ئەنقەرەیە.

 سەرچاوە عێراقییەكان بە رۆژنامەكەیان گوتووە، هەوڵێكی نێوبژیوانی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی نێوان ئەنقەرە و یەكێتی بەئامانجی خۆی نەگەیشتووە.

 دەشڵێن، هەوڵی توركیا بۆ ڕازیكردنی یەكێتی لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی بێوێنەدا بوو كە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازی و سیاسی توركیاوە دەستیپێكرد بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی سیاسی و  ئەمنی و سەربازی بۆ هێرشێكی بەرفراوان كە هێزەكانی توركیا خۆیان ئامادە دەكەن بەم نزیكانە ئەنجامی بدەن لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان لەناو خاكی عێراقدا.

 سەرچاوەكان ئاشكراشیان كردووە، هەوڵی توركیا تەنانەت شیعەكانی عێراقیشی گرتووەتەوە، بەجۆرێك داوای هاوكاری لە هێزەكانی حەشدی شەعبیی كردووە، لەكاكاتێكدا ئەو هێزانە سەر بەئێرانن، بەڵام ئەنقەرە ئومێدی پێیان هەیە بەوپیێەی لەشەڕی داعشدا ئەزموونیان پەیداكردووە.