وه‌زاره‌تى ناوخۆ زانیاریه‌ك ئاشكراده‌كات

عیراق

24/02/2024‌ 1015 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرایكرد، زیاتر لە36 ملیۆن هاوڵاتى عێراقى بونه‌ته‌ خاوه‌نى كارتى نیشتمانى‌و هه‌شت ملیۆنیش ماون كارتى نیشتمانییان بۆ چاپبكرێت.


ئەحمەد مەعموری بەڕێوەبەری گشتی كارتی نیشتمانی عێراق لەچاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند، "تا ئەمڕۆ زیاتر لە36 ملیۆن‌و 714 هەزار هاوڵاتی بونەتە خاوەنی كارتی نیشتمانی، ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ عێراق ببێته‌ خاوەنی داتایەكی دەوڵەمەندو فراوانی سەردەمییانە".

به‌وته‌ى بەڕێوەبەری گشتی كارتی نیشتمانی، "نزیكەی هەشت ملیۆن عێراقی ماون كارتی نیشتمانییان بۆ چاپ بكرێت، لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە ملیۆنێك‌و 657 هەزار كەس كارتەكەیان بۆ دەرهێنراوەو تەنها لە24 کاتژمێری ڕابردوشدا 42 هەزارو 704 کارتی نوێ لەتەواوی عێراقدا بۆ هاوڵاتییان چاپکراوە".

ئه‌وه‌شى وت:"پلانێكی تری بەڕێوەبەرایەتییەكەیان، گۆڕینی دیزاینی ئێستای كارتی نیشتمانیەو ئەوانەی تائێستا كارتەكەیان بۆ دەرنەكراوە، دەبنە خاوەنی چاپی ڕەنگاوڕەنگ‌و دیزاینی نوێی كارتی نیشتمانی".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە19ى ئەم مانگەدا ڕایگەیاند، كاركردن بەبەڵگەنامە كۆنەكانی باری شارستانی تا یه‌كى نیسانی ئەمساڵ درێژكراوەتەوه‌، بۆئەوەی دەرفەتێكی زیاتر بەو هاوڵاتییانە بدرێت كە تائێستا نەیانتوانیوە مامەڵەی كارتی نیشتمانی ئەنجامبدەن.