شارپرێس:
پێگەی "العالم الجدید" بابەتێکی لەبارەی هۆکارەکانی پشت تەشەنەسەندنی بزوتنەوەی سەلەفیزم لەسلێمانیو پاشەکشەی لیبڕاڵیزمو ئازادییەکان لەشاری سلێمانی لەمساڵانەی دواییدا بڵاوکردۆتەوەو باسی لەوەکردوە، سلێمانیی پێشتر بەسیمای مەدەنیی لیبڕاڵ ناسرابوو، تەنانەت ناوی شاری ئەوروپی ناوزەندکرابوو، بەڵام خەریکە ئەوشارە ئەو خەسڵەتانە لەدەستدەدات.
پێگەکە لەڕاپۆرتێکدا دەڵێت: "لەڕابردودا لەسلێمانی ئازادییە گشتییەکان بۆ خەڵکی سڤیلو خێزانەکان هەبوو، بەتایبەتی ژنان کە مافی پێشکەوتویان بەدەستهێنابوو یاسایەکی دادپەروەرانەیان بەدەستهێنابوو بەبەراورد لەگەڵ باقی پارێزگاکانی تری کوردستانو عێراق، ئەوە جگە لەبونی چالاکییە کولتوریو فیکرییەکانی شارەکە، بەڵام لەمساڵانەی دواییدا شارەکە تەشەنەکردنی بەرچاوی بزوتنەوەی سەلەفیی توندڕەوی بەخۆوە بینی، ئەمەش پرسیاری لەسەر هۆکارەکانی بڵاوبونەوەی ئەم ئایدۆلۆژیایە لەشارێکی خاوەن سیمایەکی مەدەنیی لیبڕاڵ دروستکردوە.
لەوبارەیەوە محهمهد فاتح لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەکە ڕایگەیاندوە کە “دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان لەساڵی 1991دا خۆبەڕێوەبەریی بەدەستهێنا، بزوتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەو لەسلێمانی دەستی بەسەرهەڵدان کرد کە بەلای خەڵکی ناوچەکە نامۆ بوو، چونکە خەڵکەکە بەمیانڕەویو پێکەوەژیانو قبوڵکردنی ئەوانی دیکە ناسراوبون.
فاتیح دەشڵێت، "تەشەنەسەندنی توندڕەویی لەناوچەکەدا لەسەرهەڵدانی ئەم ڕەوتەوە دەستیپێکرد، هۆکارەکەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فەزایەکیان بۆ خۆیان لەکوردستاندا دۆزیەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕقو کینەو لەئەرکەکەیشاندا سەرکەوتوبون، بەوپێیەی توانیان ڕقو کینە لەناو زۆرینەی خەڵکی ناوچەکە بچێنن".
باسى لهوهشكردوه، بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە لەئەستۆی دەسەڵاتداراندایە، بەوپێیەی دەرگاکانیان کردۆتەوەو ڕێگەیان پێداون گوتارەکەیان بڵاوبکەنەوەو لەڕۆحی خەڵکدا بیچێنن لەپێناو بەرژەوەندیی تەسکی سیاسییو حزبییاندا، بەبێئەوەی گوێ بەو کارەساتە ئایینیو ئایدیۆلۆژییە بدەن کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا دێت.
ئەوەش هاتوە، "لەسەر ئاستی ئایینی، سلێمانی سەرچاوەی بزوتنەوەی ئاشتیخوازانەی سۆفیگەرییەو لەوێوە ڕێبازی کەسنەزانی بڵاوبۆتەوە کە گەورەترین تەکیەو دەروێشەکانی ڕێبازە سۆفییە جۆراوجۆرەکانی لەخۆگرتبوو، لەم پارێزگایەشەوە بەناوبانگترین شێخەکانی سۆفیگەری سەریانهەڵدا، وەک شێخ عەبدولکەریمی بیارەو شێخ عەبدولکەریم المودەریسو ئەوانی تر".
لهبهشێكى دیكهى ڕاپۆرتهكهدا ئاماژه بهوهشكراوه، "لەگەڵ ئەوەشدا ڕێبەرانی بزوتنەوەی سەلەفیی ئەو شتانە ڕەتدەکەنەوە کە لەسەریان دەگوترێو جەخت لەوەدەکەنەوە کە ئەوان ڕۆڵی ئایینیو ئایدیۆلۆژیی خۆیان ئەنجامدەدەن، بەبێئەوەی ئازادییەکانی ئەوانی دیکە پێشێلبکەنو لەوتارەکانیاندا لەتوندڕەویی دوردەکەونەوە".
لەوبارەیەوە لوقمان ئەحمەد وتارخوێن لەیەکێک لەمزگەوتەکانی شاری سلێمانی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ العالم الجدید ئاماژەی بەوەکردوە، بڵاوبونەوەی بزوتنەوەی سەلەفی هیچ پەیوەندییەکی بەسیاسەتو پشتیوانی دەرەکییەوە نییەو هەندێکیش بەهۆکاری خۆیان هەوڵی شێواندنی وێنەکانیان دەدەن.
ئەحمەد ڕونیدەکاتەوە، مزگەوتی سەلەفیەکان کاری ئایینیو بانگەوازی پراکتیزە دەکەنو هیچ پەیوەندییەکیان بەسیاسەتەوە نییە لەهەندێک لایەن دەیانەوێت خیتابی سەلەفیو خیتابی داعشو ڕێکخراوە توندڕەوەکانی تر تێکەڵ بەیەکتر بکەن، کە ئامانج لێی شێواندنی وێنەی ئایینی ئیسلامە بەگشتیی.
هەروەک دەڵێت:"بانگخوازانی بزوتنەوەی سەلەفیی لەسلێمانی یەکەم کەس بون کە لەهاوینی 2014 دژ بەکردەوەکانی ڕێکخراوی داعشو هەوڵەکانیان بۆ هێرشکردنەسەر هەرێمی کوردستان وەستانەوە، هەروەک بزوتنەوەی سەلەفیی لەناوچەکەش ئیدانەی کردەوە توندڕەوەکانی ڕێکخراوەکەیان لەدژی پێکهاتە ئاینیەکانی دیکە کرد".
لەڕاپۆرتی پێگەکەدا باس لەوەکراوە، بەزەحمەت ناوچەیەک یان شەقامێک لەسلێمانیدا دەبینی کە مزگەوتی بزوتنەوەی سەلەفیی تێدا نەبێت، هەروەک ئەنجامدانی خولی فێربونی قورئانو خولی زانستی ئایینییش لەخۆدەگرێت، ئەمەش ترسی دروستبونی نەوەیەکی نوێی گەنجانی لێدەکرێت کە لەژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی بزوتنەوە سەلەفییەکاندابن.
لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا لێدوانی حاکم شێخ لەتیف وەرگیراوە کە ئاماژە بەوەکردوە کە پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەکە کە خۆیان لەپارتی دیموکراتی کوردستانو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەبیننەوە، لەپێناوی بەرژوەندییەکانی خۆیان دەستیانکردوە بەنزیکبونەوە لەسەلەفییەکان.
ئهوهشى بڵاوكردۆتهوه، "لایەنەکانی دەسەڵات دەیانەوێت پشتیوانی شەقامی کوردی بەدەستبهێنن بەهەوڵدان بۆ ئەوەی وانیشانی بدەن کە پشتیوانی لەبزوتنەوە ئاینیەکان دەکەن، بەوپێیەی بەهۆی شکستهێنانیان لەئیدارەدانی هەرێمەکەو ئەو قەیرانانەی بەرۆکی خەڵکەکەی گرتۆتەوە، ئاستی جەماوەرییان دابەزیوە".
جهختى لهوهشكردۆتهوه، "پەیوەندی باشی پارتی دیموکراتی کوردستانو سەرکردە کوردییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو بەتایبەتیی لەگەڵ سعودیەو میرنشینە عەرەبییەکان، یەکێکە لەگرنگترین هۆکارە سەرەکییەکانی پشت تەشەنەکردنی بزوتنەوەی سەلەفیی لەناوچەکەدا".
بەوتەی شێخ لەتیف، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزانێت کە ئەم بزوتنەوەیە بێزاریی بۆ دەسەڵاتی حوکمڕانی هەرێم دروستناکات، بۆیە ئازادییو ڕەزامەندی تەواویان پێدەبەخشێت بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەو خولو کردنەوەی مزگەوتو قوتابخانەو پەیمانگای ئایینی.
لەبەرامبەریشدا بێستون مستەفا جاف لێکۆڵەر لەکاروباری گروپە ئیسلامییەکان پێیوایە، “یەکێک لەهۆکارەکانی بڵاوبونەوەی سەلەفییەت لەسلێمانیی، شکستی حزبەکانی دەسەڵاتە بۆ بەڕێوەبردنیانو ئەوپەڕی بێزاریی هاوڵاتیانە لەو پارتە دەسەڵاتدارانە".
جاف دەشڵێت:"حزبە ئیسلامییە سەلەفییەکان خاوەنی دەیان نەخۆشخانەو ناوەندی پزیشکییو پڕۆژەی خێرخوازییان هەیە، هەروەک پزیشکەکانیان نەشتەرگەریی بەنرخێکی ڕەمزیی ئەنجامدەدەنو کرێی نەخۆشخانەکانیش بەهەمانشێوە ڕەمزییە، بەپێچەوانەی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە کە هیچ خزمەتگوزارییەکی بەرچاویان پێشکەش بەهاوڵاتیانی کورد نەکردوە، بەمجۆرە ئەم بابەتە ئاستی جەماوەریی بزوتنەوەی ئایینی سەلەفیی لەناوچەکەدا زیادکردوە".